باسم محەمەد خزەیر وەزیری نەوتی عێراق رای گەیاند، ئامانجمانە عێراق بكەینە پێشەنگی بەرهەمهێنانی وزە و بە یەكجاری كۆتایی بە سووتاندنی غاز بهێنین. وەزیری نەوتی عێراق گوتیشی، ئێستە هەناردەی نەوت بە رێژەی 75٪ كەمی كردووە.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا باسم محەمەد خزەیر وەزیری نەوتی عێراق ڕای گەیاند، سەرباری ئەو ئاستەنگ و كێشانەی پێوەستن بە گەرووەكانەوە هەیە، بەڵام وەزارەت توانیویەتی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ هاووڵاتییان دابین بكات و لەسەر فەرمانی سەرۆك وەزیران 24 سەعات لە كاركردندان.
ئاماژەی بەوەش كرد، عێراق دوای 50 ساڵ لە شەڕ و تیرۆر، پێویستی بە بنیاتنانی ژێرخانێكی پێشكەوتوو هەیە، بۆیە هەوڵ دەدەن پیشەسازیی نەوت پەرە پێ بدەن، بەرهەمهێنان و هەناردەكردن زیاد بكەن و وەبەرهێنان و كۆمپانیا جیهانییەكان بۆ كەرتی نەوت و غاز ڕابكێشن.
لەبارەی دۆسیەی غاز، وەزیری نەوت ڕوونی كردەوە كە لەسەر دوو ئاراستەی هاوتەریب كار دەكەن، یەكەمیان كۆتاهێنان بە غازی سووتێنراو و دووەمیش وەبەرهێنان لە كێڵگە غازییەكاندا. بۆ ئەم مەبەستەش 14 گرێبەست دراونەتە كۆمپانیا جیهانییەكان. هەروەها تیمەكانی گەڕان و پشكنینی سەر بە وەزارەت لە چەند پارێزگایەك دەستیان بە ڕووپێوی كردووە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو یەدەگەی نەوت كە كەمی كردووە.
باسم محەمەد خزەیر باسی لە سەردانەكەی ئەمدواییەی ئەمەریكا كرد و ئاشكرای كرد كە حەوت یاداشت و گرێبەست واژوو كراون، لەوانە پەرەپێدانی گرێبەستەكان، وەبەرهێنانی نەوت و غازی هاوەڵ، پاشكۆی ڕێككەوتنی قورنە دوو، پڕۆژەی ناسریە و چوار بلۆكی نەوتی.
دووپاتی لە پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەری ئایندەیی بۆ هەمەجۆركردنی دەروازەكانی هەناردەكردن كردەوە، بەتایبەت پڕۆژەی بۆڕیی نەوتی بەسرە-فیشخاپوور كە بە سیستمی وەبەرهێنان (BOT) جێبەجێ دەكرێت، هەروەها هەنگاوەكانی پڕۆژەی هەناردەكردن لە ڕێگەی عەقەبەوە.
لەبارەی ڕێككەوتنی نەوتی لەگەڵ توركیا، وەزیری نەوت ڕای گەیاند، ڕێككەوتنەكە نوێ كراوەتەوە، بەڵام بڕی 700 هەزار بەرمیلی پلان بۆ داڕێژراو ناتوانرێ لە ڕێگەی كەركووكەوە دابین بكرێت. لەبارەی دۆسیەی نەوت و غازی هەرێمی كوردستانیشدا دووپاتی كردەوە، ڕێككەوتنێكی سێقۆڵی لە نێوان حكوومەتی فیدراڵی، هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكاندا هەیە و دەكرێت لە ڕێگەی دانوستانەوە هەموار بكرێتەوە.
ئەوشی خستەڕوو: بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە، هەناردەی نەوتی وڵاتەكەی بە ڕێژەی 75% پاشەكشەی كردووە. ئاماژە بەوەش دەكات كە گفتوگۆكانیان لەگەڵ ئێران بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردن تا ئێستە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئاشكرای كرد، یەكێك لە ئامانجەكانیان دروستكردنی كۆگەی نەوتییە لە هەندێك وڵاتدا و گفتوگۆ لەسەر ئەمەش بەردەوامە.
باسم محەمەد خزەیر رای گەیاند، بۆ زیادكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە نەوتی خاو لە گفتوگۆداین، “زیادكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە نەوتی خاو پرسێكی قورس نییە، “حكوومەت هیچ جیاوازییەك لە نێوان هاووڵاتیانی هەرێم و پارێزگاكانی تری عێراقدا ناكات”.
وەزیری نەوت ئاماژەی كرد، “رێككەوتنێكی سێقۆڵی لە نێوان حكوومەتی فیدراڵ، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نەوتییەكاندا هەیە”، ئاشكراشی كرد، دەكرێت ئەو رێككەوتنە بەگوێرەی گفتوگۆ و دانوستانەكان هەموار بكرێتەوە. جەختیشی كردەوە، دۆسیەی نەوتی هەرێم پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی گشتگیر هەیە.
















Leave a Reply