دەست لەكاركێشانەوەی وەزیری نەوتی ئێران موحسین پاكنەژاد بێ هۆ نییە، بەڵكو لە ئەنجامی گوشاری جەنگە بەسەر بازنەی دەسەڵات لە ئێران، كە ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە بەردەوامی هەیە و وردەكاریی كۆبوونەوەیەكی نهێنی سەركردە باڵاكانی ئێرانیش ئاشكرا بووە و دووپات لەوە دەكاتەوە، سەركردەكان هاوڕان ئێران بە قورسترین كات تێپەڕ دەبێت و تا ئێستە دۆخی لەم شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
موحسین ڕەزایی ڕاوێژكاری باڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە میانەی كۆبوونەوە باڵاكەی سەرانی حكوومەت كە شەمووی ڕابردوو لە تاران ئەنجام دراوە، بە ڕوونی و راشكاوی ڕای گەیاندووە، ئێستە قورسترین كاتە كە وڵات ڕووبەڕووی بووەتەوە و تا ئێستە دۆخی لەمشێوەیە بەرۆكی ئێرانی نەگرتووە.
لە كۆبوونەوەكەدا جیا لە ڕەزایی، مەسعوود پزیشكیانی سەرۆك كۆمار و وەزیرانی حكوومەتەكەی بەشدارییان تێدا كردووە و نیویۆرك تایمز پەردەی لەسەر ئەو كۆبوونەوە نهێنییە هەڵداوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، سەرۆك كۆماری ئێران ددانی بە شێواوی دۆخی ئابووری وڵات ناوە، بەڵام بە پێویستی زانیوە حكوومەت شێوازێكی تر بۆ بەڕێوەبردنی ئەو دۆخە ناهەموارە بگرێتەبەر، لە تۆڕی ئێكسیش پزیشكیان شەمووی ڕابردوو دووپاتی لەسەر ئەو زانیارییانە كردەوە.
لە دوای هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەهای تمەنی ئێرانی بەردەوام لە داكشان و هەرەسدایە، بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوو ئەو دابەزینەی بەهای دراوی ئێرانی بازێكی گەورەتری دا و بە یەكجاری بەرەو دابەزین هەنگاو دەنێت، دوای ئەوەی گەمارۆی دەریایی و سزاكان و سزای كەرتی فڕۆكەوانیش بەسەر ئێران سەپێنران، بەوهۆیەوە تەنگژەی گرانی كاڵاكان لە ئێران بە تەواوی پەرەی سەندووە، لە كاتێكدا چەند ساڵێكە خەڵكی لەو دۆخەدا دەژین.
شرۆڤەكاران دەڵێن، گەمارۆی دەریایی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، سنوور و كۆسپێكی یەكجار گەورەی خستووەتە بەر توانای هەناردەكردنی نەوت لەلایەن ئێرانەوە كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی دەوڵەتە، لەسەر ئەو بنەمایەیش تەنگژەكانی تر دروست بوون.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو كارمەندانی كەرتی گشتی و تایبەت لە توێژی پەرستاران و مامۆستایان لە تۆڕی ئێكس وازهێنانی خۆیان لە كارەكانیان ڕاگەیاند، بەهۆی نەبوونی مووچە و بەشنەكردنی مووچە بۆ كڕینی پێویستییە سەرەكییەكانی ژیان.
هەروەها خانەنشینانی كەرتی گشتیی حكوومەت لە هەفتەی ڕابردوو خۆپێشاندانیان ئەنجام داوە و حكوومەت بەڵێنی پێ داون كە سەرجەم شایستە داراییەكانیان پێ دەدات، بەهۆیەوە ناڕەزایەتییەكان كەم بوونەتەوە.
سەرەڕای ئەوەیش، هێزەكانی ئێران بەردەوام دووپات لە داخستنی گەرووی هورمز بۆ وەستانەوە بە رووی گەمارۆ و سزاكانی ئەمەریكا دەكەنەوە، بەڵام ڕاستییەكان ئەوە دەردەخەن، ئێران توانای كۆنترۆڵكردنی گەرووی هورمزی لە دەست داوە، ئێستە ڕۆژانە زیاتر لە دەیان ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی وڵاتانی كەنداو بە گەرووی هورمز دەگەنە بازاڕی وزەی نێودەوڵەتی.
دانوستانەكان هەرەسیان هێناوە و جیاوازییەكان لە نێوان واشنتن و تاران زۆرن، ئەگەر و هەڕەشەی دەستكردنەوە بە پێكدادان لە نێوان هەردوولا بوونی هەیە، لەگەڵ ئەمانەیشدا ئەو دۆخە خراپەی لە ناوخۆی ئێران بوونی هەیە، وایكردووە بێ ئومێدییەكی تەواو بەرۆكی بەرپرسانی حكوومەتی ئێران بگرێت.
















Leave a Reply