هەڵمەتی داماڵینی چەك چی بەسەر هات؟

بینەر: (4)

بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگە تەواوی هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق بكشێنەوە، كە كەس نازانێت دوای ئەوە چی دەبێت، هاوكات بڕیار بوو هەر لەو وادەیە چەكی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق بێتە داماڵین، كە خەریكە بەو ئاراستەیە دەڕوات كە ئێران بۆ شیعەی دیاری كردووە، راپۆرتێك باسی دانوستانی چەند هەفتەیی سەركردەكانی شیعە لەگەڵ میلیشیاكان لەبارەی دانانی چەكیان دەكات.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی “شەرقولئەوسەت”، لە هێرشی پێنجشەمی رابردووی میلیشیاكان بۆ سەر سعوودیە دەركەوت كە سیاسەتوانانی شیعە هەوڵی رۆلبینین لە گۆڕەپانێك دەدەن كە لەژێر كۆنترۆڵی ئەواندا نییە، میلیشیاكانیش توانیان بە پاڵپشتیی ئێران پلانی داماڵینی چەك لە ناوەڕۆكەكەی بەتاڵ بكەنەوە، دوای ئەوەی ئامرازەكانی گوشار و جێبەجێكردنی هەڵمەتەكەیان لە دەستی عەلی زەیدی دەرهێنا.

لە چەند هەفتەی دوایی، بەتایبەتی لە دوای سەردانی بەرپرسانی باڵای ئێران بۆ بەغدا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لیژنەیەكی دانوستانی لەگەڵ میلیشیاكان پێك هێنا بۆ رازیكردنیان بە داماڵینی چەك لەسەر بنەمای پلانەكەی ئێران، بۆیە تا ئێستە چوار كۆبوونەوەیان لەگەڵ میلیشیاكان كردووە، ئەوان بە سێ خاڵ گەیشتوون، پلانێكی درێژخایەن تا سەرەتای 2028 بۆ داماڵینی چەك، كە چەند هەنگاوێك دەگرێتەوە، لەو كاتەدا میلیشیاكان زیادەڕۆیی لە هێرشەكانیان نەكەن، هەر لەو كاتەدا ئەگەر پێویست بكات، واتە هێرش بكرێتە سەر ئێران یان میلیشیاكان، رێككەوتنەكە هەڵدەوەشێتەوە.

بەر لە هەفتەیەك لە هێرشەكەی سەر سعوودیە، لیژنەكەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و میلیشیاكان گەیشتنە رێككەوتن لەسەر خشتەیەكی كاتی تا كۆتایی 2027، بەڵام بێ گەرەنتیدان، واتە تەنیا میلیشیاكان بەڵێنی جێبەجێكردنی دەدەن، بەپێی رەشنووسی رێككەوتنەكە، چەكدارانی ئەو میلیشیایانە دەكرێنە چەند لیوایەكی حەشدی شەعبی و چەكەكانیان رادەست ناكەن، ئەو پرۆسەش لە 30ی ئەم مانگە دەست پێ دەكات و تا 31ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.

دووەم قۆناغی پلانەكە لە سەرەتای 2027 دەست پێ دەكات و خشتەیەك بۆ كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی توركیا لە خاكی عێراق دێتە دانان، كە دەبێت لە سەرەتای مانگی تەمووزی ساڵی داهاتوو كۆتایی بێت، سێیەم قۆناغ بە پێكهێنانی لیژنەیەكی چوارقۆڵی لە حەشدی شەعبی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و حكوومەت و میلیشیاكان بۆ چاودێریی جێبەجێكردنی یەكخستنەوەكە و كشانەوەی سوپای توركیا تا سەرەتای 2028 دەست پێ دەكات.

نوێنەری میلیشیاكان بە مەرج بەو پلانە رازی بوونە، ئەویش هەر كاتێك شەڕ لە دژی ئێران دەست پێ بكاتەوە یان هەڕەشە و مەترسیی نەمان بكەوێتە سەر لایەنێكی چوارچێوە و میلیشیاكان، پابەندییان هەڵدەوەشێتەوە، كەسێكی ئاگەدار لە دانوستانەكان دەڵێت، لە بەرانبەردا میلیشیاكان لە كاتی جێبەجێكردنی پلانەكە پابەندی نەكردنەئامانجی كۆمپانیا بیانییەكان دەبن، دەبێت گیانی بەرگریكاران بێتە پاراستن، ئەگەر هەیە رێككەوتنەكە لە سەرەتای مانگی داهاتوو بێتە راگەیاندن، بەڵام هیچ گەرەنتییەك بۆ ئەو كارە نییە.

لە كۆبوونەوەی چوارچێوە لەگەڵ میلیشیاكان، كە لە سەرەتای ئەم مانگە هاتە سازكردن، كە سەركردە و نوێنەری تەواوی میلیشیاكانی ئێران ئامادەی بوون، میلیشیاكان سووربوون لەسەر دەستگرتن بە چەك، بەڵام كارێكی وا ناكەن ئەمەریكا پاڵپشتی لە حكوومەتی زەیدی ببڕێت، ئەوانە وایان كردووە ئەمەریكییەكان و بەرپرسانی عێراق كە تایبەتن بە داماڵینی چەك بێهیوایی دایان بگرێت، تەنانەت هەندێك لایەن وازیان لەو باسە هێناوە.

بەپێی راپۆرتەكە، هەوڵەكانی حكوومەت بۆ راكێشانی میلیشیاكان بۆ چارەسەری شكستی هێناوە و و بەرپرسێكی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە ئەو عێراقییانەی چاوی پێ كەوتوون، هەست بەوە دەكەن ئێستە زەیدی بێ دۆست و هاوپەیمان بە تەنیا وەستاوە و پرۆسەی داماڵینی چەك بە تەواوەتی گەیشتووەتە رێگەیەكی داخراو و ئەوان هیچ دەربازێكیان بۆ نەماوە، ئەو بەرپرسە دووپاتی دەكاتەوە كە لە لە بەرپرسێكی كوردی بیستووە، چاوەڕوانی دەنگێكی بەهێزی بەریەككەوتنی ئەو پاسە كۆنە دەكرێت كە لە بەغدایە و پێ دەچێت برایان لە بەغدا ناتوانن ستۆپ بە میلیشیاكان بكەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *