گەشەی سیاسیی ڕاستڕۆکان و قۆناغێكی نوێی ئەورووپا

بینەر: (15)

ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساکسۆنیا-ئەنهاڵت لە شەشی ئەیلوولی 2026، دەکرێ وەک یەکێک لە نیشانە هەرە دیارەکانی گۆڕانی نەخشەی سیاسی ئەورووپا، خوێندنەوەی بۆ بکرێت. بەپێی پێشبینیی سەرەتایی ARD/Infratest dimap، پارتی AfD بە 44.5%ی دەنگەکان پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە، لە کاتێکدا CDU تەنیا 18.5%ی دەنگەکانی مسۆگەر كردووە. ئەمە بەرزترین ئەنجامی AfDیە لە هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی هەرێمی لە مێژووی خۆیدا بەدەستی هێنابێت (1) . (tagesschau.de)

بێگومان ئەمە تەنیا دیاردەیەک نییە لە ئەڵمانیادا ڕووی دابێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا لە 2024 پێشانی دا کە هێزە ڕاستڕۆ ناسیۆنالیست و ڕەخنەگرەکانی یەکێتی ئەورووپا، توانیویانە شوێنی خۆیان بەهێزتر بکەن، دوای هەڵبژاردنەکە، Patriots for Europe بە 84 کورسی بووە سێیەم گەورەترین گرووپی پەرلەمان و European Conservatives and Reformists ـیش 78 کورسی بەدەستهێنا (2)، ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە ڕاستڕۆکان چیتر هێزێکی پەراوێزخراوی سیاسی نین . (Europäisches Parlament)

هۆکارەکانی هاتنەپێشەوەی ڕاستڕۆکان تەنیا لە یەک بابەتدا کورت نابنەوە کە کۆچ و پەنابەرییە، بەڵکوو گرانی ژیان، ئاسایش، بێکاری، گۆڕانی دیمۆگرافی، ناسنامەی نەتەوەیی و کەمبوونەوەی متمانە بە پارتە نەریتییەکان، هەموویان بەشێکن لەو ژینگە سیاسییەی ڕاستڕۆکان تێیدا دەنگی زیاتر كۆ دەكەنەوە.

کۆچ یەکێکە لە هەستیارترین ئەو بابەتانەی یەکێتی ئەورووپای ناچار کرد لە ساڵانی ڕابردوودا پێداچوونەوە بە سیاسەتی کۆچ و پەنابەریدا بکاتەوە، «پەیمانی کۆچ و پەنابەری » EU، کە لە 14ی ئایاری 2024 پەسند کرا، لە 12ی حوزەیرانی 2026 دەست بە جێبەجێکردنی کرا، ئەم پەیمانە مەبەستی یەکخستنی پرۆسەی پەنابەری و بەهێزکردنی بەڕێوەبردنی سنوور و دابەشکردنی بەرپرسیارێتییە لە نێوان وڵاتانی ئەندام (3)، هەر لە 2026 ئەنجومەنی یەکێتی ئەورووپا (Council of the European Union)و پەرلەمانی ئەورووپا، لەسەر ڕێکارەکانی خێراترکردنی گەڕاندنەوەی ئەو بیانییانە ڕێک کەوتن کە مافی یاسایی مانەوەیان نییە (4) . (Rat der Europäischen Union)

ئەم گۆڕانکارییانە ئەوەمان بۆ دەردەخەن كە کاریگەریی ڕاستڕۆکان تەنیا کاتی پێکهێنانی حکوومەت دەست پێ ناکات، بەڵکوو بە زیادبوونی دەنگی ئەم پارتانە، دەتوانن پارتە ناوەندی و کۆنسێرڤاتیڤەکانیش ناچار بکەن لە بابەتەکانی سنوور، پەنابەری و گەڕاندنەوەیاندا، سیاسەتی توندتر بگرنە بەر و بەشێک لە سیاسەتەکانی ڕاستڕۆکان قبوڵ بکەن.

لە بواری ئابووریشدا وێنەکە ئاڵۆزترە، بەپێی Eurostat، بێکاری لە یەکێتی ئەورووپا لە 2025دا بە گشتی 6% بوو، بەڵام لە هەندێک وڵات و چینە کۆمەڵایەتییەکاندا زۆر بەرزتر بوو، بۆ نموونە، لە ئیسپانیا 10.5% و لە نێوان کەسانی کەم‌ خوێندەواردا 10.5% بوو (5)، هاوكات ڕێژەی دامەزراندن لە EU گەیشتبووە 76.1% کە بەرزترین ئاست بوو لە دەستپێکی ئەو زنجیرە ئامارییەوە (6)، واتە هەموو ئەو بەرەوپێشهاتنەی ڕاستڕۆکان ناكرێ تەنیا بە «بێکارییەوە» ببەسترێتەوە، چونکە هەست بە نادادپەروەری، گوشار لەسەر خانووبەرە و خزمەتگوزاری و ترسی داهاتوو، بەشێکی گرنگن لە هۆکارەكان. (European Commission)

ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت لە گەشەكردن، کاریگەریی دۆسیەی کۆچ تێدەپەڕێنێ، دەکرێت لە داهاتوودا گوشار بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی زیاتر بۆ دەوڵەتە نیشتمانییەکان، کەمکردنەوەی دەسەڵاتی برۆکسل، تووندترکردنی سیاسەتی سنوور، پێداچوونەوە بە سیاسەتی کەشوهەوا و گۆڕینی هەڵوێستی هەندێک وڵات لە سیاسەتی دەرەوە، زیاد ببێت. بەڵام ئەوەیش لە بیر نەکەین هەموو پارتە ڕاستڕۆکانی ئەورووپا یەک هەڵوێست نین، لەبارەی ڕووسیا، ئۆکرانیا، NATO، ئابووری و پێوەندیی نێودەوڵەتی، جیاوازیی بەرچاوییان هەیە. لەگەڵ ئەوەیشدا، نابێت وێنەکە بە شێوەیەکی تاکلاایەنە ببینرێت. بەپێی Eurobarometer ی پایزی 2025، 74%ی هاووڵاتیانی EU پێیان وابوو وڵاتەکەیان لە ئەندامێتی یەکێتییەكە سوودی بینیوە و 59% گەشبین بوون بە داهاتووی EU(7)، واتە بەرزبوونەوەی ئاستی دەنگەکانی پارتە ناسیۆنالیستەکان هێشتا بە مانای ڕەتکردنەوەی پرۆژەی “یەکێتی ئەورووپا” نییە لەلایەن زۆرینەی هاووڵاتییانەوە.

مەترسی یان گۆڕانکاریی سەرەکی لەوەدایە، پارتە نەریتییەکان نەتوانن وەڵامی دروست و باوەڕهێن بدەنە پرسیارەکانی کۆچ، گرانی، ئاسایش، ناسنامە و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ئەوكات ڕاستڕۆكان دەتوانن دەنگی ناڕەزایی بگۆڕن بۆ هێزێکی دیاریکەری ئاراستەی سیاسیی ئەورووپا، لەو حاڵەتەدا، گۆڕانەکە تەنیا گۆڕینی ناوی پارتە حوکمڕانەکان نابێت، بەڵکوو دەکرێت پێناسەی پێوەندی نێوان دەوڵەتی نیشتمانی و یەکێتی ئەورووپا خۆی بگۆڕێت.

سەرچاوەکان

• )1( ARD/Tagesschau & Landeswahlleiter Sachsen-Anhalt، Landtagswahl Sachsen-Anhalt 2026، 06.09.2026.

• (2( European Parliament Research Service، Size of political groups in the European Parliament، 2024.

• )3( Council of the European Union، Pact on Migration and Asylum، 2024–2026.

• )4( Council of the EU، Returns of illegally staying third-country nationals، 01.06.2026.

• )5( Eurostat، EU unemployment rate in 2025: 6.0%، 10.06.2026.

• )6( Eurostat، EU‌s employment rate grew above 76% in 2025، 17.04.2026.

• )7( European Commission، Standard Eurobarometer 104 – Autumn 2025.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *