نێچیرڤان بارزانی: بەرژەوەندیی عێراق لەوەدایە چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت

بینەر: (908)

لە بەرنامەی (مواجەهە)ی كەناڵی تەلەفزیۆنی شەرقییەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەسەر چەندان تەوەری پێوەست بە دۆخی هەنووكەییی عێراق و ناوچەكە، وەڵامی پرسیاری پێشكەشكاری بەرنامەكەی دایەوە.

• گوتت ئێمە هەموومان لەناو یەك كەشتیداین و بە ڕێزەوە دەڕوانینە قوربانیدانەكانی حەشدی شەعبی، بەڵام پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە: ئاییندەی گرووپە چەكدارەكانلە عێراقدا بەرەو كوێ دەچێت؟ ئێوە چۆن تەماشایان دەكەن، ئایا جیاوازییەك دەبینن لەنێوان حەشد و فەسائیلەكاندا، یا وەك یەك بەش و یەك جەستە سەیریان دەكەن؟

نێچیرڤان بارزانی: زۆر سوپاس بۆ كاكە هیشام، بەخێرهاتنتان دەكەین لە هەولێر، بێگومان من دووبارەی دەكەمەوە، ئێمە لە هەرێمی كوردستان تایبەتیمان هەیە بۆ قوربانیدانەكانی حەشد و سوپای عێراق لەگەڵ هاوكارانی خۆیان، پێشمەرگە، لە كوردستان بۆ بەرگری لە خاكی عێراق، حەشد دامەزراوەیەكی حكوومییە و بەپێی یاسا دروست كراوە و دیسانەوە دووبارەی دەكەمەوە، ئێمە ڕێزێكی زۆرمان هەیە بۆ قوربانیدانەكانی حەشد لەپێناو بەرگریكردن لە عێراق، بابەتی حەشد و فەسائیل، ئێمە زۆر جار كە دەچینە بەغدا، بە نزیكی بە بەردەوامی و بۆ ماوەیەكی زۆر ئەو وانەیەمان پێ دەڵێن كە ڕوونی دەكاتەوە چ جیاوازییەك لەنێوان حەشد و فەسائیلدا هەیە، بەڵام لە ئەنجامدا، چ فەسائیل و چ حەشد بودجەكەیان لە دەوڵەتی عێراقەوەیە و لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە دابین دەكرێت.

بۆچوونی ئێمە لە سەر فەسائیل، بابەتی دژایەتیكردنی فەسائیل نییە، بابەتەكە و پرسیارە بنەڕەتییەكە ئەوەیە عێراق بەرەو كوێ دەڕوات؟ ئێمە هەموومان پێكەوە لەناو كەشتییەكداین. چ لە بەغدا چ لە بەسڕا و تا دەگاتە زاخۆ هەموومان پێكەوەین. بۆچوونی ئێمە ئەوەیە ئەو كارانەی ئەم فەسائیلانە دەیكەن نە لە بەرژەوەندیی عێراقە و نە لە بەرژەوەندیی داهاتوویەكی باشە بۆ ئەم وڵاتە. ئەم فەسائیلە لەلایەكەوە هەڕەشە لە دراوسێیەكانمان دەكەن، بە درۆن لە وڵاتانی عەرەبی برامان دەدەن، ئایا مەعقوولە هێزێك لە ناو عێراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئوردن و سعوودیە و ئیمارات و قەتەر و بەحرەین و ئەم وڵاتانە و، لە ناوخۆشدا بۆ هەرێمی كوردستان؟ كێشەكەی ئێمە بابەتێكی كەسی نییە لەگەڵ حەشد، بۆچوونی ئێمە بۆچوونێكە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتیی عێراقە. ئێمە پێمان وایە كە بەپێی دەستووری عێراق و بەپێی ئەو كارنامەیەی حكوومەت كە سەرۆكوەزیران عەلی زەیدی لە كاتی پێكهێنانی حكوومەتدا پێشكەشی كرد و تێیدا بە ڕوونی گوتراوە و هاتووە كە دەبێت چەك لە دەستی دەوڵەتدا بێت. ئەمەیە پرسەكەی ئێمە. ئێمە پێمان وایە كە دەبێت ئەم هێزانە لەژێر چەتری فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بن كە سەرۆكوەزیرانی عێراقە و لەژێر فەرمانی ئەودا بن و هەرچی زووترە چارەسەرێك بۆ پرسی فەسائیل بدۆزرێتەوە، من پێم وایە كە پێویستە فەرماندەكانی ئەم هێزانە خۆیان بگەنە خاڵێك ئایا بەرژەوەندیی عێراق لەوەدایە كە ئەوان ئەم چەكەیان هەبێت و بە ئارەزووی خۆیان بەكاری بهێنن؟ پرسیاری گەورە لەوە دروست دەبێت: كێ لە عێراقدا حوكم دەكات، سەرۆكوەزیران حوكم دەكات یان هێزە سیاسییەكان حوكم دەكەن یان كۆمەڵە كەسانێك كە لە یاسا دەرچوون و ئەوەی دەیكەن بەڕاستی لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە، ئایا ئەمان لە عێراقدا حوكم دەكەن؟

ئێمە كە دەچینە دەرەوە، هەموو جارێك بە كۆمپانیا گەورەكان دەڵێین وەرن لە عێراقدا سەرمایەگوزاری بكەن، وەرن لە عێراقدا وەبەرهێنان بكەن. بەڵام پرسیاری یەكەمی هەموو كۆمپانیایەك كە دەیەوێت بێتە عێراق ئەمەیە: ئەرێ ئەمنییەت هەیە؟ مەعقوولە فەسائیل هەندێك كۆمپانیای نەوت لە باشووری عێراقدا بكەنە ئامانج و لێیان بدەن! بۆیە ئەو كۆمپانیایانە بۆ عێراق نایەن.

كەواتە بۆچوونی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی لە سەر بابەتی فەسائیل لە چوارچێوەی خێری عێراقدایە. ئێمە پێمان وایە كە دەبێت ئێمە، هەموو هێزە سیاسییەكانی عێراقی، پشتگیری لە سەرۆكوەزیران بكەین و لەپێناو بەرژەوەندی عێراقدا دەبێت ئەوە قبووڵ بكەن كە چەك دابنێن و بێن تێكەڵی پرۆسەی سیاسیی عێراق ببن و تێكەڵی هێزە ئەمنییەكانی عێراق ببن. ئەوەشی كە زۆر زۆر گرنگە ئەوەیە كە دەبێت چەك تەنیا لە دەستی حكوومەتدا بێت.

• ڕەنگە لە كاتی بەشداریت لە كۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا ئاماژەت بۆ ئەوە كردبێت، كاتێك لە بەردەم ئامادەبوواندا پرسیارێكت ئاراستەی زەیدی كرد و گوتت: “ئایا لە بەردەم ئەمەریكییەكاندا خۆت پابەند كردووە بەوەی چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت؟” لێرەدا پرسیارێكمان بۆ دروست دەبێت، هاوكات ئاماژەت بۆ ئەوە كرد كە ڕەنگە عێراق بەرەو گۆشەگیرییەكی نێودەوڵەتی بخزێت، پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا زانیاریت هەیە لە سەر ئەوەی ئەگەر ئێمە وەك عێراق پابەندبوونەكانمان بەرانبەر ئەمەریكییەكان جێبەجێ نەكەین و چەك نەخرێتە دەست دەوڵەت، ئایا عێراق ڕووبەڕووی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی دەبێتەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: جارێ من پێم وایە، یەكەم بۆچوونی من ئەوەیە كە ئەمە پابەندی نییە بەرامبەر بە ئەمەریكا، ئەمە ئەو پابەندییەیە بەرامبەر بە عێراق. بابەتی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا پابەندییەك نییە بەرامبەر بە ئەمەریكا، بۆ دەبێت ئێمە وای پێشان بدەین كە ئەمە پابەندییەكی عێراقە بەرامبەر بە ئەمەریكا؟ ئەمەریكا لە ڕۆژێكدا هاتووەتە ئەم وڵاتە و ڕۆژێكیش ئەم وڵاتە بەجێ دەهێڵێت، بەڵام ئەوەی لە عێراق دەمێنێت ئێمەین، ئێمەین كە خەڵكی عێراقین و دەمێنین. ئەمە پابەندییەكی ئەمەریكی نییە. با بە شێوەیەكی تر قسەی لەسەر بكەین، ئەرێ بەرژەوەندیی عێراق لەمەدایە كە ئێمە تەواوی چارەنووسی خۆمان بدەینە دەستی هەندێك خەڵك كە لە یاسا دەرچوون؟ هەرێمی كوردستان تا ئێستا نزیكەی هەزار جار بۆردومان كراوە، واز لە هەرێمی كوردستانیش بهێنە، بارەگای ئاسایشی عێراقیان لە ناو بەغدادا بۆردومان كردووە. پرسیار ئەوەیە ئەم هێزە چ قازانجێكی بۆ عێراق هەیە؟ واز لە ئەمەریكا بهێنە، بۆ دەبێت ئێمە ئەم دوو شتە بە یەكەوە گرێ بدەین؟ ئەمەریكا بابەتێكی جیایە، ئەمەریكا كاتێك لە ساڵی ٢٠١٤دا هاتە عێراق بە بانگهێشتێكی فەرمیی عێراق هات، عێراق بە نامەی فەرمی داوای لە ئەمەریكا كرد بێت لە بابەتی داعش یارمەتیی عێراق بدات.

بۆچوونی ئێمە لە هەرێمی كوردستان چییە؟ ئێمە سوپاسی ئەمەریكا و هێزە هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا دەكەین كە لە پرسی داعشدا یارمەتیی عێراقیان دا، سوپاسیان دەكەین، سوپاسی ئەمەریكا و هەموو هێزەكانی هاوپەیمانان دەكەین، بەڵام داعش بە خوێنی سوپای عێراق و بە خوێنی حەشدی شەعبی و بە خوێنی پێشمەرگە شكستی هێنا. هەموومان پێكەوە ئەوەمان كرد. بۆچی ئەوەمان كرد؟ بۆ ئەوە كردمان كە داهاتوویەكی باش بۆ نەوەی دوای خۆمان بەجێ بهێڵین، بۆ ئەوە نەمانكرد كۆمەڵێك لە لەیاسا دەرچووان لەم وڵاتەدا حوكم بكەن.

ئەم بابەتە، بابەتی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا هیچ پەیوەندییەكی بە ئەمەریكاوە نییە. با من بێمە سەر پرسی ئەمەریكا، هێزەكانی ئەمەریكا بەپێی ڕێككەوتنێك لەگەڵ حكوومەتی عێراق، خشتەیەكی كاتیان بۆ دانراوە، كە بەپێی ئەو خشتەی كاتە عێراق بەجێ دەهێڵن و ئەو خشتەیە لە كۆتاییی مانگی نۆ تەواو دەبێت. من ئەو پرسیارەم لە سەرۆكوەزیران كرد لە كۆبوونەوەكەدا: ئایا جەنابتان بەو خشتەی كاتەوە پابەندن؟ گوتی: بەڵێ ئێمە پابەندین. هەندێك هەن وا تەسەور دەكەن كە بەپێی ڕێككەوتنێكی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا هێزەكانی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستانن. نا، بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە هەولێر بەپێی ئەو ڕێككەوتنەیە كە حكوومەتی فیدراڵی لەگەڵ ئەمەریكا كردوویەتی و ئەمەریكا ئێستا بە خشتەی كاتەكەی خۆی پابەندە، بەپێی ئەو خشتەی كاتەش تا كۆتاییی مانگی نۆ ئەوان هێزەكانیان لە عێراق دەكشێننەوە.

بەڵام با من ئەوە بڵێم و ڕووی قسەم لە هەموو هێزە سیاسییەكانی عێراق و لە گەلی عێراقە، بە خودا ئەگەر عێراق ئەم كێشەیە چارەسەر نەكات كە بابەتی فەسائیلە، عێراق تووشی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی دەبێت و تووشی گۆشەگیریی هەرێمایەتیش دەبێت. وڵاتانی دراوسێی عێراق زۆر بە پەرۆشن بۆ ئەوەی یارمەتیی عێراق بدەن، وڵاتانی عەرەب دەیانەوێت وەبەرهێنان لە عێراق بكەن، من دەزانم كە وڵاتانی كەنداو، ئیمارات چەند پێی خۆشە وەبەرهێنان لە عێراق بكات، من دەزانم سعوودیە چەند پێی خۆشە، من دەزانم قەتەر چەند حەز دەكات. بەڵام ناكرێت. ئێمە دەبێت بگەینە ئەو ئەنجامە. بە لای ئێمەوە عێراق یەكەمە. ئەگەر ئەم دروشمەی ئێمە كە زۆر جار باس لەوە دەكرێت “العراق أولاً”، مادام ئەمە دروشمی هەموومانە، بەرژەوەندیی عێراق لەوەدا نییە كۆمەڵێك لەیاسا دەرچوو بێن و كێشە بۆ عێراق دروست بكەن. ئەمە بابەتێكی زۆر گرنگە، سەرۆكوەزیران خۆی پابەند كردووە بەم پرسە. دەستووری عێراق زۆر بە ڕوونی ئەمەی باس كردووە. جەنابی سەرۆكوەزیران لە پێشكەشكردنی كارنامەی حكوومەتدا وەك پابەندییەك ئەمەی دەربڕیوە و ئێستا پێویستی بە پشتیوانیی هێزە سیاسییەكانە. ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە پشتگیری لەو پرسە دەكەین. سەرۆكوەزیرانی عێراق، سەرۆكوەزیرانی عێراقە لە فاوەوە هەتا دەگاتە زاخۆ، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە لە فاوەوە هەتا دەگاتە زاخۆ. بە لای ئێمەوە وایە، ئێمە وا سەیری دەكەین. ئێمە وا سەیری ئەم پرسە دەكەین. بەڵێ هەرێمی كوردستان چوارچێوەیەكی دەستووریی هەیە، ئەم چوارچێوە دەستوورییە دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت و دەبێ ئەم دەستوورەش جێبەجێ بكرێت. بەڵام، كاك هیشام، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەم بابەتەدا سەیری ئەوە ناكەین بەرژەوەندیی ئەم هەرێمە لە چیدایە، ئێمە لەم بابەتەدا سەیری ئەوە دەكەین بەرژەوەندیی عێراق لە كوێدایە و بە جددیش حەز دەكەین عێراقێك بێت كە هەموو پێكهاتەكانی هەست بە ئارامی و بە خۆشی بكەن و، هەنگاو بنێین بەرەو باشتركردنی دۆخی ژیانی خەڵك كە گەلی عێراق شایستەی ژیانێكی باشترن لەوەی كە ئێستا هەیە.

• بە دڵنیایییەوە، بە ڕاشكاوی هەموو ئەوانەی فەرمووت لە بەرژەوەندیی ئێمەدان وەك عێراق كە هەنگاو بەرەو ئەو بابەتە یان ئەو پرۆژەیە بنێین، بەڵام ناتوانین ئەم بابەتە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا جیا بكەینەوە، چ بە پابەندبوون بێت یان بەبێ پابەندبوون؛ چونكە لە ئەنجامدا دارایی و پارەی عێراق لە ئەمەریكایە. ئەمەریكییەكان خۆیان بە خاوەن فەزڵ دەزانن لە ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام و دامەزراندنی سیستەمە نوێیەكەدا. ئێستاش بەرنامەی ئەوەیان هەیە كە پێی دەگوترێت “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ”، واتە كۆنترۆڵكردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داڕشتنی نەخشەیەكی نوێ. هەموو ئەم ئاڵۆزییانە وا دەكەن بەرژەوەندیی عێراق لەوەدا كۆ ببێتەوە كە سەرەتا چەك لە دەستی دەوڵەتدا كۆ بكرێتەوە، پاشان باسی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی نێوان ئێمە و ئەمەریكا بكەین. بەڵام ئەگەر چەك دانەماڵرێت یان لە دەستی دەوڵەتدا كۆ نەكرێتەوە، ئایا عێراق ڕووبەڕووی سزای ئەمەریكا دەبێتەوە؟ ئایا دەست لەسەر پارەكانی عێراق هەڵدەگیرێت؟ هەموو ئەمانە پرسیارن و دەكرێن. وەك هەرێمی كوردستان چ زانیارییەكتان بەدەست گەیشتووە؟

نێچیرڤان بارزانی: لەڕاستیدا عێراق بارودۆخێكی زۆر تایبەتی هەیە. كاتێك عێراق نەوتەكەی دەفرۆشێت، پارەی نەوتەكە ڕاستەوخۆ بۆ خۆی ناگەڕێتەوە، بەڵكوو دەچێتە بانكی فیدراڵی لە ئەمەریكا و لەوێوە دەهێنرێتەوە بۆ عێراق. ڕەوشی ئابووریی عێراق لە خراپترین ئاستدایە، ئەگەر تەنگەی هورمز نەكرێتەوە و بارودۆخی ئێستا بەردەوام بێت، گەورەترین كێشەی ئەم ناوچەیە ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە. سەبارەت بە مەلەفی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا، كە پێشتریش قسەم لەسەر كردووە، با بڵێین داوایەكی ئەمەریكییە، بەڵام لەڕاستیدا پێش ئەوەی داوایەكی ئەمەریكی بێت، دەبێت داواكارییەكی عێراقی بێت. واز لە ئەمەریكا بێنن و بێنە سەر داواكارییە عێراقییەكە. من خۆم و ئێمەش لە هەرێمی كوردستان وای دەبینین كە ئەگەر ئەم بابەتە چارەسەر نەكرێت، عێراق ڕووبەڕووی سزای نێودەوڵەتی دەبێتەوە و لەسەر ئاستی ناوچەكە پەراوێز دەخرێت و تووشی دابڕان دەبێت لە دەوروبەرە عەرەبی و ناوچەیییەكەی. ئەمە تێڕوانینی منە.

• باشە، لە ئەنجامدا جەنابت پێوەندیت لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكاندا هەیە، بە ڕاشكاوی كاتێك پرسیاری جەنابتیان لێ دەكەم، زۆربەی لایەنە سیاسییەكان ڕێزی تەواویان بۆت هەیە. ئایا زانیاریت پێ گەیشتووە كە گرووپە چەكدارەكان ئامادەیییان تێدایە؟ هەندێك دەڵێن ئەم دۆسیەیە بابەتێك نییە بۆ گفتوگۆی ناوخۆیی، هەندێكی تر بەرەو ئاراستەیەكی تر دەچن و دەڵێن ئەم بابەتە بە ئێرانەوە بەستراوەتەوە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت چەك لە دەستی دەوڵەتدا كۆ بكەینەوە و گرووپەكان هەڵبوەشێنینەوە، دەبێت لەگەڵ لایەنی ئێرانی لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشین، ئایا ئەمە ڕاستە؟

نێچیرڤان بارزانی: پێم وایە ئەمە بابەتێكی تەواو عێراقییە. دەبێت بگەڕێینەوە و بڵێین پێویستە یەكەم كاری ئێمە دەستنیشانكردنی ئەوە بێت كە بەرژەوەندیی عێراق لە كوێدایە. بەرژەوەندیی عێراق لەوەدایە چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت. بەڵام سەبارەت بە بابەتی ئێران، بۆ ئەوەی ڕاشكاوتر بم، لە دوایین سەردانمدا بۆ تاران، لەسەر ئەم بابەتە قسەم لەگەڵ ئێرانییەكان كرد، چونكە ئێمە لە هەموو گەشتێكماندا بۆ دەرەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا و بەتایبەت لەگەڵ سەرۆك وەزیران دەكەین، ئەم بابەتەش یەكێك بوو لەو پرسانەی سەرۆك وەزیران داوای كرد بیوروژێنم. لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی قسەم لەسەر ئەم بابەتە كرد و دەمەوێت بە ڕاشكاوی بڵێم ئەوەی بە ڕاشكاوی لە بەرپرسانی ئێرانییەوە گوێم لێ بوو، پێیان گوتم: بە سەرۆك وەزیران زەیدی بڵێ ئێمە ئامادەین هاوكاریی بكەین لەم پرسەدا. پێم گوتن: ئایا ئەمە هەڵوێستی فەرمیتانە؟ گوتیان: بەڵێ، ئەمە هەڵوێستی فەرمیمانە.

• كێ ئەمەی پێ ڕاگەیاندوویت؟ پزیشكیان؟

نێچیرڤان بارزانی: نامەوێت بڵێم كێ ئەمەی پێم گوت، بەڵام ئەوانە ئەو بەرپرسە ئێرانییانە بوون كە بەرپەرسیاریەتیی ئەم مەلەفەیان لەدەستدایە.

• ئەو بەرپرسە لە دۆسیەی عێراق؟

نێچیرڤان بارزانی: بەرپرسی مەلەفەكە دوو جار جەختی كردەوە و گوتی بە زەیدی بڵێ. چونكە من لەبارەی ئەم مەلەفەوە قسەم لەگەڵ كردن، گوتم ئەگەر دەتوانن لەم مەلەفەدا هاوكاریمان بكەن، ئێمەش لە عێراق وەك دراوسێ چاوەڕێی ئەوەتان لێ دەكەین هاوكاریمان بكەن. من وای دەبینم ئەمە لە بەرژەوەندیی ئێرانیشدایە نەك تەنیا عێراق. بەرژەوەندیی ئێران لە عێراقدا چییە؟ بازرگانیی ئێستامان لە عێراق لەگەڵ ئێران، جگە لە بابەتی گاز و شتەكانی دیكە، نزیكەی 12 ملیار دۆلارە و بۆ ئێمە باشترە پەیوەندییە ئابوورییەكانمان بەهێزتر بكەین. پاشان لێرەدا پرسیارێكی جدی دروست دەبێت ئەگەر ئەم گرووپە چەكدارانە لە خۆیان بپرسن: سوودی ئەم كارانەی لە عێراق دەیكەن چییە؟ تەنانەت ئەو درۆنانەی لەبەردەستیاندایە چی سوودێكیان هەیە؟ ئەگەر بە عەقڵانییەتەوە بیر بكەنەوە، بڕوانن چییان بەدەست هێناوە و چ ئامانجێكی گەورەیان پێكاوە؟ هیچ، جگە لەوەی زەرەریان لە ناوبانگی عێراق داوە و زیانیان بە گەلی عێراق گەیاندووە. بە بەردەوامبوونیان، زیانەكان گەورەتر دەبن. ئەگەر بابەتەكەش ئێران بێت، وەك ئێستا ئاماژەم پێ دا، من یەكێك بووم لەوانەی لەسەر داوای سەرۆكوەزیران ئەم مەلەفەم لەگەڵ ئێرانییەكان تاوتوێ كرد كاتێك ئەم جارە چوومە ئەوێ.

واتە ئێرانییەكان ئامادەییی خۆیان نیشان داوە بۆ هاوكاریكردنی زەیدی؟

نێچیرڤان بارزانی: بە ڕاشكاوی، جارێك پرسیارم كرد و دوو جار وەڵامیان دایەوە بۆ ئەوەی دڵنیا ببم. لە جاری دووەمدا دیسان گوتیان بە سەرۆكوەزیران، عەلی زەیدی بڵێ ئێمە ئامادەین هاوكاریی بكەین.

• بە ڕاشكاوی؟

نێچیرڤان بارزانی: بە تەواوی ڕاشكاوییەوە.

• مێژوو ئەوەی فێر كردووین كە لە هەموو قۆناغێكدا یاخیبووانێك هەن، تەنانەت بەرامبەر بڕیار و ڕێككەوتنەكانیش؟

نێچیرڤان بارزانی: ڕێك وایە.

• ئەمە مێژووە..

نێچیرڤان بارزانی: ڕێك وایە.

• لە حاڵەتێكدا ئەگەر هەندێك لە گرووپەكان یاخی ببن و چەكەكانیان ڕادەست نەكەن یان چەك لە دەستی دەوڵەتدا كۆ نەكرێتەوە، ئەم پرسیارە ڕەنگە بمبات بەرەو پرسیاركردن لە داواكارییەكەی ئەلزەیدی لە كۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا، كاتێك داوای ڕێگەپێدانی لە سەركردەكانی وڵات لە ئامادەبووان كرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە یەكەم ڕۆژی مانگی (١٠)دا، ئەگەر گرووپەكان نەیانەوێت چەكەكانیان ڕادەست بكەن. بەپێی بیستراوەكان و ئەو زانیارییانەی دەستمان كەوتوون، ئێوە ڕێگەپێدانتان داوە بە ئەلزەیدی لەم بابەتەدا. ئایا ئەمە ڕاستە؟

نێچیرڤان بارزانی: لەڕاستیدا لە كۆبوونەوەكەدا پێشنیازمان كرد دەسەڵات بدرێتە سەرۆكوەزیران زەیدی و، نزیكەی كۆدەنگییەكی گشتی هەبوو لە كۆبوونەوەكەدا.

• كۆدەنگی؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ كۆدەنگی. بەیاننامەیەكی ڕوونیشمان لەبارەی ئەم بابەتە دەركرد. سەرجەم هێزەكان پابەندبوونی خۆیان بۆ پشتگیریكردنی سەرۆكوەزیران دەربڕی. بەڵام من بە شەخسی پێم وایە ئێستا و پێش چوونە ناو هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەك پێویستی بە دیالۆگ هەیە لەگەڵ ئەوانەدا و، بنەمای ئەم دیالۆگەش یەك خاڵی سەرەكی بێت ئەویش: بەرژەوەندیی عێراق لەم بابەتەدا لە كوێدایە؟

بابەتەكە ئەوە نییە ئێمە ئارەزووی ڕووبەڕووبوونەوە بكەین، هیچ كەسێك ئارەزووی ئەمە ناكات و دەبێت ئەو قۆناغە تێپەڕێنین كە كەسانێك هەبن بخوازن شیعە بە گژ شیعەدا بچێت و كورد بە گژ كورددا بچێت، یان كێشە لەنێوان كورد و شیعه و، لەنێوان سوننە و شیعەدا هەبێت. بەرژەوەندی هەموومان لە عێراقدا دەبێت یەك بێت. پێم وایە لێرەوە و لە كاتێكی نزیكدا، پێویستیمان بە دیالۆگێكی ڕاشكاو و ڕوون و بەبێ موجامەلە هەیە لەگەڵ ئەم گرووپانەدا. تا ئەو شوێنەی من ئاگادار بم، هەندێك لەوانەی چەكیان لەدەستدا بوو تێگەیشتنیان بۆ ڕەوشەكە هەبوو و ئامادە بوون دەستبەرداری چەك ببن. بەڵام ئەوانی دیكە دەبێت یەكسەر دیالۆگێكی جدییان لەگەڵدا بكرێت، دیالۆگێكی جدی بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی حكوومەتی عێراق. ئەوانیش بە دڵنیایییەوە بەشێكن لەم بەرنامەیە و لە بەرژەوەندییەكانی عێراق. لە حاڵێكدا ئەگەر ئەمە ڕوو نەدات، پێم وایە بژاردەكانی دیكەی بەردەم عێراق زۆر سنووردار دەبن. لە كاتێكدا ئەوەندەی پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە لە هەرێمی كوردستان، ئێمە پشتگیری لە بەرنامەی حكوومەت دەكەین و، پشتگیری لە پێویستیی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا دەكەین و، پشتگیری لە حكوومەتی عێراق دەكەین.

• ئێمە هیوادارین نەكەوینە ئەم قۆناغەوە، قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕ، بەڵام ئێوە ڕێگەپێدانتان داوە بە ئەلزەیدی كە ئەگەر هەندێك گرووپ لە بڕیاری ڕادەستكردنی چەك یاخی ببن، ئەوا حكوومەت بە هێزە ئەمنییەكانی خۆی ڕووبەڕوویان ببێتەوە. ئایا پشتگیری لەم بڕیارە دەكەن؟

نێچیرڤان بارزانی: با ئەمە بڵێم: سەرجەم هێزە سیاسییەكان گوتیان پشتگیری لە سەرۆك وەزیران دەكەن. دەبێت هەموومان پشتگیریی لێ بكەین، چونكە بابەتەكە شەخسی نییە، بابەتی عەلی زەیدی نییە وەك سەرۆكوەزیران، بەڵكوو بابەتەكە تەواوی هێزە سیاسییەكانی عێراق دەگرێتەوە، بەڵام ئەو ئێستا ئەم بارە قورسەی لەسەر شانە بەهۆی ئەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراقە. ئەوەندەی پەیوەندیی بە ئێمەوە هەبێت وەك هێزە سیاسییەكانی عێراق بە سەرجەم پێكهاتەكانیەوە لە كورد، سوننە، توركمان، مەسیحی و ئێزدی، دەبێت پشتگیری لە سەرۆكوەزیران بكەین، چونكە بابەتەكە شەخسی نییە، بەڵكوو لە ئەنجامدا بەرژەوەندیی عێراقە.

• مادام باسی بابەتی كۆكردنەوەی چەك و ئەو ڕووداوانە دەكەین كە لە سەردەمی ڕابردوودا ڕوویان داوە، بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو دەكرێنەوە، هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرش بووەتەوە بە مووشەك و درۆن، بەڵام لە ئەنجامدا و تا ئەم ساتەش، ئەو لایەنەی بۆردومانی هەرێمی كوردستان دەكات نادیارە و هیچ ڕوونكردنەوەیەكی ئاشكرای بۆ نییە. پرسیارەكە سادەیە: ئەو لایەنە كێیە كە بۆردومانی هەرێمی كوردستان دەكات؟

نێچیرڤان بارزانی: لەڕاستیدا بابەتەكە ڕوونە و نادیار نییە. دەزانیت ئەم پرسیارە زۆر دووبارە دەبێتەوە. كاتێك بۆردومانی هەرێمی كوردستانیان دەكرد، پێیان دەگوتین بەڵگە و زانیاریمان پێ بدەن چونكە ئەنجامدەرەكەی ناناسین. جیهانی ئەمڕۆ زۆر پێشكەوتووترە لەم جۆرە قسانە. كاتێك بۆردومان لە هەر شوێنێكی عێراقدا ئەنجام دەدرێت، زۆر بە ڕوونی دیارە لە كوێوە بۆردومانی چ شوێنێك كراوە، تەكنەلۆژیا و مانگە دەستكردەكان چاودێریی هەموو شتێك دەكەن و هەموو شتێك زانراوە. بابەتەكە پێویستی بە هەموو ئەمە نییە. ئەوانەی بۆردومانی هەرێمی كوردستانیان كرد گرووپگەلێكی دیاریكراون و زۆربەی كردەوەكانی بۆردومان لە ناوخۆی عێراقەوە بوون و هەندێكیشیان لە ماوەی 40 ڕۆژی شەڕدا لە ئێرانەوە ئەنجام دراون.

• ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان لە كوێوە دەكرێن؟ لە چ ناوچەیەكەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: لە مووسڵەوە، لە دیالەوە، لە پارێزگای سەلاحەدینەوە، لە كەركووكەوە و لە تەلەعفەریشەوە.

• ئەمە واتای ئەوەیە دەبێت بزانن كێ دەسەڵاتی بەسەر ئەو ناوچانەدا هەیە، چونكە ئەوەی كۆنترۆڵی ئەو ناوچانەی لەدەستدایە، هەر ئەویش بۆردومانەكە دەكات.

نێچیرڤان بارزانی: زانیاریی 100٪ پشتڕاستكراوە هەیە، مەسەلەكە ئەوە نییە ئێمە نەیانناسین، ئێمە تەنانەت ئەو یەكانەش دەناسین كە ئەم كردەوانە جێبەجێ دەكەن، زانیاریمان لەسەر هەموو ئەمانە هەیە و زانیاریی وردن…

• كەواتە بۆچی لەگەڵ سەركردەی ئەم گرووپانەدا قسە ناكەن؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە لەگەڵ سەرۆك وەزیران قسە دەكەین، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق قسە دەكەین و، لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی عێراق قسە دەكەین، ئەگەر بواریشمان بۆ بڕەخسێت ئامادەین لەگەڵ گرووپەكانیشدا قسە بكەین. بەڵام ئەوان بە دڵنیایییەوە خۆیان لە بینینمان دەدزنەوە، بەڵام ئەگەر توانیمان بەیەكەوە دابنیشین بە هەموو ڕوونی و ڕاشكاوییەكەوە قسەیان لەگەڵ دەكەین. لە كاتی خۆیدا لەگەڵ هەندێكیان لەسەر ئەم بابەتانە قسەم كردووە، لەگەڵ هەندێك لەو گرووپانە ڕووبەڕوو قسەم كردووە، بە دڵنیایییەوە پێش ئەم ڕووداوانە.

• ئێستە بۆردومان یان هێرشەكان ڕەنگە وەستابن و، لەم دوایییانە و لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا دەستدرێژیمان بۆ سەر هەرێمی كوردستان نەبینیوە، نە بە درۆن و نە بە مووشەك. ئایا ئەمە بەهۆی ڕێككەوتن یان نیمچە ڕێككەوتنی نێوان ئێران و ئەمەریكایە؟ ئەگەر شەڕەكە سەری هەڵدایەوە و نوێ بووەوە، ئایا هەرێمی كوردستان بە هەمان شێوە دەكرێتەوە ئامانج؟ بۆچی هەرێمی كوردستان دەكرێتە ئامانج؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە كە بەدوای وەڵامەكەیدا دەگەڕێین: بۆچی هەرێمی كوردستان؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەمە لەڕاستیدا لای ئێمەش پرسیار دروست دەكات: بۆچی هەرێمی كوردستان دەكرێتە ئامانج؟ ئێمە وەك قەوارەیەك بەشێك نین لە جەنگ و، هەولێر و سلێمانی و دهۆك بەشێكن لە عێراق. لەبری ئەوەی ئەم پرسیارە ڕووبەڕووی ئێمە بكرێتەوە، من ئەم پرسیارە لە سەركردایەتیی ئەم لە یاسا دەرچووانە دەكەم و پێیان دەڵێم: تكایە، دەكرێت هۆكاری ئەوەمان پێ بڵێن كە پاڵتان پێوە دەنێت بۆ بەئامانجگرتنی هەرێمی كوردستان؟ وەك پێشتریش گوتم، ئەگەر بابەتەكە پەیوەندیی بە ئەمەریكاوە هەبێت، ئەمەریكا بەپێی خشتەی كاتی خۆی دەكشێتەوە و، ئەگەر ئامادەییی ئەمەریكاش لەسەر بنەمای ڕێككەوتنێك بێت لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا كە هەرێمی كوردستان هیچ دەستێكی تێدا نییە، بەڵكوو بەپێی ڕێككەوتنێكە لەگەڵ بەغدا، پرسیارەكە ئەوەیە: بۆچی هەرێمی كوردستان دەكەنە ئامانج؟ ئایا ئێمە عێراقی نین؟ ئایا ئێمە مرۆڤ نین لەم وڵاتەدا دەژین؟ ئایا ئەو هاووڵاتییەی لە هەرێمی كوردستان دەژی هاووڵاتییەكی عێراقی نییە؟ ئایا بە پاسپۆرتی عێراقی گەشت ناكات؟ ئێمە عێراقیین و ئەمەش بە واتای ئەوە دێت كە ئەوەی بەرامبەر هەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدەن، تەنیا دژی هەرێمی كوردستان نییە بەڵكوو هەموو عێراق بە هەموو پێكهاتەكانییەوە دەكاتە ئامانج. نازانم بانگەشەی چی لەناو عێراقییەكاندا دەكەن لە كاتێكدا ئیدیعای ئەوە دەكەن كە بەرەی بەرگرین (موقاوەمە)، بەرەی بەرگری دژی كێ؟ نازانم. ئەوەی دەیكەن زیان بە سەرجەم عێراق دەگەیەنێت. تەواوی عێراق لە ڕەفتاری ئەوان زەرەرمەند دەبێت و، هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عێراق زەرەرمەند دەبێت.

• ئێستا بەرگری (موقاوەمە) كاتێك هێرش دەكات، زیان لە بوونی ئەمەریكا نادات، بەڵكوو كاریگەریی خراپ لەسەر عێراق دروست دەكات؟

نێچیرڤان بارزانی: بە دڵنیاییەوە، ئەگینا با یەكێك لە ئامانجەكانم پێ بڵێن، با بێن و دابنیشین تا بزانین كاریگەرییان چی بووە لەسەر ئەو ڕێككەوتنەی كە بە هۆیەوە ئەمەریكا لە هەولێر بوونی هەیە. بڕوام پێ بكە كاریگەرییان لەسەر ئەمەریكا دروست نەكردووە بەڵكوو كێشەیان بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە، كێشەی ئابوورییان بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە و سێكتەرە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستانیان كردووەتە ئامانج و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستانیان بۆردومان كردووە كە ژێرخانی ئابووریی عێراقن، بەڵام چونكە لە هەرێمی كوردستاندا هەن لێیان دەدەن. هیچ شتێكیان بەدەست نەهێناوە، لە كاتێكدا كۆمەڵێك دروشمی گەورە بەرز دەكەنەوە و قسەی گەورە دەكەن، بەڵام لە ئەنجامدا و كاتێك ورد دەبیتەوە و لێكۆڵینەوە دەكەیت نابینیت توانیبێتیان هیچ شتێك ئەنجام بدەن، وەك ئەوەی كۆتایی بە ئەمەریكا بهێنن، من بە خۆم هیچ دەستكەوتێك بۆ ئەوان نابینم.

• ئەگەر بەرگری (موقاوەمە) خزمەت بە ئامانجەكانی عێراق نەكات، كەواتە خزمەت بە ئامانجی كێ دەكات؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەم پرسیارە ئاراستەی ئەوان بكە، ئاراستەی خۆیانی بەرگری بكە، تا لەوانی بزانین خزمەتی كێ دەكەن. ئەوەی بۆ من گرنگە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەمانە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی عێراق دەكەن؟ وەڵامەكەش نەخێرە.

• كەواتە بوونی بەرگری (موقاوەمە) هیچ سوودێكی نییە؟

نێچیرڤان بارزانی: نە بە خودا، هیچ قازانجێكی نەبووە. كام بەرگری؟ بەڕاستی بەرگری لە چی دەكەن؟

• ئەمەریكا؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەمەریكا خۆی بڕیاری ڕۆشتنی داوە، ئەمەریكا بڕیاری داوە كە دەكشێتەوە و تەواو. وەك ئاماژەم پێ دا ئەمەریكا بۆ هاوكاریكردنی عێراق دژی داعش هاتە ئەم وڵاتەوە و، ئەركی ئەمەریكا لە مانگی نۆدا كۆتایی پێ دێت، بۆیە هیچ پاساوێك نییە. لەگەڵ ڕێزیشم، ئەگەر ناو لە خۆیان دەنێن بەرگری، هیچ پاساوێك نییە چەك لە دەستی ئەم گرووپانەدا بێت و بە ئارەزووی خۆیان و بە خۆڕایی كێشە بۆ ئەم وڵاتە دروست بكەن.

• خزمەت بە بەرژەوەندیی عێراق ناكەن؟

نێچیرڤان بارزانی: نەخێر، هەرگیز.

• ئایا ئەگەری ئەوە هەیە كە خزمەت بە بەرژەوەندیی كەسانی تر بكەن؟

نێچیرڤان بارزانی: بەپێی ئەوەی من دەینبینم، نەخێر. بەپێی تێڕوانینی من، ئەگەر كەسێك پێی وابێت ئەمانە هاوكاری یان خزمەتی بەرژەوەندیی وڵاتانی دیكە دەكەن، بەپێچەوانەوە زیانی زۆر زیاتر لە قازانجەكانیان دەگەیەنن.

• گەیشتینە خاڵێك كە تەوەرەی پەیوەندییەكانە لەگەڵ بەغدا. ئێوە لە ڕێگەی قسەكانتانەوە، دەبینم گەشبینن بەرامبەر زەیدی و، گەشبینن بە هەنگاوەكانی بەڕێز ئەلزەیدی سەبارەت بە بەرنامەی حكوومەت و جێبەجێكردنی لەسەر ئەرزی واقیع. بەڵام دۆسیەیەكی ئاڵۆزمان لەبەردەمدایە، ئەویش پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدایە. ئێمە ڕاهاتووین لەسەر ئەوەی هەر سەرۆكوەزیرانێك لە سەرەتادا دێت گەشبینییەك هەبێت، پاشان بەرە بەرە ناكۆكییەكان پەرە دەسێنن تا كۆتاییهاتنی حكوومەت، پاشان هەموو جارێك لە سەرەتاوە دەست پێ دەكەینەوە. ئایا بەڕاستی جددیەتێكی ڕاستەقینە هەیە بۆ كۆتایی هێنان بەم ناكۆكییانە و داڕشتنی پەیوەندییەك بەپێی دەستوور و بەپێی ڕێككەوتن و بڕیارەكان، یان لەگەڵ كۆتایی هاتنی حكوومەتدا پاشەكشەی ئەم پەیوەندییە دەبینینەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەم پرسیارە لەڕاستیدا زۆر گرنگە. بەڕاستی ئەم پرسیارە لەگەڵ دەستپێكی هەر كابینەیەكی نوێی حكوومەتدا سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا سەر هەڵدەداتەوە. لە سەرەتادا مانگی هەنگوینی دەبێت و پاشان شتەكان تێك دەچن. بەڵام با بە شێوازێكی دیكە بیخەمە ڕوو. من پێم وا نییە جەوهەری كێشەكە لە كەسەكاندا بێت، جەوهەری كێشەكە لە كەسێكی دیاریكراودا نابینم. بۆ نموونە من نییەتی سەرۆكوەزیران بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق بە نییەتێكی زۆر باش دەبینم و، هەست دەكەم بەڕاستی دەیەوێت كێشەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات. بەڵام جەوهەری كێشەكە لە كوێدایە؟ جەوهەری كێشەكە لەوەدایە كە ئێمە دوای ساڵی 2003 پێناسەی سیستەمێكمان لە عێراقدا كرد بە ناوی عێراقی فیدراڵی دیموكرات. پرسیاری جەوهەری لە پرسی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەم خاڵەدا بەرجەستە دەبێت، پرسیارەكەش ئەوەیە: ئایا عێراق بەڕاستی عێراقێكی فیدراڵی دیموكراتە؟ یان عێراقێكی مەركەزییە؟ كێشە گەورەكە لێرەوە دەست پێ دەكات. كاتێك بەغدا دەڕوانێتە هەولێر، تێڕوانینێك لە بەغدا هەیە پێی وایە هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی فیدراڵی ڕەفتار ناكات، بەڵكوو وەك قەوارەیەكی كۆنفیدراڵی یان سەربەخۆ ڕەفتار دەكات. با واقیعی بین، ئەو شێوازەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا ڕەفتاری پێ دەكات مەركەزیترە لە هەموو سیستەمە مەركەزییەكان. جەوهەری كێشەكە لەدوای 2003وە تا ئێستا ئەوەیە ئێمە نەگەیشتووینەتە ئەم خاڵە یەكلاكەرەوەیەی كە ئایا عێراق مەركەزییە یان فیدراڵییە. سیستەمی عێراق و دەستووری عێراق كە 80٪ی عێراقییەكان دەنگیان پێی داوە، دەڵێت عێراق فیدراڵییە. تا ئەم ناكۆكییانەش لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی دانیشتن لەسەر مێزی دیالۆگی برایانە چارەسەر نەكرێن، دەڵێین سیستەمەكەمان فیدراڵییە. سیستەمی فیدراڵی واتە چی؟ واتە وەك عێراقییەك مافمان هەیە و ئەركمان لەسەر شانە، بەو شێوەیە وەك بەشێكین لە عێراق و وەك عێراقییەك. ئەوەی هەرێمی كوردستان دەیەوێت زیاتر نییە لە جێبەجێكردنی ئەم دەستوورە. ئێستا بەغدا بەپێی یاسا ڕەفتارمان لەگەڵدا دەكات، بەڵام ئەم یاسایانە دەگەڕێنەوە بۆ كەی؟ بۆ نموونە یاسا دارایییەكانی عێراق هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی پێش ساڵی 2003، یاسا كشتوكاڵییەكانی عێراقیش بە هەمان شێوە. ئەم یاسایانە ڕێگرن لە جێبەجێكردنی ئەم سیستەمە فیدراڵییە. بەپێی سیستەمی فیدراڵی ئێمە لە چوارچێوەی عێراقداین و دەبێت كێشەكانمان لەناو چوارچێوەی عێراقدا چارەسەر بكرێن و، بەغدا قووڵایی ستراتیژیی كورد و كوردستانە و، هەرێمی كوردستان قەوارەیەكە بەپێی دەستووری عێراق دانی پێدا نراوە و كێشەكانی دەبێت بەپێی دەستووری عێراق چارەسەر بكرێن. بەڵام ئەم ئەڵقەیە ئێستا لە پەیوەندییەكانی نێوان ئێمە و بەغدا ونە. دەبێت ئەمە چارەسەر بكرێت. بۆچی چارەسەركردنی ئەم بابەتە گرنگە؟ لە ڕووی سیاسییەوە ئێمە عێراقێكی ئاراممان بۆ سەرجەم پێكهاتەكان دەوێت و داهاتوویەكی باشمان بۆ عێراق دەوێت. كلیل بۆ چارەسەر و بۆ عێراقێكی یەكگرتووی ڕێكخراوی بێ كێشە لەگەڵ خۆی و دراوسێكانیدا، چارەسەركردنی كێشەكانە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بەپێی دەستووری عێراق و بۆ بەرژەوەندیی تەواوی عێراق. من نییەتی سەرۆكوەزیران زەیدی بە نییەتێكی زۆر باش دەبینم، ئەمەش واتای ئەوە نییە نییەتی سەرۆكوەزیرانی پێشوو خراپ بووبێت، بەڵام دەبینم تا ئێستاش درك بەم خاڵە نەكراوە لە بەغدا. دەبێت شتەكان یەكلا بكەینەوە، چونكە دوای ۲۳ ساڵ هێشتا داوای عێراقێكی فیدراڵی دەكەین، بەڵام با دانیشتنێكی جدی بكەین و بڕوانین ئایا ئەم عێراقە فیدراڵییە؟ سوێند دەخۆم فیدراڵی نییە و، ئەوەی ئەمڕۆ لای ئێمە هەیە وەك پەندە كوردییەكە دەڵێت “لە قوتووی هیچ عەتارێكدا نییە”، سیستەمێكی سەیرە؛ نە مەركەزییە و نە فیدراڵییە، تەنانەت خۆشمان نازانین چییە. كێشەكە ئەمەیە.

• خەریكە هەستێكی وامان لا دروست دەبێت كە هەردوولا ئاسوودەن بەم پێوەندییەی ئێستە وەك خۆی هەیە، تا ئێستا نە هەرێمی كوردستان بەرەو دامەزراندنی ئەم بنەمایە هەنگاو دەنێت و نە بەغدا بەرەو ئەم ئاراستەیە دەچێت. ئەوەی باستان كرد ئەڵقەیەكی سەرەكی نییە، بەڵكوو بنەمای سەرەكییە بۆ بنیاتنانی ئەم پەیوەندییە. لە ئەنجامدا، ئەوەی تا ئەم ساتە لە ئەلزەیدییەوە هەستتان پێی كردووە، ڕاستگۆیی تێدایە، بەڵام ئایا ئیرادەی سیاسیی لایەنەكانی تر بوونی هەیە یان نا؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەم پرسیارەم بە ڕاشكاوی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی كرد، ئەوەی پێی دەڵێن چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعی. لەڕاستیدا وای دەبینم ڕاستە دەبێت لەگەڵ سەرۆك وەزیراندا تاوتوێی بكەین، بەڵام ئەوانەی زیاتر پەیوەندیدارن بەم بابەتەوە ئەوانەن كە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا كۆبوونەتەوە و دەبێت لەگەڵ ئەواندا تاوتوێ بكرێت. لەگەڵ ئەوانیشدا تاوتوێمان كرد. لەدوای 2003وە ئەگەر بڕوانیتە ئەو قۆناغانەی عێراق پێیاندا تێپەڕیوە لەدوای 2003، دەبینیت عێراق بە قۆناغی زۆر سەختدا تێپەڕیوە لە كێشەی ناوخۆیییەوە تا دەگاتە شەڕی داعش كە یەقەی عێراقی گرتبوو، ئەمەش وای كرد كارە لەپێشینەكان كەمێك بگۆڕێن. بەڵام پێم وایە دوای هەموو ئەم قۆناغانه، ئەو قۆناغەی ئێستا پێی گەیشتووین قۆناغی چارەسەركردنی ئەم كێشەیەیە، ڕەوشەكە لە ئێستادا ڕێگەمان پێ نادات پاساو بهێنینەوە وەك شەڕی داعش و شەڕی دژی تیرۆر و شتی لەو بابەتە، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە بیر لە ڕێگەیەك بكەینەوە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانه و، چارەسەركردنی كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا، لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدادا ئەگەر ئەم چارەسەرە بێتە دی، عێراق دەچێتە قۆناغێكی نوێوە، قۆناغێكی زۆر باشتر لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەكانمان لەگەڵ براكانمان لە بەغدا. لە هەموو حاڵێكیشدا، سیاسەتی هەرێمی كوردستان بریتییە لە چارەسەركردنی ئەم كێشانه لە ڕێگەی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا.

• ڕەنگە پێویستمان بە حكوومەتێك بێت كە دروشمی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەرز بكاتەوە، تا ببێتە یەكەم كاری لە پێشینەی خۆی، چونكە حكوومەتی ئێستا دروشمی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا بەرز دەكاتەوە و ئەمە كاری لەپێشینەیە و، حكوومەتی پێشوو دروشمی خزمەتگوزارییەكان و، حكوومەتی پێش ئەویش بە هەمان شێوە… بۆیە پێویستمان بە حكوومەتێكە دروشمی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەرز بكاتەوە و پێم وایە ئەمە دەبێتە بابەتی سەرەكیی ئەو.

نێچیرڤان بارزانی: كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا بەشێكیشە لە چارەسەركردنی كێشەكە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا. بەڵام ڕای من ئەوەیە دەبێت بگەیەنە تێگەیشتنێكی هاوبەش بۆ بەرژەوەندیی عێراق، چونكە عێراق هیچ بەرژەوەندییەكی تێدا نییە بەردەوام بین لەسەر گوتنی ئەوەی كێشە لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەیە. دەبێت ئەم مەلەفە بەپێی دەستوور چارەسەر بكرێت.

• هیوادارین وا بێت، بەڵام ئەو لایەنە سیاسییانەی ئێستا لە عێراقدا هەن، تۆمەت دەبەخشنەوە. قەیرانی متمانەش هەیە. ئەم لایەنە سیاسییانە، سوپاس بۆ خوا تا ئێستا هیچ تۆمەتێك بۆ هەرێمی كوردستان نییە و دۆخ باشە و، هەمووان لە كۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا بەبێ هیچ تۆمەتێك دانیشتن. بەڵام ئەم لایەنە سیاسییانە خۆیان جۆرەها تۆمەت ئاراستەی هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەمەش لە قەیرانی متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەكان و هەرێمی كوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت. نازانین چ ناوێكی لێ بنێین، بەڵام واقعێكی سیاسی و قەیرانێك لەنێوان ئێوە و لایەنە سیاسییەكاندا هەیە، مەبەستم هەندێك لە سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعییە، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەو تۆمەتە زۆرانەیە كە دەیانبیستین، لەوانە بۆ نموونە كە دەگوترێت بارەگای مۆسادی ئیسرائیلی لە هەولێر هەیە و، هەولێر پەنای تیرۆریستان دەدات و، هەولێر هاوكاریی بەغدا ناكات، هەموو ئەم تۆمەتانە لەلایەن سەركردە سیاسییەكانەوە دەگوترێن. ئەمەش قەبارەی قەیرانەكە دەسەلمێنێت. وەڵامت چییە بۆ ئەم تۆمەتانە؟

نێچیرڤان بارزانی: لەڕاستیدا ئەم تۆمەتانە هیچ بنەمایەكیان نییە، مەبەستم ئەوەیە ئەوەی دەگوترێت هیچ بنەمایەكی نییە. یەكەم، پرسی پەیوەندییە دەرەكییەكان لە دەسەڵاتە تایبەتەكانی بەغدایە و ئێمە هەنگاوەكانمان لە چوارچێوەی سیاسەتەكانی بەغدادا دەنێین، ئەمە لەو ڕووەوەی كە پەیوەندیی بە پرسی پەیوەندییەكانەوە هەیە. بەڵام سەبارەت بە پرسی هاوئاهەنگی و مامەڵەكردن، ئێمە باشترین هاوئاهەنگیمان لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە و، لە ڕووی پەیوەندییە هەواڵگرییەكانەوە باشترین پەیوەندی لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەیە و، كاتێك دەڵێم هەولێر مەبەستم سەرجەم هەرێمی كوردستانە، باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا هەیە لە پرسی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریدا و، لەو ناوچانەی دەكەونە نێوان هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عێراقدا باشترین هاوئاهەنگی لەنێوان ئێمە و سوپای عێراقدا هەیە و، سەبارەت بە تۆمەتبارانیش هاوئاهەنگییەكی نایاب لەنێوان وەزارەتی ناوخۆی ئێمە و وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هەیە. لەڕاستیدا ئەم بابەتانەی باسیان لێوە دەكرێت، لە حاڵێكدا ئەگەر باس بكرێن، بە هیچ شێوەیەك بنەمایان نییە و، لەبری ئەوەی ئەم شتانە لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ببیستین بە ئامانجی دروستكردنی كێشەی كۆمەڵایەتی لەنێوان ناوچە جیاوازەكانی عێراقدا، پێم باشترە لەگەڵ خۆماندا قسەی لەسەر بكەن. ئێمە ئامادەین و كراوەین بۆ قسەكردن لەسەر یەك بە یەكی هەموو ئەم مەلەفانە.

• یەكێك لە قەیرانەكانی تر، قەیرانی دارایییە. هەمووان باسی ئەو قەیرانە دارایییە دەكەن كە عێراقی پێدا تێپەڕ دەبێت، قەیرانێكی زۆر مەترسیدارە. داخرانی گەرووی هورمز و لێكەوتە نێودەوڵەتییەكانی و نەبوونی داهات بۆ دەوڵەت، دڵەڕاوكێی لەلای هەمووان دروست كردووە، چ هاووڵاتییان و تەنانەت سیاسییەكان و سەركردەكانی وڵات. ئایا ترستان لە قووڵبوونەوەی ئەم قەیرانە هەیە؟ هەرێمی كوردستان بەبێ قەیرانیش بەدەست قەیرانی دارایییەوە دەناڵێنێت، ئەی چۆن لە سایەی ئەم قەیرانەدا؟

نێچیرڤان بارزانی: دیارە لە ئەنجامی ئەو قەیرانەی لە شەڕی نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل لە لایەك و ئێران لە لایەكی دیكەوە دروست بوو، لەڕاستیدا عێراق زەرەرمەندێكی گەورەی ئەم شەڕەیە. عێراق بەدەست دوو كێشەی گەورەوە دەناڵێنێت، یەكەمیان ئەوەیە كە كەرتی گشتی لە عێراقدا و ئەوانەی بە مووچەخۆرانی عێراق ناسراون ژمارەیان زۆر زۆرە، حكوومەت مانگانە پێویستی بە لانی كەم لەنێوان شەش بۆ حەوت ملیار دۆلار هەیە تەنیا بۆ ئەوەی بتوانێت مووچە بدات، ئەمە جگە لە پارەی وەبەرهێنان و شتەكانی دیكە. ڕێگەی هەناردەكردنی نەوتی عێراقیش هەمووی لە تەنگەی هورمزەوە دەڕوات و ئەم كێشەیەی تەنگەی هورمز وای كردووە عێراق ئەمڕۆ بە قۆناغێكدا تێپەڕێت كە پێویست دەكات سەرجەم هێزە سیاسییەكانی عێراق هەست بە بەرپرسیارێتی و بە مەترسیی ئەم ڕەوشە بكەن. ڕەوشی ئابووریی عێراق زۆر خراپە. بەڕێز سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕەوشی داراییی عێراقی بۆ هەموو ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە ڕوون كردەوە، باسی لە یەدەگی عێراق و لە بەرنامەی عێراق كرد. لەڕاستیدا هیوادارین قەیرانی ئێستا نەبێتە قەیرانێكی كۆمەڵایەتی. دەبێت سەرجەم هێزە سیاسییەكانی عێراق هاوكاریی حكوومەتی عێراق و سەرۆكوەزیران بكەن تا بتوانین لەم قۆناغە تێپەڕین. ئەمە قۆناغێكە من لە ڕووی ئابوورییەوە بە زۆر مەترسیداری دەزانم. بۆیە بەرژەوەندیی عێراق لە كۆتاییهاتنی شەڕ لە ناوچەكەدا لە نزیكترین كاتدا و لە دووبارە كردنەوەی تەنگەی هورمزدایە تا عێراق بتوانێت نەوتەكەی بۆ دەرەوە هەناردە بكات. سەبارەت بە هەرێمی كوردستان، ئێمە ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری و پشتیوانییەكین، بەڵام ئەم چارەسەرانە درێژخایەنن. ئەگەر عێراق بیەوێت هێڵێكی بۆری لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە ڕابكێشێت، ئێمە پێشوازیی لێ دەكەین و ئامادەی هاوكاریین لەم بابەتەدا و، ئەگەر بیانەوێت بۆ سووریاشی بگوازنەوە ئێمە ئامادەین. بەڵام ئەمانە هەموویان چارەسەری درێژخایەنن، چارەسەرە دەستبەجێیەكان لەوانەیە كۆمەڵێك چارەسەر بن كە پێویستیان بەوەیە سەرجەم هێزە سیاسییەكانی عێراق پشتی سەرۆكوەزیران بگرن و بەرپرسیارێتییەكە هەڵبگرن.

• ئەمە ئەوەیە كە هیوای بۆ دەخوازین، كە هەمووان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن و، هەڵوێستەكانی هەرێمی كوردستان ڕوونن و دیارن، بە تایبەتی دوای ڕێككەوتنی دوایی بۆ زیادكردنی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەكانییەوە و، هیوادارین چارەسەری دەستبەجێ هەبن چونكە چارەسەرە درێژخایەنەكان هاوكاریی عێراق ناكەن لەم بابەتەدا. جەنابی سەرۆك، لە هەمان بواردا باسی سووریا و دەرچوونی نەوت لە ڕێگەی بانیاسەوە دەكەین، سەردانێكی گرنگت بۆ سووریا هەبوو كە تێیدا لەگەڵ سەرۆكی سووریا، ئەحمەد ئەلشەرع، كۆبوویتەوە. هەندێك دەڵێن لە كاتی سەردانەكەدا لە پەیوەندیدا بوویت لەگەڵ بەڕێز عەلی ئەلزەیدی و تێڕوانینی بەڕێز عەلی ئەلزەیدی و هەندێك وردەكاریت گواستووەتەوە. بەڵام ئێمە ئەم زانیارییەمان هەیە و وردەكاریمان لا نییە كە چی لەو كۆبوونەوەیەدا گوزەراوە و دیارترین ڕێككەوتن و قسەوباسەكان چی بوون كە لەگەڵ سەرۆك ئەحمەد ئەلشەرعدا كردووتانە؟

نێچیرڤان بارزانی: لەڕاستیدا بە شەخسی پێش ئەم سەردانەم بۆ سووریا، چەندین جار لە توركیا چاوم بە جەنابی سەرۆك ئەلشەرع كەوتووە و داوای لێ كردووین سەردانی سووریا بكەین. سەردانەكەمان بۆ سووریا بە هاوئاهەنگی و ڕێككەوتنی تەواو بوو لەگەڵ سەرۆكوەزیران عەلی زەیدی لە بەغدا، نەك تەنیا لەگەڵ بەڕێز سەرۆكوەزیران، بەڵكوو پێش ئەم گەشتەم هاوئاهەنگیم لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی عێراقیش كردبوو. ڕاستە سەردانەكەم بۆ سووریا وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، بەڵام لە هەمان كاتدا وەك بەرپرسێكی عێراقییش بوو. كۆبوونەوەمان لەگەڵ جەنابی سەرۆككۆماری سووریا زۆر باش بوو. سووریا پێش هەموو شتێك دراوسێی ئێمەیە لە عێراق و، بۆ ئێمە زۆر گرنگە ئەم وڵاتە بە ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و ئابووری شاد بێت. لەڕاستیدا ئێمە وای دەبینین كە دوای ڕووداوەكان و دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، جەنابی سەرۆككۆماری سووریا بە شێوازێكی پلانداڕێژراو و ڕێكخراو هەوڵ دەدات سووریا لەم قۆناغەوە بۆ قۆناغێكی باشتر بگوازێتەوە و، پێمان وایە گەلی سووریا بە هەموو پێكهاتەكانیەوە شایستەی ژیانێكی باشترن و، دەبینین ئەم دەرفەتەی گەلی سووریا لە جەنابی سەرۆككۆمار ئەلشەرعدا بەرجەستە دەبێت كە دەیەوێت سووریایەكی سەقامگیر و ئاوەدان بنیات بنێت و داهاتوویەكی باشتر بۆ وڵاتەكەی دەستەبەر بكات.

لە لایەكی دیكەوە، جەختمان لەسەر هەندێك خاڵ كردەوە. یەكەمیان ئەوەیە كە ئێمە لە عێراقدا دەمانەوێت سنوورەكانمان پارێزراو بن، سنووری نێوان عێراق و سووریا ئارام و پارێزراو و بەبێ كێشە بن. لە ڕووی ئابوورییەوە جەختمان لەسەر ئەوە كردەوە كە ئێمە لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا پەیوەندیی ئابووریی باشترمان لەنێوان عێراق و سووریادا دەوێت و، سەرۆككۆماری سووریاش بەپەرۆشەوە خوازیارە ئەم پەیوەندییە پێش بكەوێت. لە لایەكی دیكەوە جەختمان كردەوە كە هەرێمی كوردستان ڕۆڵی هاوكار دەگێڕێت لە چارەسەركردنی كێشەكانیاندا، وەك ئەو كێشانەی لەنێوان ئەوان و هەسەدەدا هەیە لە چوارچێوەی سووریایەكی یەكگرتوودا و، ئێمە ئامادەین بۆ ئەوە، پێشتریش ڕۆڵمان هەبووە لە چارەسەركردنی ئەو كێشەیەدا و، بۆ جەنابی سەرۆككۆماری سووریامان دووپات كردەوە كە ئامادەین هەموو هەوڵێك بدەین لەپێناو چارەسەركردنی ئەو كێشانه. ئەوەی من هەستم پێ كرد ئەوەیە پرۆسەكە بە شێوەیەكی زۆر باش بەڕێوە دەچێت لەنێوان دیمەشق و هەسەدەدا و، سەرۆككۆمار جدییە لە چارەسەركردنی ئەم كێشانه لە چوارچێوەی سووریایەكی یەكگرتوودا.

سووریا دراوسێمانە و گەلی سووریا لە ڕۆژە سەختەكاندا هاوكاریی زۆری پێشكەشمان كردووە و ئێمە زۆر پەرۆشین بۆ ئەوەی سووریا داهاتوویەكی باشی بۆ سەرجەم پێكهاتە و نەتەوە جیاوازەكانی هەبێت، بۆیە ئێمە پشتیوانی لەم پرۆسەیە دەكەین. لە كاتی گەڕانەوەشمدا لەبارەی ئەم بابەتەوە پەیوەندیم بە سەرۆك وەزیرانمان، زەیدییەوە كرد و، هیوادارین لە داهاتوودا بەڕێز سەرۆكوەزیران سەردانی دیمەشق بكات و، هیوادارین جەنابی سەرۆكی سووریا سەردانی عێراق بكات و وەك دوو دراوسێ ئەم پەیوەندییانە بەرەو پێش ببەین.

• ڕەنگە یەكێك لە قسەوباسەكان پەیوەندیدار بێت بە كوردی سووریاوە، سەردانەكانی مەزڵوم عەبدی بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ هەولێر ئاماژە بەوە دەكەن كە مەزڵوم عەبدی بە ڕێزێكی زۆرەوە تەماشاتان دەكات و پێی وایە مەسعود بارزانی ڕابەری نەتەوەی كوردە. ئایا ئەمە دەرگا واڵا دەكات بۆ قسەكردن لەسەر پشتیوانیكردنی كوردی سووریا بۆ ڕاگەیاندنی هەرێمێك، یان بۆ جودابوونەوە و، ترس لای سوورییەكان لەم بابەتە دروست دەكات، یان ئێوە پشتیوانی لە یەكپارچەییی سووریا دەكەن و پشتیوانی لە كوردی سووریا و داكۆكی لە مافەكانیان دەكەن؟ یان پشتگیری لە یەكپارچەییی سووریا دەكەن و پشتیوانی لە كوردی سووریا و داكۆكی لە مافەكانیان دەكەن؟

نێچیرڤان بارزانی: دوای ڕووخانی ڕژێم لە سووریا، ئامۆژگاریی ئێمە كە ئاراستەی براكانمان كرد، چ لە هەسەدە یان لە ئەنەكەسە و سەرجەم حیزبەكانی كوردی سووریا، تەنیا لەسەر یەك شت كورت بووبووەوە، پێمان گوتن دەبێت ڕوو لە دیمەشق بكەن و ئاڵای سووریا لە سەرجەم ناوچەكانتاندا هەڵبكەن و كێشەكانتان لەگەڵ سووریادا چارەسەر بكەن. سەبارەت بە پرسی پێكهێنانی هەرێمێك، ئەگەر بڕوانیتە سووریا دەبینیت ئەوان ناتوانن داوای ئەوە بكەن كە لای ئێمە لە هەرێمی كوردستان هەیە چونكە لەپێش هەر شتێكی تردا جوگرافیایەكی یەكگرتوویان نییە. بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، ئێمە نامانەوێت دەستوەردان بكەین لە دیاریكردنی ئەو مۆدێلەی كە دەبێت لە سووریادا جێبەجێ بكرێت. ئەمە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە بەڵكوو پەیوەندیی بە سووریییەكانەوە هەیە. هەڵوێستی ئێمەش لە چارەسەركردنی كێشەكاندا بەردەوامە لە چوارچێوەی سووریایەكی یەكگرتوودا. بەڵام مۆدێلەكە چۆن دەبێت، دەبێت خۆیان لەگەڵ دیمەشقدا لەسەری ڕێك بكەون، ئەم بابەتەش تەنیا بۆ كورد نییە بەڵكوو بۆ پێكهاتەكانی دیكەشە وەك عەلەوی، دروز و مەسیحییەكان. ئەوەی لەگەڵ جەنابی سەرۆككۆماردا جەختمان لەسەر كردەوە، پێویستیی جێگیركردنی مافەكانی ئەم پێكهاتانە بوو لە دەستووری سووریادا. سەبارەت بە وردەكارییەكانی دیكە و چۆنیەتیی مۆدێلەكە، ئێمە دەست لە هیچ كام لەوانە وەرنادەین. ئێمە هاوكار دەبین و دەستوەردان ناكەین و تاوتوێكردنی ئەم بابەتانە بۆ خۆیان جێدەهێڵین تا لەگەڵ دیمەشقدا چارەسەری بكەن.

• پرسیاری كۆتایی، سەبارەت بە تێڕوانینتان بۆ ئاییندەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و، ئەو ململانێیەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە لەنێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل و شەڕی ئێران، هەروەها تێكەڵەیەك لە سیاسەتی تەوەرەكان كە بەسەر عێراقدا دەسەپێنرێت وا دەكات ببێتە بەشێك لە تەوەرێك لەسەر حیسابی تەوەرێكی تر.. پێشتر و لە هەموو ئەوانەی پێیدا تێپەڕین، عێراق پەیڕەوی سیاسەتی گرتنی دارەكەی لە ناوەڕاستەوە دەكرد، نە لەگەڵ ئێراندا دەبوو و نە لەگەڵ ئەمەریكادا و، پەیوەندییەكی هاوسەنگی لەگەڵ هەردوو لایەندا بنیات دەنا، بەڵام ئێستا بەپێی ئەوەی بینیومانە ئاراستەیەك لەلایەن حكوومەتەوە هەیە بەرەو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە بیانووی ئەوەی بەشێكی زۆر لە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی لەنێوان خۆی و ئەمەریكادایە و هیچ كێشەیەكی لەگەڵ ئێراندا نییە بۆ نموونە. ئایا عێراق ڕێگەی خۆی هەڵبژاردووە لە سیاسەتی تەوەرەكان و چووەتە پاڵ ئەمەریكا وەك تەوەرێكی هاوپەیمان، یان هێشتا دارەكەمان لە ناوەڕاستەوە گرتووە؟ و تێڕوانینتان چییە بۆ ئاییندەی پرۆسەی سیاسی لە چوارچێوەی هەموو ئەو ململانێیانەی لە ناوچەكەدا ڕوو دەدەن؟

نێچیرڤان بارزانی: بەپێی تێڕوانینی من، هەڵوێستی عێراق هەڵوێستێكی بێلایەنانە بوو لەو جەنگەی ڕووی دا. عێراق ناتوانێت لە دەوروبەری خۆی لە ناوچەكە داببڕێت و، عێراق ناتوانێت تەنیا پشت بە وڵاتێك ببەستێت، جا ئەو وڵاتە ئەمەریكا بێت یان هەر وڵاتێكی دیكە. لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە لە عێراقدا نەچینە ناو هیچ میحوەرێكەوە، چونكە عێراق توانای هەیە ڕۆڵە بێلایەنەكەی بگێڕێت. لە ماوەی جەنگەكەدا گەلێك تۆمەت ئاراستەی هەرێمی كوردستان كران، بەڵام ئێمە زۆر بێلایەن بووین، بۆ نموونە لە شتە گرنگەكان ئەوە بوو كە ڕێگریمان كرد لەوەی هەرێمی كوردستان بكرێتە سەكۆیەك بۆ دروستكردنی كێشە بۆ ئێران.

• بەڵام ئێران دەڵێت نەخێر، بەڵكو ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئێرانی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و ئامانجیان ئێرانە.

نێچیرڤان بارزانی: ڕێگەم بدە بپرسم ئایا هیچ كام لەم ئۆپۆزسیۆنانە ئەمەیان كردووە؟ هەرچەندە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فیلمی وەك فیلمەكانی جەیمس بۆندیان دروست دەكرد كە گوایە سنووریان بەزاندووە، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە ئێمە ڕێگریمان لە دروستكردنی هەر كێشەیەك كرد بۆ ئێرانی دراوسێمان لە ڕێگەی سنوورەكانی هەرێمی كوردستانەوە. بۆچی؟ چونكە بنەمای سەرەكی لای عێراق ئەوەیە كە عێراق نەبێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ دراوسێیەكی و، هەرێمی كوردستان كە لەناو عێراقدایە ڕێگە نادرێت ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئێران یان هەر وڵاتێكی دیكەی دراوسێ. ئێمە ڕێگەمان بەم هێزانە نەدا بپەڕنەوە. ڕاستە ئەم هێزانە لێرەن، بەڵام بوونیان لێرە هی ساڵێك یان دوو ساڵ نییە بەڵكوو هی 40 ساڵ پیش ئێستایە و بۆمان ماوەتەوە و، بابەتەكە ئەوەیە ئێمە دەمانەوێت ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت. بەڵام چۆن ئەم كێشەیە چارەسەر دەبێت؟ ئەم كێشەیە دەبێت ڕێگەچارەی بۆ بدۆزرێتەوە لەلایەن هەرێمی كوردستان و بەغداوە بە هاوئاهەنگی و هاوكاری لەگەڵ ئەم هێزانە خۆیان و لەگەڵ ئێراندا. بەڵام وەك بنەمایەك ئێمە دژی ئەوەین عێراق بكرێت بە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هەر دراوسێیەكمان.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *