چیرۆكی مادەی هۆشبەر.. بە گرامێك خێزانێك هەڵدەوەشێتەوە

بینەر: (411)

فەرهاد باوكی ئاریانە، كە كوڕەكەی ماوەی چەندان مانگە بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە لە هەولێر گیراوە. ئەو چیرۆكی گرتنی كوڕەكەیە و مادەی هۆشبەر باس دەكات، داوایش دەكات كە دایك و باوكان زیاتر ئاگەداری منداڵەكانیان بن تا دووربن لە تاوانی مادەی هۆشبەر بەر.

فەرهاد بۆ “وشە” گوتی، چەند مانگێك لەمەوبەر كوڕەكەی لەلایەن مەفرەزەیەكی ئاسایشەوە گیراوە كاتێك ئۆتۆمبێلەكەی ماڵەوە بە دزیەوە بردووە و چەند هاوڕێیەكیشی لەگەڵ دابوون.

ڕوونی كردەوە كە لەكاتی پشكنینی ئۆتۆمبێلەكەیدا چەند كیسەیەكی بچووك دۆزراونەتەوە كە بە گوتەی دەزگا تەناهییەكان مادەی هۆشبەر بوون و لەوكاتەوە تا ئێستە ژیانیان لێ‌ تاڵ بووە و ئاریانیش لە زیندانە.

فەرهاد هۆكاری سەرەكی تووشبوونی كوڕەكەی بۆ تێكەڵبوون لەگەڵ هاوڕێی خراپ دەگێڕێتەوە، چونكە وەك خۆی دەڵێ‌، كوڕەكەی سەرقاڵی كاسبی بووە، بەڵام ماوەیەك بوو لە شەواندا فێری دەرەوە ببوو ئۆتۆمبێلەكەی ئەوی دەبرد.

بەهۆی گیرانی ئاریان و سەپاندنی یاسا بەسەریدا، دایكی تووشی نەخۆشییەكی دەگمەن بووە، وەك باوكی دەڵێ‌، خێزانەكەی بە تەواوی لە لێواری پەرتەوازەیدایە، بۆیە داوا دەكات كە دایك و باوكیان زیاتر ئاگەداری منداڵەكانیان بن.

لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان بەشێوەیەكی چالاكانە كارەكیان دەكەن و هیچ كەسێك لە بەكارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەر لەژێر چنگیاندا دەرناچێ‌، ئەوەیش هۆكاری سەرەكی بووە كە مادەی هۆشبەر تا ئاستێك روو لە كەم بوونەوە بكات.

بەڵام بەهۆی جووگرافیای كوردستان و هاوسنووری لەگەڵ ئێران كە سەرچاوەی سەرەكی هێنانی مادەی هۆشبەرە تا ئێستە نەتوانراوە كۆنترۆڵ بكرێت.

لە هەرێمی كوردستان یاسای سەرەكی لە بواری مادە هۆشبەرەكان یاسای ژمارە (١)ی ساڵی 2020 ـ یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەر و كاریگەرییە دەروونییەكانە، ئەم یاسایە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە و بەركارە.

بەپێی مادەی 30، ئەگەر كەسێك مادەی هۆشبەر بە مەبەستی بەكارهێنانی كەسی هەبێت، بیكڕێت، بیهێنێت، بەرهەمی بهێنێت، بیخاتە دەست، یان ڕووەكێكی هۆشبەر بچێنێت، سزا دەكرێت بە، زیندان لە یەك ساڵ تا سێ‌ ساڵ و غەرامەی مادی دەكرێت لە پێنج ملیۆن تا 10 ملیۆن دینار.

ئەگەر مەبەست بازرگانی/فرۆشتن بێت، سزا بە پێی جۆری مادە و خشتەكەی یاسا زۆر قورس‌ترە. بۆ نموونە، مادەی 25 دەڵێت ئەگەر كەسێك مادە هۆشبەر یان مادەی كاریگەری دەروونی هاوردە یان هەناردە بكات، یان بەرهەم/دروستی بكات بە مەبەستی بازرگانی بە شێوەی نایاسایی، یان ڕووەكی هۆشبەر بچێنێت بە مەبەستی بازرگانی، سزا دەكرێت بە سزای لەداردان یان زیندانی هەتاهەتایی.

هەروەها مادەی 26 بۆ هەندێك جۆری مادە، ئەگەر كەسێك بیهێنێتە دەست، بیكڕێت، بیفرۆشێت، بیگوازێتەوە، بیدات بە كەسێكی تر، یان ناوبژیوانی لە بازرگانیدا بكات بە مەبەستی بازرگانی، سزا لە زیندان و غەرامەی 30 تا 90 ملیۆن دینار دەبێت. بۆ جۆرەكانی تری مادەكانیش سزا جیاوازە.

یاساكە تەنیا «خواردن/كێشان»ی مادەكە بە تاوان نازانێت؛ هەڵگرتن، خاوەندارێتی، كڕین، فرۆشتن، گواستنەوە، دابەشكردن و هەندێك جۆری ناوبژیوانیش لە دۆخە نایاساییەكاندا تاوانن. مادەی نۆ بە ڕوونی ئەم كردارە قەدەغە دەكات، مەگەر بۆ مەبەستی پزیشكی یان زانستی و بە پێی مۆڵەت و مەرجەكانی یاسا بێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *