ئیسرائیل خۆی بۆ قۆناغی سێیەمی جەنگ دژی ئێران ئامادە دەكات

بینەر: (1.1K)

ئەمڕۆ یەكشەم 11ی تشرینی یەكەمی 2026، ڕاپۆرتە میدیاییەكانی ئیسرائیل ئاماژە بە ئەگەری دەستپێكردنی قۆناغی سێیەمی شەڕ دژی ئێران دەكەن، ئەمەیش هاوكاتی ئەو فشارانەی سەرۆكی ئەمەریکایە كە دەیخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی بەتەنیا هێرش بكاتە سەر تاران تا كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەكانی ئەمەریکا دروست نەكات، لە كاتێكدا سوپای ئیسرائیل لەوپەڕی ئامادەباشیدایە.

ڕۆژنامەی “مەعاریڤ”ـی عیبری لە شیكردنەوەیەكدا بڵاوی كردووەتەوە، دۆسیەی ئێران هێشتا كۆتایی نەهاتووە، ئەگەری زۆر هەیە قۆناغی سێیەم نزیك بێت، گرنگ نییە چ حكوومەتێك لە ئیسرائیل دەسەڵات دەگرێتە دەست، چونكە خۆی ناچار دەبینێت مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بكات.

ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەیش كردووە كە ئەم هەڵسەنگاندنە پشتی بە چەند خاڵێك بەستووە، یەكەمیان ئەوەیە سەرەڕای ئەوەی فشارەكانی ئەمەریکا لە ڕێی گەمارۆی ئابووری و دەریاییەوە كاریگەرییان لەسەر ئێران هەیە، بەڵام هێشتا ئەو ئامانجەیان نەپێكاوە كە ئیسرائیل و ئەمەریکا دەیانەوێت.

زیاتر گوتی “ئامانجی باڵا بریتییە لە ڕووخانی ڕژێمی ئایەتوڵا لە تاران، ئامانجی لاوەكیش ڕادەستكردنی كەرەستە پیتێنراوەكانە بە ئەمەریکا یان وڵاتێكی ڕۆژئاوایی، داواكارییەكی تریش وەشاندنی گورزێكی كوشندەیە لە توانای مووشەكیی بالیستیی ئێران.”

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، لە كاتێكدا ئەو توانایانە لە دوو قۆناغی پێشووی شەڕدا زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە، بەڵام ڕاپۆرتەكانی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەكەن كە ئێرانییەكان بە یارمەتیی لایەنی دەرەكی خەریكی دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو سیستەمەن.

ڕۆژنامەكە لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ناو دەزگای تەناهیی ئیسرائیلەوە گواستوویەتیەوە، دۆخی ئێران هێندە خراپ نییە كە وێنا دەكرێت، ئێرانییەكانیش هێڵی سووریان نەبەزاندووە كە ئیسرائیل دیاری كردووە.

هاوكات بەرپرسێكی سەربازی دەڵێت، هەندێك لایەن بەرژەوەندییان لە ئاڵۆزكردنی دۆخەكەدا هەیە، چونكە ئەگەری هەیە قۆناغێكی تری شەڕ خزمەت بە بەرژەوەندییەكانیان بكات، بۆیە دەبێت بە پیشەییانە و وریاییەوە سەیری دۆخەكە بكەین.

زیاتر گوتی، سوپای ئیسرائیل و هێزی ئاسمانی لەوپەڕی ئامادەباشیدان، بەتایبەتی بۆ ئەو ئەگەرەی لایەنێك لە ئێران بڕیار بدات هەڵەیەك بكات و تەقە ئاراستەی ئیسرائیل بكات، چ بەهۆی ئەوەی هەست بكەن گەمارۆ دراون، یان بیانەوێت هەڵبژاردنەكان تێكبدەن، یانیش لەم كاتەدا بیانەوێت ڕووبەڕووی ئەمەریکا ببنەوە.

ئاماژەی بەوەیش كرد، هێزی ئاسمانی لە ئامادەباشیدایە بۆ بەرگریكردن لە ئاسمان و تێكشكاندنی هەر مووشەكێك كە بەم ئاراستەیە بهاوێژرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، بەرپرسە سەربازییەكە دووپاتی كردەوە، سوپای ئیسرائیل لە ئێستەدا ئامادەكاری بۆ لێدانی پێشوەختە دژی ئێران ناكات، ئەم بابەتە لەم كاتەدا لەسەر مێزی گفتوگۆ نییە.

بەپێی ڕۆژنامەكە، سوپای ئیسرائیل و دەزگای تەناهی بەڕوونی دووپاتی دەكەنەوە كە ئێران هێشتا هیچ هەنگاوێكی كردەیی نەهاویشتووە كە پێویست بە قۆناغێكی تری هێرش بكات، بەدڵنیاییشەوە ئەمە پێش هەڵبژاردنەكان ڕوو نادات.

ڕۆژنامەكە باس لەوەیش دەكات كە سوپای ئیسرائیل ئێستە چ لە غەزە و چ لە لبنان، سەركەوتوو بووە لە پاراستنی دۆخی “هێرشبەری-بەرگری” بەبێ پێشێلكردنی ڕێككەوتنی ئاگربەست. لەمبارەیەوە ڕوونی كردووەتەوە، لە غەزە، سوپای ئیسرائیل ڕۆژانە سێ بۆ چوار چەكدار لەناو دەبات، كە زۆربەیان كار بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی بزووتنەوەی حەماس و بنیاتنانەوەی هێزەكەی دەكەن، لە نێویاندا پڕكردنەوەی كەموكوڕییەكانیان، بەكارهێنانی چەك و دروستكردنی كۆگای تەقەمەنی.

هەروەها ئاماژەی بەوەیش كردووە، لە لبنان، حزبوڵا كار بۆ بەهێزكردنی تواناكانی دەكات، تا قەرەبووی كەموكوڕییەكانی بكاتەوە و خۆی پڕچەك بكات لەسەر هێڵێكی نوێی بەرگری.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *