ڕۆژنامەیەك نهێنیی یارمەتیدانی ئێستەی ئێران بۆ حووسییەكان ئاشكرا دەكات

بینەر: (854)

ڕۆژنامەیەكی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، ئێران پشتیوانی گرووپی ئەنساروڵا “حووسییەكان” دەكات، تا هێرشی گەورەتر و بەهێزتر بكەنە سەر شانشینی سعوودیە و هێزەكانی حكوومەتی شەرعی یەمەن، لەو ڕێگەیەشەوە یارمەتیی وردیان پێشكەش دەكات، بۆ دیاریكردنی ئامانج و پێكانی ئامانجەكان، جیا لە مەشقپێكردنی چەكداری حووسییەكان لەسەر درۆن و مووشەكەكان و چۆنیەتی هەڵدانیان و زانیاری هەواڵگری لەبارەی ئەو ئامانجانەی كە پێویستە بپێكرێن.

ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنال لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاوی كردووەتەوە، یارمەتییەكانی ئێران هۆكاری سەرەكییە تا حووسییەكان بتوانن هێرش بكەنە سەر سعوودیە و ئامانجە مەیدانییەكان بە خێرایی لەسەر زەوی بدۆزنەوە و بە درۆن و مووشەك بۆردمانیان بكەن، بە تایبەت دوای ئەوەی گرووپە چەكدارەكانە شریتی كەناراوەكانی یەمەنیان لەسەر دەریای سوور و دەوروبەری گەرووی بابولمەندەبیان كۆنترۆڵ كرد، ئەوێ شوێنێكی گرنگە بۆ خنكاندنی هەناردەی نەوتی سعوودیە و كاریگەری دانان لەسەر ئابووری دنیا.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، یارمەتییەكانی ئێران وایكردووە حووسییەكان تواناكانیان زیاتر بێت، بتوانن گوشاری گەورە لە بەردەم وڵاتانی ناوچەكە و ئاڵنگارییەكی گەورەیش بۆ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی دروست بكەن.

لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەی وۆل ستریت جۆرنالدا هاتووە، ئێران ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە پشتیوانی تەواوی حووسییەكان دەكات، بە تایبەت دوای ئەوەی سەنعای پایتەختی یەمەنیان كۆنترۆڵ كرد، بە بەلەمی ڕاوكردنی ماسی، چەك و كەلوپەلی سەربازیان بۆ ڕەوانە دەكات، چەكدارانی پاسداران و حزبوڵای لبنانیش بۆ ڕیزی حووسییەكان نێردراون، تا مەشق و ڕاهێنان لەسەر بەستنی مووشەك و درۆن و چۆنیەتیی بەكارهێنان و ئاراستەكردنیان فێری حووسییەكان بكەن.

كاتێك بەهۆی بۆردمانی بەلەمی ڕاوكردنی ماسی لەلایەن ئەمەریكا و ئیسرائیلەوە، ئێران چیتر نەیتوانی چەك و كەلوپەلی سەربازی بۆ حووسییەكان ڕەوانە بكات، ئەمجارە ڕێگەیەكی تری تاقی كردەوە، ئەویش ناردی چەك و كەلوپەلی سەربازی بوو لە ڕێی ژێر دەریاییەكانەوە.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، لە كاتی ئاگربەست و ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی عەلی خامنەیی ڕابەری پێشووی ئێران، چەند فڕۆكەیەكی ماهان ئایری ئێرانی گەشتیان بۆ یەمەن كردووە و لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حووسیییەكان نیشتوونەتەوە، فڕۆكەكان چەك و ئەفسەر و كەلوپەلی پێویستی درۆنیان هەڵگرتبوو، سەرچاوەكان دووپات لەو زانیارییانە دەكەنەوە.

بەهۆی ئاشكرابوونی ئەو زانیارییانە و ناردنی چەك و ئەفسەر و كەلوپەلی درۆن و مووشەك بۆ حووسییەكان، لەلایەن سعوودیە و هێزەكانی شەرعی یەمەن، فڕۆكەخانەی سەنعا بۆردمان كرا، بۆ ئەوەی چیتر توانای پێشوازیكردنی لە فڕۆكەی ئێرانی نەبێت، ئەمەیش سەرەتای دووبارە دروستكردنەوەی ئاگری پێكدادانەكان بوو.

محەمەد بەخیتی گوتەبێژ بە ناوی حووسییەكان گوتی، باسكردن لە بوونی ئەفسەری پاسداران و چەكی ئەوان، بیانوو هێنانەوەیە بۆ هێرشە بەردەوامەكانی سعوودیە بۆ سەر ئێمە.

كاتێك لە سەرەتای ئەیلوول/سێپتێمبەر، حووسییەكان پەلاماری شاری مەخایان لەسەر دەریای سوور دا و لە ماوەیەكی كەم توانیان كۆنترۆڵی بكەن، هێزەكانی حكوومەتی شەرعی یەمەن بە تەواوی پاشەكشەیان كرد، بۆ هەمووان ڕوون بووەوە حووسییەكان تاكتیكی پێشكەوتوو و نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەكان بەكار دەهێنن، ئەویش بریتییە لە هێری وشكایی و بۆردمانی مووشەك و درۆن بۆ سەر هێزی نەیاری ئەوان، جیا لەوەی فڕۆكەی چاودێری ڕاستەوخۆ بەرەكانی جەنگیان هەیە، دەتوانن جووڵەی هێزەكانی حكوومەتی شەرعی یەمەن بە ئاسایی ببینن، هەموو ئەوانەیش لەلایەن ئێرانەوە بۆیان ڕەوانە كراوە و مەشق و ڕاهێنانیشیان لەسەر كردووە.

لەگەڵ ئەوەیشدا دەسكەوتی حووسییەكان بە درێژایی دەریایی سوور و هەڕەشەی ئێران لە كەشتیوانی بە ناو گەرووی هورمز، توانیویانە چوارچێوەی هەڕەشەكردن بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە بە تەواوی فراوان بكەن و تێچووی جەنگەكە زۆر زیاتر لەسەر شانی ئەمەریكا بكەوێت.

سەرەڕای ئەوەی ئێران یارمەتی حووسییەكان دەدات، بەڵام ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، حووسییەكان سەربەخۆیی تەواویان هەیە و بەشێك لە چەكەكانیان خۆیان دروستی دەكەن و پارچەی چاككردنەوە و دروستكردنی درۆن و مووشەكی بالیستیكیش ڕاستەوخۆ لە چینەوە بۆ حووسییەكان هەناردە دەكرێت.

بەخیتی دەڵێ، دەنگۆی یارمەتیدانمان لەلایەن ئێرانەوە، پێشكەوتنەكانمان پەراوێز دەخات، جیا لەوەی ئێمە بەردەوام پەرە بە تواناكانی خۆمان دەدەین، بە پشتبەستن بە تواناكانمان دەتوانن لەمە دڵنیا ببنەوە.

هاوكات ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ ڕۆژنامەوانان گوتی، ئێران دەستوەردان لە كاروباری یەمەن ناكات و حووسیییەكان لایەنی كارا و سەربەخۆن، دەتوانن بڕیاری خۆیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆیان بدەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *