مەتەڵە ئابوورییەکەی کوردستان کە کەس ناتوانێت شیکاری بکات!

بینەر: (4.9K)

محمد عەلى عەزیز

ئابووریی هەرێمی کوردستان بووەتە مەتەڵێکی هێندە ئاڵۆز کە نە شارەزایانی ئابووری و نە خودی بەرپرسانی حکومەتیش ناتوانن شیکارییەکی لۆژیکی بۆ بکەن. لە وڵاتێکدا کە ڕۆژانە بە سەتان تانکەر نەوت دەفرۆشرێت، خاڵە سنوورییەکان پڕن لە بارهەڵگری بازرگانی، و خەڵک باجێکی قورس دەداتە فەرمانگەکان، کەچی هێشتا قەیرانی مووچە، نەبوونی کارەبا، و گرانیی نرخی سووتەمەنی وەک مۆتەکەیەک بەرۆکی هاوڵاتییانیان بەرنادات! ئەمە ئەو پرسیارە گەورەیەیە کە ڕۆژانە لە مێشکی هەر تاکێکی کورددا دەسوڕێتەوە: باشە داهاتی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتە چەندە و دەچێتە گیرفانی کێوە؟ کاتێک پەرلەمان ئیفلیج کراوە و هیچ چاودێرییەکی سەربەخۆ لەسەر خەرجییەکانی حکومەت بوونی نییە، ئاساییە کە دەسەڵاتداران باسی “کورتهێنان” بکەن، چونکە هیچ کەسێک نییە لێیان بپرسێت ئەو ملیارەها دۆلارەی کە لە باج و نەوت دەستدەکەوێت بۆچی ناچێتە ناو خەزێنەی گشتییەوە؟ نەبوونی شەفافییەت و داپۆشینی ژمارە ڕاستەقینەکان وا دەکات خەڵک بڕوا بە هیچ ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی وەزیران نەکات، چونکە کاتێک ژمارەکان دەشاردرێنەوە، گومانەکان گەورەتر دەبن و گەندەڵی دەبێتە تاکە لێکدانەوەی لۆژیکی بۆ ئەم دۆخە.

گەورەترین کارەساتی ئەم نەبوونی شەفافییەتە ئەوەیە کە حکومەت لە جیاتی پێدانی زانیاریی دروست، بەردەوامە لە یاریپێکردنی سۆزی شەقام بە بیانووی “پەستانەکانی بەغدا” و “قەیرانی دارایی جیهانی”. بەڵام هاوڵاتییەک کە دەبینێت گەورەترین کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان و سامانی وڵات لەلایەن چەند کەسایەتییەکی سیاسییەوە قۆرخ کراوە، چۆن دەتوانێت باوەڕ بەوە بکات کە خەزێنەی حکومەت خاڵییە؟ ناڕەزایەتیی گشتی بەردەوام لە هەڵکشاندایە، چونکە خەڵک دەبینێت خەرجییەکانی حکومەت زیاتر بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی حیزبەکان و بەهێزکردنی هێزە ئەمنییەکانە تا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان. تا ئەو کاتەی سیستەمی حوکمڕانی لەبری پیشاندانی داهاتە ڕاستەقینەکان و چۆنیەتی خەرجکردنیان، سەرگەرمی شاردنەوەی دۆسیەکان بێت لە ژوورە تاریکەکاندا، ئەوا مەتەڵی ئابووریی کوردستان بە چارەسەرنەکراوی دەمێنێتەوە و گومانەکانی شەقامیش تادێت قووڵتر و تووڕەتر دەبن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *