یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان نەك تەنیا وەك دروستكردنی هێزێكی كاریگەر بۆ كوردستان رۆڵ دەبینێ، بەڵكو یاساناسان پێیان وایە كە ئەو یەكخستەی ڕوویداوە دەرگای جێبەجێكردنی دەستوور و دابین كردنی بودجە بۆ ئەو هێزە لەلایەن بەغداوە دەكاتەوە.
پێشمەرگە لە دەستووردا
بە گوێرەی دەستووری ساڵی 2005ی عێراق، پێشمەرگە هێزێكی دەستوورییە و ئەوەیش بە دیاریكراوی لە مادەی 121ی دەستوورەكەدا ئاماژەی بۆ كراوە، تەنانەت لە بڕگەی پێنجەمی هەمان مادەدا، عێراق ناچار دەكات پێویستی لۆجستی بۆ پێشمەرگە وەك پاسەوانی هەرێمی كوردستان دابین بكات.
لەگەڵ بەردەوامبوونی گفتوگۆكان لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە، مووچە و مافی داراییی هەرێمی كوردستان، بابەتی هێزەكانی پێشمەرگە جارێكی تر وەك یەكێك لە گرنگترین خاڵەكان دێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
شوان ناجی یاساناس لەوبارەیەوە بۆ “وشە” گوتی، دەستووری عێراق لە مادەی 121 دا دەسەڵات و مافەكانی هەرێمی دیاری كردووە. لە بڕگەی سێیەمی ئەم مادەیەدا، مافی هەرێم بە بەشی دادپەروەرانەی خۆی لە داهاتی فیدراڵ بە ڕوونی باس كراوە.
روونیشی كردەوە كە لە بڕگەی پێنجەمیشدا، دەستوور بەرپرسیارێتی حكوومەتی هەرێم لە دامەزراندن و ڕێكخستنی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم، لەوانە پاسەوانی هەرێم، دەناسێنێت، ئێستە كە هێزێكی یەكگرتووی پێشمەرگە هەیە وەك ئەوەی پێشتر وەزارەتی پێشمەرگە رای گەیاند كە واتە كلیلی كردنەوەی كێشەكان بۆ جێبەجێكردنی دەستوور ئاسانترە.
بیانوو نەما
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە وەك ئەوەی لە دەستوور هاتووە، ئەگەر هەرێم بەرپرسیار بێت لە ئاسایش و ڕێكخستنی هێزەكانی پاسەوانی خۆی، بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەركە پێویستی بە سەرچاوەی دارایی هەیە و پێویستە عێراق دابینی بكات.
پێی وایە كە ئەگەر هێزەكانی پێشمەرگە بە شێوەیەكی تەواو لە ژێر دامەزراوەیەكی یەكگرتوو و فەرماندەییەكی یەكساندا كۆبكرێنەوە، ئەوا چوارچێوەیەكی ڕوونتر بۆ بەڕێوەبردنی هێزەكە دروست دەبێت و لەو دۆخەدا ژمارەی هێزەكان، یەكە سەربازییەكان، پلە و پۆستەكان، مووچەكان و پێداویستییەكانیان دەتوانرێت بە شێوەی فەرمی تۆمار و ژمێریاری بكرێت، ئەمەش بۆ گفتوگۆی بودجە لەگەڵ بەغدا خاڵێكی گرنگە.
وەڵامی پرسیارەكان دەدرێتەوە
لەلایەكی ترەوە سیامەند عەولا سوور شارەزایی سەربازی جیا لەوەی دڵخۆشە بەیەكخستەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەڵێ، لە سیستەمێكی یەكگرتوودا دەتوانرێت بە شێوەی فەرمی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدرێتەوە كە ئایا ژمارەی پێشمەرگەكان چەندە و چەند كەس مووچە وەردەگرن و چەند یەكەی سەربازی هەیە؟، چونكە دواجار پێشمەرگە لەژێر یەك چەتردایە.
روونیشی كردەوە كە لە رابردوودا نەك تەنیا بیانووی بەغدا، بەڵكو وڵاتانیش زۆر پرسیاری ئەوەیان دەكرد ژمارەی فەرمی هێزەكان، تۆماری مووچە، پلەكان و سیستەمی چاودێری دارایی چۆنە، لەو چوارچێوەیەدا، یەكخستنی پێشمەرگە دەتوانێت ببێتە یەكێك لە گرنگترین هەنگاوەكان بۆ دروستكردنی ئەو سیستەمە كە لە رابردوویشدا مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان هەوڵی بۆ داوە.
رای شارەزایان وایە كە ئەگەر هێزی پێشمەرگە لە ڕووی فەرماندەیی، ژمارە، مووچە، بودجە و حسابدانەوە یەكگرتوو بێت، ئەوا گفتوگۆی هەولێر و بەغدا لەسەر داراییی ئەم هێزانە دەتوانێت لە كێشەیەكی سیاسیی بەردەوام بگۆڕێت بۆ پرۆسەیەكی دامەزراوەیی كە بە یاسا، داتا و بودجەی دیاریكراو بەڕێوە دەچێت.
بیرهێنانەوە
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان وەك موژدەیەك رای گەیاند كە پڕۆسەی یەكخستنەوە و ڕێكخستنەوەی تەواوەتیی هێزەكانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بە سەركەوتوویی كۆتایی هات.
وەزارەتەكە گوتی، دوای چەندان ساڵ تێكۆشان، هەوڵدانی بەردەوام و وەك یەك تیمی پێكەوەیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی حەفتا و هەشتا كە هاوكار و ڕێگەخۆشكەربوون، توانییان سەرجەم بەربەست و گرفتە كەڵەكەبووەكان تێپەڕێنین.
دووپات لەوە كرابوویەوە كە ئەم دەستكەوتە گەورەیە ئەنجامی پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت بووە، لەگەڵ ڕۆڵی گرنگ و باڵای هاوپەیمانان بە سەركردایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن دا.
















Leave a Reply