کارەبا بڕیاربوو چیرۆکی سەرکەوتنی مەسرور بارزانی بێت!

بینەر: (4.1K)

مةروان عبدالباقي أحمد

لەنێو تەواوی ئەو بەڵێنە جۆراوجۆرانەی کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بە خەڵکی دا، دابینکردنی کارەبای بەردەوامی ٢٤ کاتژمێری وەک یەکێک لە بەرجەستەترین، دیارترین و بەرکەوتووترین دەستکەوتەکانی حوکمڕانی پێشکەش کراو و بەبازاڕکرا. بە پێچەوانەی چاکسازییە ئاڵۆزەکانی تر لە بواری کارگێڕی یان دارایی کە لێکەوتەکانیان بە ناڕوونی لە کۆمەڵگادا دەمێننەوە، کارەبا خزمەتگوزارییەکی بەرجەستەیە؛ یان هەیە یان نییە، ماڵەکان ڕووناک دەکاتەوە یان بەرەو تاریکییان دەبات. دەسەڵاتی سیاسی ئەم کەرتەی هەڵبژارد تا بێمتمانەیی ساڵانێکی درێژ بسڕێتەوە و توانای خۆی لە جێبەجێکردنی بەڵێنە گەورەکاندا بسەلمێنێت.

لۆژیکی ڕاگەیاندنی سیاسی زۆر ڕوونە: کاتێک بەڵێنێکی بەرچاو و بەرجەستە دەدەیت، چاوەڕوانییەکی زۆر گەورە و بەرچاویش لە ناو کۆمەڵگادا دروست دەکەیت. کاتێک سەرۆکی حکومەت پڕۆژەیەک دەکاتە هێمای سەرکەوتنی کەسی و کابینەکەی، ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتی تەواوی شکست یان کەموکۆڕییەکانی ئەو پڕۆژەیەش لەسەر شانی خۆی کەڵەکە دەکات. هاوڵاتیان لەسەر بنەمای ئەو بڕوا هۆشیارانەیەی کە بەڵێنەکان پێیان دەبەخشن، شێوازی ژیان و هیواکانیان ڕێکدەخەن؛ بەڵام کاتێک ئەو سیستمە بانگەشەکراوە تووشی هەڵوەرین یان کوژانەوەی لەناکاو دەبێتەوە، شکستەکە تەنیا وەک کێشەیەکی تەکنیکی لە وێستگەیەکدا سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک شکستی گوتارێک لە سەلماندنی دروستیی خۆیدا دەبینرێت.

ئەم پاشەکشەیە زیانێکی گەورە لە سەرمایەی سیاسیی ڕابەرایەتییەکە دەدات؛ چونکە خەڵک چیتر ناتوانن جیاوازی بڕەخسێنن لە نێوان بیانووە کارگێڕییەکان و ئیرادەی سیاسی بۆ چاکسازی. کاتێک بەڵێنێک هێندە بەرز دەکرێتەوە کە ببێتە دەستکەوتی سەرەکیی دەسەڵات، هەر درزێک تێیدا ڕاستەوخۆ دەبێتە درز لە متمانەی گشتیدا. کۆتایی ئەم تاقیکردنەوە سیاسییە حەقیقەتێکی نەگۆڕمان بیردەخاتەوە: هەرچەندە بەڵێنەکان گەورەتر و بریقەدارتر بن، بێهیوایی و شەرمەزاریی جەماوەریش هێندە گەورەتر دەبێت کاتێک واقیع لە ئاستی بەڵێنەکاندا کورتهێنان دەهێنێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *