دادگاییكردنی مادۆرۆ لە نیویۆرك دەستی پێ كرد “من سەرۆكی وڵاتم و لە ماڵەكەم ڕفێنراوم”

بینەر: (1.5K)

لە شاری نیویۆركی ئەمەریكا، یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا و هاوسەرەكەی دەستی پێ كرد، مادۆرۆ لەبەردەم دادوەردا ڕەتی كردەوە هیچ تاوانێكی ئەنجام دابێت و ڕای گەیاند كە ئەو سەرۆكی وڵاتە و ڕفێنراوە.

ئەمڕۆ دووشەم پێنجی كانوونی دووەمی 2026، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی كردەوە، پڕۆسەی دادگاییكردنی مادۆرۆ بە تۆمەتی “بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر و تیرۆر” دەستی پێ كردووە.

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی (NBC)، مادۆرۆ لە كاتی دادگاییكردنەكەدا بە دادوەری گوتووە “من سەرۆكی ڤەنزوێلام و لە ماڵەكەی خۆمدا گیراوم”.

مادۆرۆ لە وەڵامی دادوەردا گوتوویەتی من بێتاوانم و هیچ كام لەو تۆمەتانەم ئەنجام نەداوە كە لە دادگا باس كران، تەنانەت پێشتر لیستەی تۆمەتەكانم نەبینیوە.

ئاژانسی (AP) ئاشكرای كردووە، مادۆرۆ پارێزەر “باری جەی پۆڵاك”ـی گرتووە بۆ بەرگریكردن لێی، كە هەمان ئەو پارێزەرەیە پێشتر توانیی “جولیان ئاسانج” دامەزرێنەری ویكیلیكس ئازاد بكات.

لەلایەکی ترەوە نوێنەری ڤەنزوێلا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، هێرشەكەی سێی كانوونی دووەمی بۆ سەر وڵاتەکەی و گرتنی مادۆرۆ بە “هێرشی چەكداریی نایاسایی و ڕفاندن” وەسف كرد و ڕای گەیاند، ئەمە پێشێلكردنی ئاشكرای یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەكگرتووەكانە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *