سامانە سروشتییەكان: حكوومەتی عێراقی رێگە نادات یەك لیتر بەنزین بێتە ناو كوردستانەوە

بینەر: (6)

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، حكوومەت هەموو هەوڵێك دەدات رێگە بە بازرگانان بدرێت بەنزین لە دەرەوە هاوردە بكەن، ئامانجیش لەمە دابەزاندنی نرخی بەنزینی بازرگانییە.

لەبارەی هۆكارەكانی گرانبوونی نرخی بەنزین، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە كوردستان 24ی گوت: حكوومەتی عێراقی رێگە نادات یەك لیتر بەنزین لە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بێتە ناو هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا پێشتر بەشێك لە بەنزینی بازرگانی لەو ناوچانەوە دەهێنرا.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەو مادانەی بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی (موحەسەن و سوپەر) بەكار دەهاتن لە ئێرانەوە دەهات، بەڵام بەهۆی بۆردمانی ئەو كارگانەی لەلایەن ئەمەریكاوە بەرهەمیان دەهێنا، ئێستە رێژەیەكی زۆر كەم دێت و نرخەكەشی بەشێوەیەكی بەرچاو گران بووە.

لەبارەی دابینكردنی سووتەمەنی ناوخۆییەوە، سەرچاوەكەی سامانە سروشتییەكان روونی كردەوە، هەرێمی كوردستان 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەداتە پاڵاوگەكان و ئەوانیش بەرهەمەكەی بە رێژەی 30% بۆ پێداویستیی ناوخۆ دابین دەكەن كە نرخی هەر لیترێكی بە 750 دینارە. هاوكات باسی لەوەش كرد، هەندێك لە بازرگانان بارودۆخەكەیان قۆستووەتەوە، بەڵام تیمەكانی حكوومەت بەردەوام چاودێرییان دەكەن و رێگە بەو قۆستنەوەیە نادەن.

لەبارەی لێدوانەكەی وەزیری نەوتی عێراقیش، سەرچاوەكە رەتی كردەوە وەزیرەكە گوتبێتی ئەگەر هەرێم ئەو 50 هەزار بەرمیلە بدات، ئەوان سووتەمەنی دابین دەكەن. دووپاتی كردەوە، ئەو بابەتە دوورە لە راستییەوە، تەنانەت حكوومەتی عێراق بەنزین لە بودجەی سیادیشدا دەكڕێت و پشكی هەرێمیشی تێدایە، كەچی رەوانەی ناكات.

لە كۆتایی لێدوانەكەیدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رای گەیاند، داوایان لە حكوومەتی عێراق كردووە پشكی نەوتی خاوی هەرێم لە 50 هەزار بەرمیلەوە زیاد بكات، چونكە بەپێی شایستەكان و پشكی 12.6%، دەبێت نزیكەی 120 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بدرێتە هەرێم، ئەگەر ئەم رێژەیە زیاد بكرێت، دەتوانرێت تا 50%ـی پێداویستییەكانی بەنزین دابین بكرێت و كێشەكە تا ئاستێكی زۆر كۆنترۆڵ بكرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *