مەسرور بارزانی باس لە کوردستانی مۆدێرن دەکات بەڵام شەقڵاوە ناگرێتەوە؟

بینەر: (14.4K)

ئیبراهیم ئازاد

کاتێک سەرۆکی حکومەت، مەسرور بارزانی، لەسەر شاشەکانەوە باس لە ڕوانگەی خۆی بۆ “کوردستانێکی مۆدێرن” دەکات و بەڵێنی ڕاکێشانی ٢٠ ملیۆن گەشتیار تا ساڵی ٢٠٣٥ دەدات ، مرۆڤ وێنای وڵاتێک دەکات کە خاوەنی ژێرخانێکی پتەو و خزمەتگوزاریی سەردەمیانەیە. بەڵام بۆ تاقیکردنەوەی ئەم بەڵێنانە، پێویست ناکات سەیری پڕۆژە زەبەلاحەکانی ناو هەولێر بکەین؛ تەنیا با سەردانێکی شەقڵاوە بکەین. شەقڵاوە کە بەردەوام وەک پایتەختی گەشتیاریی هەرێم نمایش دەکرێت و دەبوایە ڕووخساری گەشتیاریی وڵات بێت، لە واقیعدا گەورەترین بەڵگەیە لەسەر شکستی ئەو ڕوانگە “مۆدێرنە”ی کە حکومەت بانگەشەی بۆ دەکات. پرسیارەکە ئەوە نییە کە شەقڵاوە وەک هەولێری لێ بێت، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کە شارێک کە ساڵانە میوانداریی سەدان هەزار گەشتیار دەکات، بۆچی هێشتا دەبێت بەدەست نەبوونی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا، سیستەمی ئاوەڕۆ، و قەرەباڵغیی بێمانای شەقامەکانەوە بناڵێنێت؟

گەشتیارێک کە سەردانی شەقڵاوە دەکات، لەبری بینینی خزمەتگوزاریی سەردەمیانە، ڕووبەڕووی شەقامە پڕ لە چاڵ و زبڵ و خاشاک دەبێتەوە. خاوەن چێشتخانە و هۆتێلەکانی شەقڵاوە کە نزیکەی ١٠ هەزار گەشتیار لە شەوێکدا لەخۆدەگرن، بەردەوام سکاڵا لە گرانیی کارەبای مۆلیدە (کارەبای بازرگانی) و نەبوونی پاڵپشتیی حکومەت دەکەن. سەرەڕای ئەوەی حکومەت باس لە “پلانە ستراتیژییەکان” بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری و دروستکردنی پارکی وەک “سۆرک پارک” دەکات ، بەڵام ژێرخانی ئەسڵیی شارۆچکەکە هێشتا وەک سەدەی ڕابردوو ماوەتەوە. ئایا گەشتیارێکی بیانی یان عەرەب، تەنیا بە چوونە ناو پارکێکی نوێ ڕازی دەبێت لە کاتێکدا دەبێت بەناو قەرەباڵغییەکی تاقەتپڕووکێن و شەقامێکی بێ پارکینگدا تێپەڕێت؟ ڕاستییەکە ئەوەیە کە حکومەت زۆر سەرقاڵی کردنەوەی پێشانگای گەشتیاری و دروستکردنی ماڵپەڕی ڤیدیۆییە (بەڵام بیری چووە کە گەشتیاریی ڕاستەقینە پێویستی بە ئاوی پاک، ڕێگای بێوەی، و کارەبای بەردەوام هەیە.

پێدەچێت ڕوانگەی حکومەت بۆ کوردستانی مۆدێرن لە بازگەکانی هەولێردا وەستابێت و هێشتا نەگەیشتبێتە شەقڵاوە. گەشەپێدانی گەشتیاری بە دروشم و ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی ناکرێت، بەڵکو بە ژێرخانێکی ڕاستەقینە دەکرێت کە کەرامەتی هاوڵاتی و گەشتیارەکەش بپارێزێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *