له‌ ترسی راپه‌ڕین.. ئێران پەیكەری سوپا دادەڕێژێتەوە و ژمارەیەكی زۆری ئەفسەران دوور خرانەوە

بینەر: (1.4K)

سەرچاوەكان و بەرهەڵستكاران دووپات لەوە دەكەنەوە، بە فەرمانی موجتەبا خامنەیی، ئێران دەستی بە داڕشتنەوەی پەیكەری سوپای وڵات كردووە، ژمارەیەك زۆر لە ئەفسەرانی بە بنەچە كورد و عەرەب و ئازەری بە تۆمەتی جیاجیا لە پێگەكانیان دوور خستووەتەوە.

لە مانگی ئاب/ئۆگەستی ڕابردوو خامنەیی، عەلی عەبدوڵاهی فەرماندەی بارەگەی خاتەمولئەنبیای كردە سوپاسالاری گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران، داوای لێكرد پرۆسەی تێكەڵكردنی دەستەی سوپاسالاری سوپا لەگەڵ بارەگای خاتەمولئەنبیا تەواو بكات، هەموو هێزەكان بخرێنە ژێر فەرمانی بارەگای خاتەمولئەنبیا.

لە تەك پرۆسەی تێكەڵكردنی ئەو دوو دامەزراوە سەربازییە، دەست بە هەڵمەتی دوورخستنەوەی ئەفسەران كرا، ئێستە پرسیار لەبارەی پاڵنەرەكانی پشت ئەو هەنگاوە و كاتی ئەنجامدانی دروست بووە، چونكە ئێستە ئێران لە ژێر گوشارێكی قورسی سەربازی و ئابووریدایە.

ئەفسەرە دوورخراوەكان لە ژێر چاودێریی چڕدان و ڕێوشوێنی سەربازی توند لە دژیان گیراوەتەبەر، بەشێكیان لە سەربازگەكان ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.

سەرچاوەیەك لەوبارەیەوە بۆ كەناڵی “حوڕە” گوتی، لە ڕێی كەسانی ئۆپۆزسیۆنەوە زانیاری لە ناوخۆی ئێران پێگەیشتووە، ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئەفسەرانی سوپا كە لە بنەڕەتدا لە نەتەوەی كورد و عەرەب و ئازەرین، لە پێگەكانیان دوور خراونەتەوە و پێوەندییەكانیان سنووردار كراوە و چاودێری توندیان بەسەردا سەپێنراوە.

ئەو ئەفسەرانە بە تۆمەتی كەموكورتی لە ئەرك و دیارنەبوونی چەك و ئامێری پێوەندیكردن و دزەكردنی زانیاری لەلایەن ئەوانەوە تۆمەتبار كراون، لیژنەی هاوبەشی لێكۆڵینەوە لەلایەن پاسداران و سوپا لەسەریان پێكهێنراوە و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكەن.

زۆر لەو ئەفسەرانە چەندان ڕۆژە لە ناو سەربازگەكان ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێ، بێ ئەوەی هیچ زانیارییەك لەبارەی چارەنووسیان بە كەسوكاریان بدرێت.

هەرچەندە سەرچاوەكان دووپات لەو زانیارییانە دەكەنەوە، بەڵام بەرپرسانی ڕژێم بە فەرمی بە هیچ شێوەیەك باس لەو گۆڕانكارییانە و داڕشتنەوەی پەیكەری سوپا ناكەن و بە نهێنی ئەو پرۆسەیە ماوەتەوە.

یەكێكی تر لە دیوەكانی ئەو پرۆسەیە، گێڕانەوەی نەوەی یەكەم و دووەمی سەركردە و فەرماندەكانی سوپایە كە خاوەنی ئەزموونی زۆرن، چەندان دەیە خزمەتی ڕژێمیان كردووە و جێی متمانەی خامنەیی كوڕ و فەرماندە باڵاكانی پاسدارانن.

بەگوێرەی سەرچاوەكان، ئەو پرۆسەیە بۆ جەنگی دەركی لەگەڵ ئێران نییە، بگرە هەنگاوێكی پێشوەختەیە بۆ ڕێگرتن لە هەر جووڵەیەك لە ناوخۆی ئێران بۆ وەستانەوە بە ڕووی ڕژێم و هەوڵی لە دەسەڵاتخستنی ڕژێمی ئیسلامی لە ئێران.

سەڵاح ئەبو شەریف ئەمینداری گشتیی بەرەی دیموكراتی میلی ئەهواز كە زۆرینەی دانیشتووانی عەرەبن بۆ حوڕە گوتی، سوپای پاسداران ئێستە هەوڵی گێڕانەوەی ئەفسەرانی پێشوو لە نەوەی یەكەم و دووەمی ڕژێم بۆ خزمەت دەدات، بەهۆی ئەوەی زۆرترین وەلائیان بۆ ڕژێم هەیە، لەبری ئەوەی ئەو ئەفسەرانەی جێی گومانن و لە نەتەوەی ترن، لە پێگەكان بە تۆمەتی جیاجیا دوور دەخرێنەوە.

پرۆسەی دووبارە ڕێكخستنەوە و داڕشتنەوەی پەیكەربەندی سوپا، بە تەواوی ئاڵۆز و فرەجەمسەرە و پێوەندیی نێوان باڵە سەربازییە جیاجیاكانی ئێرانی بە وردی پێویستە كە لە دوای 1979 و سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دامەزراون، بارەگای خاتەمولئەنبیای ناوەندی كە لە 1984 دامەزراوە، ناوەندی سەركردایەتی و بەرپرسی سەرەكی سەرجەم پلانی ئۆپراسیۆنە سەربازییە گەورەكان و ئاراستەكردنی هێزە چەكدارەكانە، دوای هاشمی ڕەفسنجانی كە دامەزرێنەری ئەو بارەگایە بوو، فەرماندەكانی سوپای پاسداران سەركردایەتیی خاتەمولئەنبیا دەكەن.

هەریەك لە بارەگای خاتەمولئەنبیا و سوپای پاسداران لەلایەن ئەمەریكاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە، لە 2016یش ڕابەری پێشووی ئێران عەلی خامنەیی فەرمانی بە دووبارە ڕێكخستنەوەی بارەگای خاتەمولئەنبیا كرد، تا ببێتە قەوارەیەكی سەرباز و جیا لە دەستەی گشتی سوپاسالاری ئێران. لە كاتێكدا دەستەی گشتیی سوپاسالاری ئێران، باڵاترین دەسەڵاتی سەربازییە و ڕاستەوخۆ لە ژێر فەرمانی ڕابەری ئێرانە و ئەركی سەرەكی نەخشەڕێژ و پلاندانانی بەرگری و هێرشكردن و دیاریكردنی كاری لە پێشینەی سەربازی سەرجەم هێزە چەكدارەكانی وڵاتە.

كەمال عەبدولكەریم جێگری ئەمینداری گشتیی بەرەی عەرەبی بۆ ڕزگاركردنی ئەهواز گوتی، ئێستە پێچەوانەی بڕیارەكانی پێشوو، دەستەی سوپاسالاری گشتیش دەخرێتە ژێر دەسەڵاتی بارەگای خاتەمولئەنبیا، بۆ نەهێشتنی فرەبڕیاری سەربازی لەلایەن ڕژێمەوە و ڕێگرتن لە هەر هەڵگەڕانەوەیەكی چەكداری لە كاتە سەخت و پڕ لە تەنگژەكان، ئەمە چارەنووسی ڕژێمی پێوە بەندە، بۆیە پەلە دەكرێ لە جێبەجێكردنی و تەنیا دووبارە ڕێكخستنەوە و ڕێوشوێنێكی سەربازی ئاسایی نییە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *