ئەمەریكا لە رووی سەربازی و گەمارۆی دەریایی و سزای ئابوورییەوە، هەوڵی خنكاندنی ئێران و خۆڕادەستكردن و ڕازیبوون بە مەرجەكانی واشنتن لەلایەن تارانەوە دەدات، بەڵام ئایا تا ئێستە ئەو سێ ڕێڕەوە هاوتەریبە توانیویانە بگەن بە خاڵی شكاندن و ملكەچكردنی ئێران؟ تا تاران ناچار بە سازشكردنی زۆر بكات و سیاسەتەكانی خۆی بە تەواوی بگۆڕێت؟
ڕاپۆرتەكانی ئەمەریكا دووپات لەوە دەكەنەوە، وەزارەتی جەنگ هێزە چەكدارەكانی وڵاتەكەی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتێكی تری هێرشكردنە سەر ئامانجەكانی ئێران، هاوتەریب لەگەڵ ئەو هەڕەشانە، گەمارۆی دەریایی ئێران چووەتە ناو قۆناغێكی توندەوە، دوای ئەوەی دوێنێ یەكشەم فەرماندەی ناوەندی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست “سێنتكۆم” ئاشكرای كرد، بۆردمانی كەشتییەكی بازرگانییان لە ئاوەكانی كەنداوی عومان كردووە، پاش ئەوەی لە بەندەرێكی ئێرانەوە هەوڵی گەیشتنە ئاوەكانی دەریای عەرەبی داوە و پابەندی ڕێنوێنییەكانی هێزەكانی ئەمەریكا نەبووە، لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانەوە لە ناو ئاو كەشتییەكە پەكخراوە.
لە دیوێكی ترەوە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بەردەوامە لە سەپاندنی سزا بەسەر كەشتیگەلی سێبەری تاران و تۆڕەكانی گواستنەوەی نەوت لە ئێرانەوە و گەڕاندنەوەی پارە بۆ ئێران، بۆ ئەوەی سەرجەم دەرچەكان بە تەواوی دابخات كە چەندان ساڵە ئێران بۆ خۆدزینەوە لە سزاكان بەكاری دەهێنێت، واشنتن گرەو لەسەر كەمبوونەوەی داهاتی نەوت و بەرتەسككردنەوەی مامەڵەی ئێران لەگەڵ چین و ئیمارات و توركیا دەكات، ئەمانەیش ئامرازی گوشاری قورسن بەسەر ڕژێمی ئێرانەوە.
ستراتیجی ئەمەریكا لە سێ لاوە بە هاوتەریبی بەردەوامە، ئامادەیی سەربازی هەیە و گەمارۆی دەریایی بەردەوامە و سزاكانیش ڕۆژ دوای ڕۆژ قورستر دەكرێن، بەڵام پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە ئەو گوشارە زۆر و ڕێوشوێنە توندانە دەتوانێ ئەوە بەدی بهێنێت كە گورزی سەربازی نەیتوانی بیهێنێتە دی؟ ئایا دۆخی ناوخۆی ئێران گەیشتووە بە حاڵەتی تێكشكان و ملكەچبوون و سەرەتای سازشكردن و گۆڕینی سیاسەتەكانی ڕژێم؟
ئەو پرسیارە تەوەری گفتوگۆی كۆڕبەندێك بوو كە پرۆگرامی ئێران ئینتەرناشناڵ ئنسایت بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی ئەمەریكا ئەبرود میدیا، بە بەشداریی كیەری بیتسۆف بەرپرسی پێشوو لە نووسینگەی چاودێری سەرچاوەی بیانی لە وەزارەتی گەنجینە، پاتریك كلاوسۆن توێژە و ڕاوێژكار لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتەكانی ڕۆژهەڵاتی نزیك و محەمەد ماشین چیان گەورە شیكەرەوەی ئابووری لە ئێران ئینتەرناشناڵ ئەنجام درا.
هەرسێ پسپۆرەكە هاوڕان لەوەی ئێستە ئێران لە ژێر قورسترین گوشاری ئابووریدایە، دۆخەكە زۆر لەوە خراپترە كە لە ساڵانی ڕابردوو بوونی هەبوو و تاران خۆی لە سزاكان دەدزییەوە، بەڵام بەگوێرەی خەمڵاندنی ئەوان ئەوەی جیاوازە، سەرەڕای لاوازبوونی ڕژێم لە هەناردەكردن و هاوردەكردنی كاڵا و داهات، تا ئێستە ناچار نەبووە گۆڕانكاری لە ئامانجە سیاسی و تەناهییەكانی بكات.
پاتریك كلاوسۆن دەڵێ، یەكێك لە گرنگترین گۆڕانكارییەكان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمجارە، سەپاندنی كۆتوبەندە بەسەر هەناردەی نەوتی ئێران و زیانگەیاندنی گەورەیە بە ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە، ئەمەیش توانای ئێرانی لە ڕاهاتن لەگەڵ گوشار و سزاكان بە تەواوی كەم كردووەتەوە، بە بەراورد لەگەڵ قۆناغەكانی پێشوو.
زیاتر گوتی، مەسعوود پزیشكیانی سەرۆك كۆمار ددانی بەوەدا نا و دووپاتی لە قورسی دۆخی ناوخۆی ئێران كردەوە، بەر لەوەی ئێران بتوانێ ڕێگەی خۆدزینەوە لە گەمارۆ و سزاكان بدۆزێتەوە، سەرەتا ئێران پشتی بە نەوتی كۆگەكراو لەسەر كەشتییە نەوتهەڵگرەكان و نەوتی ئەمباركراوی لە چین بەست، بەڵام ئەو بڕە نەوتی لەو دوو شوێنە بوونی هەبوو، نەیتوانی ببێتە هۆی بەردەوامیدان بە ڕێگرتن لە كاریگەری گەمارۆكان لەسەر ئێران، چونكە ماوەكە درێژ بووەتەوە و ئەو نەوتەیشی لەو دوو شوێنەن بەرەو كۆتایی چوون.
ئەو گرفتە تەنیا پێوەست نییە بە نەوتەوە، بگرە ئێران بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە غازی سروشتی بۆ بەرهەمهێنانی وزە دەبەستێت، بەڵام زیانە زۆرەكان كە بەر ژێرخانی غازی ئەو وڵاتە كەوتوون، وایكردووە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان، گرفتی گەورە بۆ ئێران دروست ببێت، بۆیە ئێستە دەستی كردووە بە بەكارهێنانی سووتەمەنیی قورس و گاز بۆ بەكارخستنی وێستگەكانی كارەبا.
ئەمانە تەنگژەیەكی گەورەیان لە بەرهەمهێنانی كارەبا و بەردەوامی كاری كارگە پیشەسازییەكان و كەمی كەلوپەل لە بازاڕەكان دروست كردووە، بەو هۆیەشەوە ئابووری ئەو وڵاتە سێ پایەی سەرەكی كەوتووەتە لەرزین و دۆخی هەرەسهێنانەوە.
















Leave a Reply