زانیاریی ورد لەسەر ئەو نیشانە جیهانییەی ڤاتیکان کە بە سەرۆک بارزانی بەخشرا

بینەر: (1.5K)

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ی ئابی 2026، دوای ئەوەی نیشانی ئاستبەرزی پاپای ڤاتیکان بە سەرۆک مەسعوود بارزانی بەخشرا، بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی بڵاو کراوەتەوە، خەڵاتەکە ناوی نیشانی “پیۆسی نۆیەم”ـە (Ordo Pianus) کە یەکێکە لە بەرزترین و دەگمەنترین ڕێزلێنانەکانی ڤاتیکان لەسەر ئاستی جیهان و تەنیا بە پاشا، سەرۆک و سەرکردە مەزنەکان دەدرێت لەپای خزمەتە گەورەکانیان بۆ پاراستنی ئاشتی و پێکەوەژیان.

بەپێی ئەو بڕوانامەیەی ڤاتیکان کە لە وێنەکەدا دەردەکەوێت و بە زمانی لاتینی نووسراوە، نیشانەکە لە جۆری (Order of Pius IX) یان بە لاتینی (Ordo Pianus)ـە. لە بڕوانامەکەدا ناوی سەرۆک مەسعوود بارزانی وەک سەرکردەی هەرێمی کوردستان (Regio Autonoma Corduenae Iraquiae) هاتووە.

هەروەها ڕێکەوتی دەرچوونی بڕوانامەکە دەگەڕێتەوە بۆ 12ی ئایاری 2025، کە لە ڕۆمای پایتەختی ڤاتیکان بە واژووی کاردیناڵ پیێترۆ پارۆلین، سکرتێری دەوڵەتی ڤاتیکان (کە هاوتای سەرۆک وەزیرانە) دەرچووە.

نیشانی “پیۆسی نۆیەم” چییە و کەی دروست بووە؟

ئەم نیشانە لە ساڵی 1847 لەلایەن پاپا پیۆسی نۆیەمەوە دامەزراوە. لە ئێستەدا بە بەرزترین خەڵات و نیشانی ڤاتیکان دادەنرێت کە دەدرێت بە کەسایەتییەکی سیاسی یان سەرکردەیەکی دەرەوەی کەنیسە و پیاوانی ئایینی. ئەم خەڵاتە چەند ئاستێکی هەیە، بەڵام بەگشتی تەنیا بەو سەرکردانە دەدرێت کە ڕۆڵی مێژووییان لە پاراستنی مرۆڤایەتی، ئاشتی و قووڵکردنەوەی پێوەندیی نێوان ئایینەکاندا هەبووە.

بە کێ دەدرێت و چەند کەس وەریگرتووە؟

وەرگرانی ئەم نیشانە زۆر دەگمەنن و ژمارەیان زۆر کەمە، چونکە ڤاتیکان بە مەرجی زۆر قورس و دوای هەڵسەنگاندنێکی ورد دەیبەخشێت. بەزۆری تەنیا دەدرێتە پاشای وڵاتان، سەرۆک کۆمارەکان، یان سەرۆک وەزیرانەکان لە کاتی سەردانە فەرمییەکانیان بۆ ڤاتیکان، یان لەپای هەڵوێستێکی زۆر گەورەی مرۆیی. پێشتر کەسایەتییە جیهانییەکانی وەک پاشای ئیسپانیا، سەرۆکی ئیتاڵیا و چەند سەرکردەیەکی تری ئەوروپی ئەم خەڵاتەیان وەرگرتووە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *