ئەنكەرە گرەو لەسەر یاسای توركیای بێ تیرۆر دەكات و ئاڵنگارییەكانیش زۆرن

بینەر: (1.1K)

ئاسڵی ئایدن تاشباش بەڕێوەبەری پرۆگرامی توركیا لە پەیمانگەی برۆكینگزی ئەمەریكی، وتارێكی لە ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز لەبارەی دەركردنی یاسای توركیای بێ تیرۆر بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، ئەنكەرە دەیەوێ لە ڕێی ئەو یاسایەوە كۆتایی بە هەڵگەڕانەوەی چەكداری كورد دژ دەوڵەت بهێنێت كە چەندان دەیەیە بەردەوامی هەیە.

ئەو توێژەرە نووسیویەتی، هەنگاوەكی توركیا بەشێوەیەكی تایبەت بووە جێی سەرنجی هەمووان، بە ڕوانینی ئەوەی كە ئاسایشی نەتەوەیی توركیا بووەتە دۆسیەیەكی كاركردنی هەرە لە پێشینە لە چەند ساڵی ڕابردوو و ئێستەیش.

هەفتەی رابردوو پەرلەمانی توركیا دەنگی لەسەر یاسای توركیای بێ تیرۆر دا، لە ڕێی ئەو یاسایەوە ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان كە لە لیستی تیرۆری توركیادایە، دەتوانن بۆ توركیا بگەڕێنەوە و دەست بە ژیانێكی ئاسایی خۆیان بكەن، ئەمە دەرگە بە ڕووی كۆتاهێنان بە یەكێك لە درێژترین بزووتنەوەكانی هەڵگەڕانەوە لە دژی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكاتەوە.

لە ماوەی نزیكەی نیو سەدەی ڕابردوو، پەكەكە لە شەڕی چەكداری بووە دژی توركیا و داوای مافەكانی كورد و خۆبەڕێوەبەری دەكرد، ململانێ و پیكدادانەكان سنووری توركیای بەزاند و پەڕییەوە بۆ عێراق و سووریا و ئێران.

بەگوێرەی ئەو یاسا نوێیەی لە پەرلەمانی توركیا دەركرد، هەزاران چەكداری پەكەكە و پشتیوانانی كە لە گرتووخانەكانی توركیا بوونیان هەیە، یان ئەوانەی دوور خراونەتەوە و بەرەو وڵاتانی تر هەڵاتوون، ڕێگەیەك بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان و دەستكردن بە ژیانی ئاسایی خۆیان دەستەبەر بكەن، لەگەڵ ئەوەیشدا حكوومەتی توركیا و لە یاساكەیش خۆی بە دوور گرتووە لە وشەی “لێبوردنی گشتی”، بەهۆی هەستیاری دۆخی سیاسی و لێكەوت و باجی سیاسی كە لە ئەنجامی چەندان دەیە لە ململانێ لە ناو خەڵك و كۆمەڵگەی توركیا دروست بووە.

لە تەك ئەو یاسایە، كاروانی چاكسازی دیموكراسی لەخۆ نەگرتووە، بەڵام بە یەكێك لە باشترین هەنگاوەكان دادەنرێت كە توركیا دەیان ساڵە هاوێشتوویەتی بە ئاراستەی ئاشتەوایی نیشتمانی.

ئەو یاسایە و گەیشتن بەو دۆخەی ئێستە، ماوەی زیاتر لە ساڵێك دانوستانی پێویست بوو، دوای ئەوەی گۆڕانكاری ڕوون لە خەمڵاندنەكانی هەردوولا دروست بوو. سەركردایەتیی پەكەكە وا دەردەكەوێ كە گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی چیتر كردەی چەكداری ئامرازێك نییە، بتوانێ ئامانجە سیاسییەكانی پارتە سیاسییەكە وەدی بهێنێت، لە بەرانبەردا ئەنكەرەیش گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی كە دۆزی كورد لە توركیا ناتوانرێ كردەی سەربازی بە تەنیا چارەسەر بكرێت و كۆتایی به بزووتنەوەی داواكردنی مافەكانی كورد و دەرهێنانی لە ڕیشەوە بهێنێت. بۆیە پەنای بۆ ڕێڕەوی سیاسی و گفتوگۆ برد، وەك باشترین جێگرەوە.

لە مێژووی كۆن و ئێستەی توركیایش ئەوە بە تەواوی روون بووەتەوە، بزووتنەوە چەكدارییەكان بە هیچ شێوەیەك تەنیا بە ڕێگەی چارەسەری سەربازی ناتوانرێ كۆتاییان پێ بهێنرێت.

نووسەر دەڵێ، سەركەوتنی پرۆسەی چەكداران پێویستی بە هەنگاوبەندی و مەرجەوە هەیە، پێویستە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی لەلایەن هەردوولاوە هاوتەریب بگیرێتەبەر و دواجار ئامانجە سیاسییەكان بهێنرێنە دی، كە وەك جێگرەوەی كردەی سەربازی و چەكداری هەردوولا پەنایان بۆی بردووە.

گرووپە چەكدارەكان بەشێوەیەكی گشتی دەسبەرداری چەكەكانیان نابن، بەڵام ئەو هەنگاوە دەگرنەبەر، كاتێك بە تەواوی دەگەن بەو ئەنجامەی كە كردەی چەكداری ئامانجەكانیان بەدی ناهێنێت، لە بەرانبەردا چارەسەری سیاسی وا دەكات كە بنكەی جەماوەرییان بتوانن بە ئازادانە لە ڕێی ئامرازە ئاشتییەكانەوە دەنگی خۆیان بگەیەنن.

ئەوەی ئێستە پرۆسەكە جیا دەكاتەوە، پلەبەندی و هەنگاوبەندی پرۆسەیەكە كە لە توركیا دوای دەرچوواندنی یاساكە دەست پێ دەكات، بەشداربوونی سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت لەو ئەركە و جێبەجێكردنی بە وردی، ئاماژەیەكی باشی بە سەركەوتوویی چارەسەركردنی ئەو دۆسیەیەن.

ساڵی ڕابردوو پەكەكە ئامادەیی پێشان دا كە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و لە هەرێمی كوردستانیش ڕێوڕەسمێكی سیمبولی بۆ سووتاندنی چەكی چەكدارەكانی بەڕێوە چوو.

بەگوێرەی یاسا نوێیەكەیش دەوڵەتی توركیا دەستەبەری یاسایی هەزاران چەكداری پەكەكە بە گەڕانەوەیان بۆ ژیانی ئاسایی دەكات، بەڵام بە سوودوەرگرتن لەو هەنگاوانەیش، ئەو پرۆسەیە پێوەست كراوە بە لیكۆڵینەوەی ورد لەگەڵ چەكدارە گەڕاوەكان و خۆڕادەستكردنەوەیان بە توركیا.

لە بەشێكی تری یاساكە، ئەندامانی ئاسایی پەكەكە و ئەوانەی دەستیان بە تاوانەكان تێوەگلاوە لە یەكتر جیا كراونەتەوە، ئەمەیش ڕێ دەدات ئەوانەی پێشوو كە گیراون و دوور خراونەتەوە، بەهەمانشێوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان بگەڕێنەوە.

ئەمە دەرفەتێكی گەورە بۆ تێكەڵبوونەوەی ئەندامانی ئەو گرووپە بە كۆمەڵگە دەبەخشێت كە پێشتر دەركراون و سەركۆنە دەكران، هاوكات گەرەنتییەكیش بە هێزەكانی تەناهی توركیا دەدات كە ئەوان دەگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان، نەك دەستكردنەوە بە كردەی چەكداری لە ناوخۆی توركیا.

لە بەشێكی تری وتارەكەی نووسەر دەڵێ، كۆتاهاتنی شەڕی چەكداری پەكەكە و توركیا مانای كۆتاهاتنی دۆزی كورد لە توركیا نییە، گریمانەی سەرەكی لێرەیە كە ئێستە توركیا لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی ڕاستەقینەدایە و توانای كوردیش لە توركیا بۆ گۆڕینی داواكارییەكان لە ڕێی شەڕی پەرلەمان و سیاسییەوە بۆ خۆبەڕێوەبەری زیاتر، دەتوانێ بە تەواوی دۆخەكە سەركەوتوو بكات لەبەری ململانێی چەكداری، دەبێ كوردەكان شەڕی ئێستە لەسەر بردنەوەی كورسی پەرلەمان و بەرپرسی شارەوانی شارەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی بكەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *