كانیدانی وەزارەتە بەتاڵەكانی حكوومەتی عێراق كێن؟

بینەر: (1.4K)

حكوومەتی عێراق لە 14ی ئایاری رابردوو لە پەرلەمان متمانەی پێ درا و تا ئێستە نۆ وەزارەتی بەتاڵن، لەو ساتەوە هەوڵ هەیە بۆ پڕكردنەوەی ئەو وەزارەتانە، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی ناوخۆیی و گوشارەكانی ئەمەریكا یەكلا نەبووەنەتەوە، بڕیار بوو لە كۆتای هەفتەی رابردوو لە پەرلەمان دەنگ لەسەر كاندیدان بدرێت، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ناكۆكییەكان و بابەتی گرانكردنی نرخی دۆلار بۆ ئەم هەفتەیە دوا خرا.

سەبارەت بە كورد، شێروان دووبەردانی ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە پارتی بەنگین رێكانی، وەزیری پێشووی ئاوەدانكردنەوە، بۆ پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران و رێباز حەملانی بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن كاندید كردووە.

سەبارەت بە وادەی نوێی یەكلابوونەوەی كابینەكە روونی كردەوە، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی راگەیاندووە كە سبەی یەكشەم ناوی كاندیدی وەزارتە بەتاڵەكانیان بۆ رەوانە دەكات، بەو پێیەی دووشەم پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێك بیانخاتە دەنگدانەوە و پەسند بكرێن.

سەبارەت بە شیعە، موشریق فرێجی سەركردە لە هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییە رای گەیاند هێزە سیاسییە شیعەكان كاندیدی خۆیان بۆ پۆستە بەتاڵەكان یەكلا كردووەتەوە و لیستەكە لەوانە پێك دێت، یاسر سخێڵ كاندیدی وەزارەتی ناوخۆ لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، حەیدەر بەها كاندیدی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، محەمەد مووسەوی كاندیدی وەزارەتی كار لە بزاوی عەسائیب ئەهلولحەق.

سەفا كنانی كاندیدی وەرزش و لاوان لە رەوتی حیكمەی نیشتمانی، محەمەد ساحب دەراجی كاندیدی وەزارەتی ژیری دەستكرد، عەلی دەخیل كاندیدی وەزارەتی گەشتوگوزار لە فراكسیۆنی مونتەسیروون، هەریەك لە لەیس خەزعەلی لە بزاوی عەسائیب ئەهلولحەق و موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆك پێشووی پەرلەمان، كاندیدن بۆ پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران.

هەرچی هێزە سوننەكانە، محەمەد تەمیم لە حزبی تەقەدوم بۆ پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران كاندیدە، عەلی ئەعرەجی بۆ وەزارەتی بەرگری لە هاوپەیمانی حەسم و عەلی نعێمی بۆ وەزارەتی پلاندانان لە هاوەپەیمانی عەزم، زەید عەلی بۆ وەزارەتی رۆشنبیری لە هاوپەیمانی عەزم.

سەبارەت بە پێكهاتەی توركمان، بەپێی سەرچاوەیەك لە بەرەی توركمانی، وەزارەتی كاروباری دەوڵەت بۆ پارێزگاكان بە توركمان دەدرێت و كاندیدی ئەوان محەمەد سەمعان سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراقە، كە هاوكات پارێزگاری كەركووكە، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانیش دەدرێتە فراكسیۆنی سۆنا، ئەگەریش هەیە بە كاندیدێكی سازان بدرێت، چونكە تا ئێستە ناكۆكی لەسەرە.

هەر بەپێی زانیارییەكان حكوومەتی عێراق جیا لە دانانی چوار جێگر بۆ سەرۆك وەزیران، بە نیازە چەند وەزارەتێكی نوێ بۆ رازیكردنی هێزە سیاسییەكان دامەزرێنێت، لەوانە وەزارەتەكانی ژیری دەستكرد و گەشتوگوزار و كاروباری دەوڵەت، بڕیارە ناوی كاندیدی ئەوان لە گفتوگۆكان یەكلا بكرێتەوە.

بڕیارە تا ئەمشەو گفتوگۆ و دانوستانی هێزە سیاسییەكانی عێراق لەسەر وەزارەت و كاندیدی وەزارەتەكان بەردەوام بێت، بەتایبەتی هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، كە لە ماوەی دوایی ناكۆكییەكی گەورە لە نێوان هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و بزاوی عەسائیب ئەهلولحەق لەسەر پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران دروست بوو، كە یەكەمیان دانانی پۆستەكەی رەت دەكردەوە و دووەمیش تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی بە وەرگرتنی پۆستەكە بەستەوە.

لە ماوەی دوایی لە دوای سەردانی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، گۆڕانكاری گەورە لە عێراق روویان دا، بەتایبەتی لە دوای كشانەوەی هێزی سەربازی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لە كۆتای مانگی ئەیلوولی رابردوو، یەكێك لەوانە تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عێراق، كە پێنج مانگە ناتەواوە و چەند وەزارەتێكی بەتاڵن، بەتایبەتی بەرگری و ناوخۆ، بڕیار بوو هەفتەی رابردوو یەكلا بكرێتەوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ناكۆكییە سیاسییەكان و بڕیارە كتوپڕەكەی حكوومەتی عێراق بە گرانكردنی نرخی دۆلار، بابەتەكە بۆ ئەم هەفتەیە هاتە دواخستن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *