هه‌رێمی كوردستان له كێبه‌ركێی كاتدایه، تا به‌ر له واده‌ی 30ی ئهیلوول/سێپتێمبه‌ر كه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له ته‌واوی عێراق ده‌كشێنه‌وه، ده‌سته‌به‌ر و گه‌ره‌نتی پاراستنی ئاسمان و به‌رگری ئاسمانی خۆی بكات.
كڕینی سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه پێویستی به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ واشنتن و ڕه‌زامه‌ندی به‌غدا هه‌یه و پارهداركردنیشی ده‌بێ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراقه‌وه بێت، چونكه به گوێره‌ی ده‌ستوور ئه‌مه ئه‌ركی حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراقه.
به گوێره‌ی ڕێككه‌وتنی ئهیلوول/سێتپێمبه‌ری 2024 له نێوان حكوومه‌تی عێراق و ئه‌مه‌ریكا، واده‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش 30ی ئهیلوول/سێپتێمبه‌ری ئه‌مساڵه، هه‌نگاوه‌كانی ئه‌م كشانه‌وه‌یش ورده ورده ده‌ستیان پێ كردووه و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه‌لوپه‌ل و پێویستییه سه‌ربازییه‌كانیان هه‌نگاو به هه‌نگاو له هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی تری عێراق ده‌كێشنه‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بڕیاره 30ی ئهیلوول/سێپتێمبه‌ر ته‌واوی هێزه‌كان له عێراق بكشێنه‌وه، به‌ڵام ئه‌و واده‌یه هاوكاته له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی ململانێكانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران و مه‌ترسی هه‌یه چالاكی گرووپه میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران له عێراق و ناوچه‌كه سه‌رهه‌ڵبداته‌وه.
لیوا محیه‌دین محه‌مه‌د یونس بریكاری پێشوو له وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق بۆ كاروباری هه‌رێمی كوردستان گوتی، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان كێبه‌ركێی كات ده‌كه‌ن، تا ده‌سته‌به‌ری سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ واشنتن و به‌غدا بكه‌ن.
زیاتر گوتی، ئه‌مه بابه‌تێكی گرنگ و پێویستییه‌كی له پێشینه‌یه، به تایبه‌ت دوای هێرشی ئه‌م دواییه‌ی درۆنه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر باره‌گه‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاژانسی پاراستن.
پلانی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه كه‌لوپه‌ل و سیسته‌می سه‌ربازی له‌خۆ گرتووه و ورده ورده ده‌ستی پێ كردووه، مه‌ترسی له شێوه‌ی هاوكێشه‌ی ئه‌منی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان دروست كردووه، به تایبه‌ت به‌هۆی به‌رده‌وامی هێرشی درۆنی بۆ سه‌ر ناوچه‌كه.
محیه‌دین محه‌مه‌د یونس ئه‌وه‌یشی گوت، ئه‌ركی به‌رگری ئێسته له هه‌رێمی كوردستان بوونی هه‌یه، به‌ڵام كورتكراوه‌ته‌وه له پاراستنی باره‌گه‌ی دیپلۆماسی و سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ولێر، به‌ڵام دامه‌زراوه گرنگیه‌كان و كێڵگه‌كانی نه‌وت و ئاسمانی هه‌رێمی كوردستان به گشتی پێویستی به پاراستنه.
سیسته‌می پاتریۆت كه پێشتر له هه‌رێمی كوردستان بوو بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی مووشه‌ك و درۆنه‌كان، ئێسته بوونی له بنكه‌ی سه‌ربازی هه‌ریر نه‌ماوه، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له كۆتایی تهمووز/یۆلیۆی ڕابردوو، كه تا ئێسته‌یش كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌رده‌وامی هه‌یه.
به گوێره‌ی ئاماره‌كان ته‌نیا له مانگی تهمووز/یۆلیۆی ڕابردوو هه‌رێمی كوردستان ڕووبه‌ڕووی 88 هێرشی درۆنی و مووشه‌كی بووه‌ته‌وه، كه به‌وهۆیه‌وه 10 كه‌س كوژراون و 15ی تریش برینداربوون.
جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری پێشووی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ “شه‌رق ئه‌وسه‌ت” گوتی، هه‌وڵی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌سكه‌وتنی سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی ماوه‌یه‌كی درێژه به‌رده‌وامی هه‌یه، به‌ڵام ئامانجه‌كه تا ئێسته بێ ره‌زامه‌ندی به‌غدا به‌دی نه‌هاتووه.
زیاتر گوتی، سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی نرخه‌كه‌ی زۆر گرانه و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان توانای كڕینی نییه، ئه‌گه‌ر به‌غدایش ڕازی ببێت، بۆیه پێویسته حكوومه‌تی فیدڕاڵی پاره‌داری پرۆژه‌یه‌كی له‌مجۆره بكات.
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی له هه‌رێم و له عێراقیش نییه، ئه‌وه‌ی له ناوچه‌كانی تری عێراق هه‌یه سیسته‌مێكی به‌رگری ئاسمانی ته‌واوكراو نییه، سیسته‌می بچووكن و ناتوانن ته‌واوی ئاسمانی عێراق به پارێزراوی بهێڵنه‌وه.
ئه‌و سیسته‌مه به‌رگرییه‌ی كه ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانیش له هه‌رێمی كوردستان هه‌یانه، تواناكه‌ی سنوورداره و ته‌نیا كونسوڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكا و فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و بنكه‌ی سه‌ربازی هه‌ریر و بنكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌پارێزێت، واته سیسته‌مه به‌رگرییه‌كه ناتوانێ ڕووبه‌رێكی فره‌وان و دامه‌زراوه‌ی تر بپارێزێت.
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، توانای ئه‌و سیسته‌مه به‌رگرییانه سنوورداره و چه‌ندان جار ئێران بۆردمانی بنكه‌ی گرووپه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی كرد، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك سیسته‌مه‌كه به‌رپه‌رچی ئه‌و هێرشانه‌ی نه‌دایه‌وه.
هه‌رێمی كوردستان هاوشێوه‌ی عێراق به ده‌ست نه‌بوونی چه‌كی كاریگه‌ر و دژه مووشه‌ك و درۆن ده‌ناڵێنێت، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا له بوونی ڕادار بۆ دۆزینه‌وه‌ی به‌زاندنی سنووری ئاسمانی عێراق هه‌ژارن، جا به‌زاندنی سنوور له ڕێی فرۆكه‌ی جه‌نگی یان مووشه‌ك یان درۆنهوهیش بێت.
ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه نزیكبوونه‌ته‌وه له واژووكردنی گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ توركیا تا 20 سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی له‌و وڵاته بكڕن، كه له ڕێی ئه‌م سیسته‌مانه توانای به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی درۆن و مووشه‌ك بۆ سه‌ر دامه‌زراوه گرنگه‌كان و پێگه‌ی هه‌ستیاره‌كان ده‌پارێزرێت.
















Leave a Reply