بۆچی یەكخستنی هێزی پێشمەرگە بۆ كوردستان و هاوپەیمانان گرنگە؟

بینەر: (4)

راگەیاندنی یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە و دوای هەوڵەكانی چەندان ساڵەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە هەنگاوی ئەرێنی بە دوادا دێت، بەتایبەت پرسی یەكخستن كە لە رێوشوێنێكی ئیدارییەوە گواستراوەتەوە بۆ رێوشوێنێكی نێودەوڵەتی.

دەركەوت یەكخستنی هێزی پێشمەرگە تەنیا پڕۆژەیەكی سەربازی نییە، هەنگاوێكە بەرەو دروستكردنی هێزێكی نیشتیمانی، دامەزراوەیی و پیشەیی كە متمانەی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بەهێزتر دەكات و توانای هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی خۆی زیاد دەكات.

پێشمەرگە لە مێژووی كوردستاندا ناوی بە خۆڕاگری، قوربانیدان و بەرگری لە خاك و خەڵكەوە بەستووەتەوە، لە شەڕی دژ بە داعشیشدا ئەم هێزە بووە یەكێك لە هاوبەشە سەرەكییەكانی هاوپەیمانان و بە رابەرایەتی سەرۆك بارزانی و هاوشانی مەسروور بارزانی دنیا پێی سەرسام بوو.

رڤینگ محەمەد شارەزای سەربازی و پەرلەمانتاری پێشوو پێی وایە كە خاڵی ئەرێنی گەورە لە یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دێتە دی، بەتایبەتی لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە كە ئەوە چەندان ساڵ بوو داخوازی هەمووان بوو.

روونیشی كردەوە، كاتێك هێزێكی سەربازی لە ژێر یەك وەزارەت، یەك زنجیرەی فەرمان و سیستەمێكی یەكگرتووی كۆنترۆڵدا كار دەكات، توانای بڕیاردان و جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنەكانیش زیاتر دەبێت، بۆیە یەكخستنی پێشمەرگە نابێت تەنیا وەك پرۆژەیەكی ئیداری ببینرێت، ئەمە پرۆژەیەكی بەهێزكردنی توانای بەرگریی هەرێمە.

بۆچی ئەمەریكا پشتیوانی لە یەكخستنی پێشمەرگە دەكات؟

پشتیوانیی ئەمەریكا لە ڕێفۆرمی پێشمەرگە شتێكی نوێ نییە، بەتایبەت كاتێك مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان جڵەوی یەكخستنی هێزەكانی گرتە دەست. وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا لە بەڵگە فەرمییەكانیدا دووپاتی لە دروستكردنی پێشمەرگەیەكی یەكگرتوو كردووەتەوە كە لە ژێر فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگە كار بكات، چەندان جاریش ئەوە لە بۆنەی فەرمی و نافەرمی دووپاتی لەسەر كراوەتەوە.

بە رای شارەزایانی سەربازی، واشنتن پێشمەرگە بە هێزێكی گرنگی بەرگریی هەرێم دەبینێت، بەڵام لە هەمان كاتدا پێی وایە ئەم هێزە دەبێت لە شێوەی هێزێكی دامەزراوەیی و یەكگرتوو كار بكات، وەك ئەوەی ئێستە كراون بە یەك هێزی یەكگرتوو و رێكخراو لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.

ئەو شارەزا سەربازییە دەڵێ‌، گەیشتنە ئەو قۆناغەی هێزێكی یەكگرتووی پێشمەرگە بەناوی كوردستانەوە هەبێت ئەوە هاوپەیمانێكی بەهێزتر، پشتیوانیی بەهێزتر دروست دەبێت، چونكە لە پێوەندییە سەربازییەكاندا متمانە گرنگە و هاوپەیمان كاتێك دەتوانێت بە شێوەیەكی كاریگەر پشتیوانی لە هێزێكی سەربازی بكات كە زنجیرەی فەرمان، بەرپرسیارییەكان و سیستەمی كۆنترۆڵی ڕوون بێت، بۆیە یەكخستنی پێشمەرگە دەتوانێت بناغەی پێوەندییەكی سەربازیی بەهێزتر لەگەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانان دابین بكات.

یەكێك لە گرنگترین لایەنەكانی پڕۆسەی یەكخستنی پێشمەرگە، جیاكردنەوەی دامەزراوەی سەربازییە لە پێوەندییە حزبییەكان جیا لەوەی یەكخستنی ژمێریاری هێزەكان كە ماوەی چەندان ساڵە بە بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان ژمێرەی هێزەكان یەكخراون.

پێشمەرگە مێژوویەكی درێژی هەیە و پێوەندیی بە پارتە سیاسییەكانەوە هەبووە. بەڵام ئەگەر پێشمەرگە ببێتە هێزێكی نیشتیمانیی یەكگرتوو، ئەوا سەرباز و ئەفسەرەكە لە پێش هەموو شتێك نوێنەرایەتیی دامەزراوەی بەرگریی هەرێم دەكات، نە پارتێكی سیاسی بەجۆرێك ئەم گۆڕانە دەتوانێت كاریگەرییەكی درێژخایەن هەبێت لەسەر متمانەی خەڵك بە دامەزراوە سەربازییەكان.

ئەمەریكا و هاوپەیمانان چی دەبینن؟

لێدوان و بەڵگە فەرمییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە ساڵانی ڕابردوو وێنەیەكی ڕوون دەدات كە هاوپەیمانان پێشمەرگە وەك هێزی یەكەمی شكاندنی داعش دەبینن جیا لەوەی هاوپەیمانان پێشمەرگە بە هێزێكی گرنگی بەرگریی هەرێم دەبینن، بەڵام دەیانەوێت ئەم هێزە لە شێوەی هێزێكی یەكگرتوو، نیشتیمانی و پیشەیی بەردەوام بێت، ئەمەیش بۆ هەرێمیش دەرفەتێكە بۆ ئەوەی پێشمەرگە لە ئاستی مێژوویی و خۆڕاگرییەوە بگوازێتەوە بۆ ئاستی دامەزراوەیی و پیشەیی.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *