گەورەترین کارگەی کەرپووچ لەسەر ئاستی جیهان لە هەولێر دەکرێتەوە

بینەر: (451)

ئەمڕۆ یەکشەم 30ی ئابی 2026، لە ڕاگەیەنراوێكی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر هاتووە کە گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی خشت و کەرپووچ لە هەولێر کەوتە کار، کە بە تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی ئەورووپی کار دەکات و توانای بەرهەمهێنانی 1200 تۆنی لە ڕۆژێکدا هەیە، هاوکات سەتان هەلی کاری بۆ گەنجان و ئەندازیارانی ناوخۆیی ڕەخساندووە.

لە ڕاگەیەنراوەکەی پارێزگاری هەولێردا هاتووە، هەریەک لە ساسان عەونی وەزیری شارەوانی، د. محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە یاوەریی سامان عارەب بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان، بژار مەلا خدر قایمقامی شارۆکەی قوشتەپە و دێدەوان خەلیل بەڕێوەبەری شارەدێی بێستانە، سەردانی کارگەی ئەکەد بریک سەربە کۆمپانیای حەقڵ تابووقیان کرد و لەلایەن حاجی ئەحمەد ماجدی خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی ماجدی و هیوا هۆڵدینگ، و هەورۆ ئەحمەد ماجدی سەرۆکی کۆمپانیای حەقڵ تابووقەوە پێشوازییان لێ کرا.

لە میانی سەردانەکەدا، هەردوولا باسیان لە بایەخی دامەزراندن و بەرەوپێشبردنی کۆمپانیای ناوخۆیی کرد لە پێناو دەستەبەرکردن و پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆیی، لەم ڕووەوەشەوە شاندی حكوومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ پەرەپێدانی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی دووپات کردەوە.

کۆمپانیای حەقڵ تابووق یەکێکە لە کارگە پێشکەوتووەکانی بەرهەمهێنانی خشت و کەرپووچ کە گەورەترین کوورە لە خۆ دەگرێت لەسەر ئاستی جیهان، بە توانای بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە و بەردەوامی نزیکەی 1200 تۆن لە ڕۆژێکدا. کارگەکە پێنج جۆری کەرپووچ بەرهەم دەهێنێت و بە تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی ئەورووپی و سیستمی ئۆتۆماتیک لە هەموو قۆناغەکانی بەرهەمهێناندا کار دەکات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *