حەشدی شەعبی و هێزەكانی بەرەو قۆناغێكی تری دووبارە داڕشتنەوە دەڕۆن و تێیدا بارەگا وەهمییەكان دادەخرێن، چەك لە دەستی دەوڵەت كۆ دەكرێتەوە و گۆڕانكاریی گەورەیش لە سەركردە و فەرماندەكانی ڕیزی یەكەمی حەشدی شەعبی دەكرێ، لەوانەیش فالح فەیازی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و ئەبو فەدەك دوور دەخرێنەوە و كەسانی ناو سوپای عێراق لە شوێنیان دادەنرێن.
لەگەڵ قسەكردنی بەردەوام لەسەر پرۆسەی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت، زانیارییەكان باس لە گۆڕانكاریی گەورە و دووبارە داڕشتنەوەی حەشدی شەعبی دەكەن، ئەو گۆڕانكارییانە تەواوی وردەكارییەكان دەگرێتەوە، لە داخستن و كۆكردنەوەی بارەگاكان و جلی فەرمی چەكدارانی حەشد تا میكانزیمی بەستنەوەیان بە هێزەكانی حكوومەت.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ڕۆژنامەی “عالەم ئەلجەدید”ی ڕاگەیاند، گۆڕانكارییە پێشنیازكراوەكان تەنیا لە گۆڕینی فەرماندە مەیدانییەكانی حەشد سنووردار نابن، بەڵكو فەرماندەیی باڵای ناو دەستەكەیش دەگۆڕێن.
زیاتر گوتی، ئاراستەكان بەو شێوەیەن كە فالح فەیازی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە پۆستەكەی دوور دەخرێتەوە، عەلی زەیدی بەرپرسی فەرمانگەی تەناهی ناو دەستەی حەشدی شەعبی شوێنی ئەو دەگرێتەوە، هەروەها سوپاسالاری حەشدی شەعبی ئەبو فەدەك لا دەبرێ و فەریقی روكنی یەكەم محەمەد خەنجەر لە شوێنی ئەو دادەنرێت.
ئەو زانیارییانە لە كاتێكدایە كە چارەنووسی چەكی دەستی میلیشیاكان تا ئێستە یەكلا نەكراوەتەوە، بەشێك لە میلیشیاكان تا ئێستەیش ڕەتی دەكەنەوە چەكەكانیان ڕادەست بكەن. عەبدولحوسێن مووسەوی سەرۆكی هاوپەیمانی نەهجی وەتەنی و سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، پێشتر لە لێدوانی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، قۆناغی ئێستە پێویستی بەوەیە ڕاستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ میلیشیاكان بكرێ، بێ ئەوەی پێویست بە كەسی سێیەم و ناوەندگیر بكات.
ئاماژەی داوە، ناكرێ بە چاوی ڕابردوو لە داهاتوو بڕوانین ئەمە هەیە، چونكە تا ئێستە متمانە بەو دۆخە نییە كە وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێت، جیا لەوەیش ئەو گۆڕانكارییە خێرایانەی كە ناوچەكە بەخۆوەی دەبینێت، كاریگەرییان زۆرە، هاوكات هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان بە كردەیی لە عێراق كشاونەتەوە و ئێستە 30 تا 60 كەسیان لە سەرانسەری عێراق ماوە.
عەبدولحوسێن مووسەوی هۆشداری دا، ئێستە ئێران بە هەموو توانای خۆیەوە دەجەنگێ تا گەمارۆ و سزاكانی لەسەر هەڵبگیرێت، ئەگەر عێراق وریای خۆی نەبێت، بەهەمانشێوە گەمارۆ و سزای دەخرێتە سەر.
دۆسیەی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەكانی حكوومەت بۆ ناو دەستەی حەشدی شەعبیش شۆڕ بووەتەوە، دوای ئەوەی دوێنێ دووشەم وەزارەتی ناوخۆی عێراق، داخستنی 71 بارەگای وەهمی حەشدی شەعبی لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق ڕاگەیاند. لە بەرانبەردا دەستەی حەشدی شەعبی ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ئاماژەی داوە، ئەو بارەگایانەی داخراون هیچ پێوەندییان بە حەشدی شەعبییەوە نییە.
ئاماژەی بەوەیش دا، ڕێوشوێنی داخستنی ئەو بارەگایانە و چاودێریكردنیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتی و ڕێكخستنی دەستەی حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی كارەكانیان لە لیژنەی هەمیشەیی كۆكردنەوەی چەك بووە، دووپاتی كردەوە كە بەردەوام دەبن لە داخستنی حاڵەتی لەم جۆرە دژی هەر كەسێك كە ناوی حەشدی شەعبی بەكار دەهێنێت، بە یاسا ڕووبەڕووی دەبنەوە.
ڕەتكردنەوەی خاوەنداری ئەو بارەگایانە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، پرسیاری زۆری لەبارەی سروشتی ئەو كەس و لایەنانەی لەو بارەگایانەن و بەڕێوەیان دەبەن دروست كردووە، لە كاتێكدا لیژنەی هەمیشەیی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت لە پەراوێزی هەوڵ و ڕێوشوێنە تایبەتەكانی بەم كارە هەستاوە.
لەلایەكی ترەوە زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، زەیدی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناكۆكییان لەسەر وادەی دیاریكراو بۆ كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت هەیە كە 30ی ئەیلوول/سێپتێمبەری ئەمساڵە، سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ دیاریكردنی وادە نین و دەیانەوێ بە ئارامی و بێ كێشە و بەرپەرچدانەوەیەك پرۆسەكە بەردەوامی پێ بدرێت.
لیوا جەواد دەهلەكی پسپۆری تەناهی بۆ ڕۆژنامەكە گوتی، بابەتی ئەمجارە جیایە لەگەڵ ماوەی حوكمی 2004، ئەوكات پۆل برێمەر حاكمی مەدەنی عێراق فەرمانێكی دەركرد تا میلیشیاكانی شیعە لە ڕیزی دامەزراوەكانی تەناهی وڵات دابنرێن، ئەوكات ئەو فەرمانە لەگەڵ هۆكار و كارلێكە ناوخۆیی و دەرەكییەكان هاوتەریب بوو، ئێستە بۆ گرتنەبەری هەنگاوێكی هاوشێوە بەغدا پێویستی بە ڕەخساندنی زەوینەی ناوخۆیی و دەرەكی هەیە.
زیاتر گوتی، بۆ گرتنەبەری هەنگاوێكی لەمشێوەیە پێویستە ژمارەیەكی زۆر لە ئەفسەرانی سوپا بۆ ڕیزی حەشد بگوێزرێنەوە، بەو ئامانجەی سەركردایەتیكردن و كۆنترۆڵكردنیان ڕێك بخرێت و حەشدی شەعبی لە كاروباری دەرەوەی ئەو چوارچێوەیەی خۆی تێوە نەگلێنرێت.
عائد هیلالی ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوتی، قسەكردن لەسەر گۆڕانكاری لە ڕیزی سەركردایەتیی حەشد تەنیا گۆڕینی ناوەكان نییە، بەڵكو دووبارە داڕشتنەوەی حەشدی شەعبییە، بگرە دەسەڵاتەكانیان و میكانیزمی بڕیاریش دەگۆڕێت.
















Leave a Reply