چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەیتوانی كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاری بكات

بینەر: (1.5K)

ئەمشەو لایەنە سیاسییەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی لە بەغدا دانیشتنێكی ئاساییان ساز كرد و گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی عێراق كرد، دووپاتیان لە پێویستیی پایەندبوون بە وادە دەستوورییەكان لە دیاریكردنی سەرۆك وەزیران كردەوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی فەرمانگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، سەركردەكانی چوارچێوەكە 257مین كۆبوونەوەیان لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی لە بەغدا ساز كرد و چەند بابەتێكیان تاوتوێ كرد، بەشدارانی كۆبوونەوەكە دووپاتیان لە پێویستیی یەكلاكردنەوەی بەركەوتە نیشتمانییەكان بە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران كردەوە.

چوارچێوەی هاوئاهەنگی پیرۆزبایی لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد، هەروەها دووپاتی لە یەكلاكردنەوە و پێكهێنانی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان بۆ جێبەجێكردنی كاری پەرلەمان كردەوە.

دوێنێ سەرچاوەیەكی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژەی كرد كە ئاراستەیەك هەیە بۆ رێككەوتن بەوەی تەنیا ئەو هێزانەی خاوەن سەنگی گەورەی سیاسی و پەرلەمانین بەشداری لە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بكەن، هاوكات محەمەد خالیدی ئەندامی هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییەی سوودانی ئاماژە دەكات كە لە حاڵەتی نەگەیشتن بە رێككەوتن لەسەر یەك كاندید، دوو بژارە بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆكی حكوومەت هەن.

ئاماژەی كرد،لە حاڵەتی نەگەیشتن بە رێككەوتن لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، یەكەم بژارە بریتییە لە دەنگدان لەناو چوارچێوە بۆ دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستەكە، دووەم بژارە لە حاڵەتی رێك نەكەوتن، چوونە ناو پەرلەمان و یەكلاكردنەوەی لەوێ، لە رێگەی كۆكردنەوەی واژوو بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن و خستنەرووی كاندیدەكان و بە دەنگدانی ئەندامان یەكلا دەكرێتەوە و ناوی كاندیدی براوە دەدرێتە سەرۆك كۆمار بۆ راسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *