نووسەر و شرۆڤەكاری سیاسی بە ناوبانگی ئەمەریكا فەرید زەكەریا، لە وتارێكی لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست دووپات لەوە دەكاتەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ناتوانێ سەركەوتنی ڕاستەقینە لە جەنگی دژ بە ئێران بەدەست بهێنێت، تا ترەمپ خۆی یەكلا نەكاتەوە و ئامانجەكانی لە ئێران ڕوون نەكاتەوە، لەوەی واشنتن دەیەوێ سیاسەتی ڕژێم بگۆڕێت، یان كۆتایی بە دەسەڵاتی سیاسیی ڕژێمی ئێران بهێنێت.
زەكەریا هێما بۆ ئەوە دەكات، سەركەوتنی سەربازی قەبارەكەی هەرچەند بێ، بە مانای سەركەوتنی ڕاستەقینەی سیاسی نایەت، بەتایبەت كە جەنگەكە ئامانج و خواستی ستراتیجی ڕوونی نییە.
ئاماژەی داوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە حوزەیران/یۆنیۆی 2025 دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێرانیان بۆردمان كرد، بەر لەوەی دووبارە جەنگ لە شوبات/فێبرایەری ئەمساڵ دژ ئێران هەڵبگیرسێننەوە و ئامانجی فراوانتر بپێكن، ئەویش پێكانی سەركردە باڵاكانی ئێران بوو، تا ڕژێم بەرەو گۆڕین لار ببێتەوە و كۆتایی بێت.
لە بەرانبەر ئەو خواستە، تاران توانی خۆڕاگرانە بوەستێت و گەرووی هورمز دابخات كە پێنجیەكی نەوتی دنیای پێدا تێپەڕ دەبێت، ئەمە واشنتنی ناچار كرد، هەڵمەتی سەربازیی فراوان بۆ دووبارە كردنەوەی گەرووی هورمز ئەنجام بدات.
نووسەر دەڵێ، جیاوازییەكان زۆرن، ئەمەریكا توانی جەنگێكی پڕ لە تێچوو هەڵبگیرسێنێت بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی دۆخی ناوچەكە، گریمانە و پێشبینی ئەوەی كرد بە خێرایی لەو ئەركە هەنگاو بەرەو پێشەوە دەنێت و سەركەوتنێكی گەورە تۆمار دەكات. بەڵام جەنگ ئێستە بارگرانی زۆری خستووەتە سەرشانی ئابووری ئەمەریكا و توانا سەربازییەكانی، وەك وەزارەتی جەنگی ئەمەریكا ئاماژەی داوە، تێچووی جەنگەكە تا ئێستە 45 ملیار دۆلارە، پێشبینی دەكرێ مانگانەیش ملیارێك دۆلاری تری پێویست بێت، ئەگەر دۆخەكە بەوشێوەیەی ئێستە بەردەوامی هەبێت.
سەرەڕای ئەوەیش جەنگەكە بێ قوربانی لە ڕیزەكانی سوپای ئەمەریكا نەبوو و تا ئێستە 19 سەربازی ئەمەریكا كوژراون، هاوكات بەشێكی گەورەی مووشەكی پێشكەوتووی دژە هێرش و بەرگری ئاسمانی لە كۆگەكانی ئەمەریكا نزیكن لە تەواوبوون، قەرەبووكردنەوەی ئەو ڕێژە جۆرەی چەك و مووشەك چەندان ساڵ كاركردن و بودجەیەكی گەورەی پێویستە، لە كاتێكدا واشنتن ئەو چەكە زۆرەی بۆ ململانێ ستراتیجییەكانی تر پێویستە بە تایبەت لە زەریای هێمن.
لێكەوتەكانی جەنگ پێشبینییەكانی ئەمەریكای بە تەواوی گۆڕی و نرخی نەوتی خاویش لە بازاڕی دنیا بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرز بووەوە، ئەمە تێچووی سووتەمەنی بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان و كەلوپەلی خواردنیشی گران كردووە، سەرەڕای ئەوەی زیانی گەورە بە وڵاتانی كەنداو دەگات و تێچووی گواستنەوەی نەوت لەو ناوچەیە زۆر زیاتر دەبێ، جووڵەی گەشتیاری بۆ ئەو ناوچەیە پاشەكشە دەكات و ئەو وڵاتانە زیانی زۆریان بەردەكەوێت، ئەمەیش بە تەواوی لە دژی ئیماراتی هاوپەیمانی ئەمەریكایە.
بەردەوامی جەنگ گوشاری ئابووری لەسەر ماڵباتە ئەمەریكییەكان زیاتر دەكات و ئاڵۆزی و گرژی زیاتر لە بازاڕی وزەی نێودەوڵەتی دروست دەكات، بۆیە كێشەی گەوهەری ئەوەیە كە دژیەكی و ناتەواوی لە لێدوانە بەردەوامەكانی ترەمپ و جێبەجێكردنی فەرمان و ئەركەكان و بینینەوەی لە واقیعدا، لە هەندێ لێدوان ترەمپ باس لە كۆتایی ڕژێمی ئێران دەكات و لە هەندێكی تریش ئامانجیەتی گوشار لەسەر تاران دروست بكات، بۆ ئەوەی بە دوانستان ڕازی ببێت و دەیەوێ لەگەڵ ئێران بە ڕێككەوتنی ئاشتی بگات. كەچی بەردەوامیشە لە هەڕەشەی سەربازی بۆ سەر ئێران.
ئەو ناڕوونییە، ئەگەری یەكلاكردنەوەی جەنگ و ململانێكە بە تەواوی دوا دەخات، چونكە سەركردایەتیی ئێران ئامادە نین سازش بكەن، لە كاتێكدا لەو باوەڕەدان كە واشنتن سوورە لەسەر خستنی ڕژێمی ئێران لەسەر دەسەڵات، بۆیە كاتێك هەڵوێست و ئامانجی ئەمەریكا ڕوون نەبێت، كۆتایی تونێلەكە دیار نابێت.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا زەكەریا باس لە ئەزموونی جەنگی ئەمەریكا لە ڤێتنام و ئەفغانستان و عێراق دەكات، نایشارێتەوە كە سەركەوتنی سەربازی و وێرانكردنی تواناكانی دوژمن بەس نین، تا ئامانجی سیاسی هەمیشەیی دەستەبەر بكەین، جەنگەكان دواجار بە یەكلاكردنەوەی سیاسی كۆتاییان دێت، هێزی سەربازی یارمەتیی باشكردنی مەرجەكانی دانوستان دەدات، بەڵام ناتوانێ ببێتە جێگرەوەی چارەسەری سیاسی.
















Leave a Reply