لە ئەنجامی بە بنبەستگەیشتنی دانوستانەكان و دەركردنی شاندی ئێران لە نیویۆرك، لە كاتێكدا لە پەراوێزی كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بە ناوەندگیریی قەتەر و پاكستان گفتوگۆكان دەستیان پێ كردەوە، ئێستە ئەمەریكا كەشتییەكی تری فڕۆكەهەڵگر دەنێرێتە ناوچەكە و ئێرانیش هەڕەشەی وەڵامدانەوەی زۆر توندتر لە وەڵامەكانی پێشووی دەكات، ئەگەر ئەمەریكا دووبارە بۆردمانی بكاتەوە.
پێنجشەمی ڕابردوو بەرپرسێكی ئەمەریكی بە ئاژانسی ئەسیۆشەیتد پرێسی ڕاگەیاند، وەزارەتی جەنگی ئەمەریكا، فەرمانی بە كەشتییەكی تری فڕۆكەهەڵگر و كۆمەڵێك كەشتیی تری جەنگی كردووە، بە ئاراستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەونەڕێ.
ئێستە هەردوو كەشتیی فڕۆكەهەڵگری جۆرج دەبلیو بۆش و جۆرج واشنتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سێیەم كەشتیی فڕۆكەهەڵگریش بە ناوی “سیۆدۆر ڕۆزفلت” لە ڕێگەدایە تا بگاتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە تەك ئەوە یەكەكانی بەرگریی ئاسمانی و هێزی تر بۆ جێبەجێكردنی ئەركی شەڕی فراوان لە ناوچەكە بڵاوەیان پێ دەكرێت.
لە تەك ئەو 50 هەزار سەربازەی ئەمەریكا كە لە ناوچەكەدان، نۆ هەزار سەربازی تر، جیا لە كەشتی و فڕۆكەی جەنگی تا كۆتایی ئەو مانگە تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبن.
لەلایەكی ترەوە پێگەی ئەكسیۆس لە زاری سەرچاوەكانەوە گواستوویەتییەوە، واشنتن پاتری و مووشەكی پاتریۆتی زیاتر ڕەوانەی سعوودیە و قەتەر دەكات، بۆ پاراستنی دامەزراوەكانی نەوت و غاز، وەك ئامادەكارییەك بۆ پێكدادانی فراوان.
سپنسەر فاراگاسۆ توێژەر لە پەیمانگەی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەڵێ، بڵاوەپێكردنی چەك و سەرباز و كەشتی و فڕۆكەی جەنگی بە ئامانجی گوشار خستنەسەر ئێرانە، تا بۆ ناو دانوستانەكان بگەڕێتەوە، هەروەها بژارەی سەربازیی فراوان دەخاتە بەردەستی واشنتن، ئەگەر دانوستانەكان بە تەواوی هەرەس بهێنن. هاتنی سێیەم كەشتی فڕۆكەهەڵگر توانای زیاتر بۆ بە ئامانجگرتنی سەكۆكانی هەڵدانی مووشەك و جبەخانەكان و سەركردایەتی هێزەكانی ئێران بە سوپای ئەمەریكا دەدات، جیا لەوەی كەشتییە فڕۆكەهەڵگرەكان تایبەتمەندییەكی جیاوازیان هەیە، ئەویش جووڵەكردنە، بەڵام بنكە و بارەگا سەربازییەكانی ئێران ناتوانن جووڵە بكەن و لەسەر زەوی دروست كراون.
ئەو توێژەرە بۆ كەناڵی “حوڕە” گوتی، هاتنی بەرگریی ئاسمانی زیاتر بۆ پاراستنی دامەزراوەكانی وزەیە لە هێرشەكانی ئێران، بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر ڕۆیشتنی نەوت بۆ دەرەوە دروست نەكات و نرخی نەوت لە بازاڕی نێودەوڵەتی وزە زیاتر بەرز نەكاتەوە.
لە بەرانبەر ئەو ئامادەكارییانەی واشنتن، تاران هەڕەشەی فراوانكردنی زیاتری جەنگەكە دەكات، ئەگەر ئەمەریكا بۆردمانی بكاتەوە، سەركردە سەربازییەكانی ئێران پلانی مەیدانی ئەوەیان داناوە كە لیستی ئامانجەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە و ئەو وڵاتانەی پشتیوانی ئەمەریكا دەكەن، جەنگەكە زۆر فراوانتر بكەن و وڵاتانێك بكەنە ئامانج كە لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.
هاوكات سوپای پاسداران كە لە لیستی تیرۆری ئەمەریكادایە، هەینی ڕابردوو ئامادەیی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشە و هێرشێكی دوژمن ڕاگەیاند و دووپاتی كردەوە، وەڵاممان توند و ئازاربەخش دەبێ و دوژمن ناچار دەكات لە هێرشكردن پەشیمان ببێتەوە.
هاوتەریب لەگەڵ جووڵەی سەربازی و هەڕەشەكردن لە یەكتر، پێوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوان واشنتن و تاران سەرەڕای ناكۆكی زۆر لەسەر مەرجەكان و هەنگاوەكان بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن، بەردەوامی هەیە.
پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا گوتی، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران لە داهاتوویەكی نزیك بە جۆرێك لە جۆرەكان كۆتایی دێت.
ناكۆكییەكانی هەردوولا لەسەر ڕێكخستنی هەنگاوەكان و ئەركەكانی هەردوولا لە ڕووی جێبەجێكردنەوەیە، بە دیاریكراویش كێشەی سەرەكی ئەوەیە هەنگاوەكان بەیەكەوە لەلایەن هەردوولا دەهاوێژرێن، یان یەكێكیان سەرەتا و دواتر وڵاتی دووەم دێت.
گریگ بریدی توێژەری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوەندی بەرژەوەندی نیشتمانی بۆ حوڕە گوتی، بەربەستی سەرەكی ئەوەیە، هەر یەكێك لەو دوو وڵاتە دەیەوێ ئەوەی تر یەكەمجار هەنگاو بنێت، واشنتن دەیەوێ گەرووی هورمز بكرێتەوە، بەر لە كەمكردنەوەی گوشارەكان و هەڵگرتنی سزاكان، بەڵام تاران ئامادە نییە ئەمە قبووڵ بكات، هەڵگرتنی سزا و گەمارۆكانی كردووەتە مەرج بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز.
















Leave a Reply