چۆن لە سەردەمی مەسروور بارزانی پێوەندی كوردستان و ئیمارات لە دیپلۆماسییەتەوە گۆڕا؟

بینەر: (717)

ئێوارەی ئەمڕۆ، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان گەیشتە ئەبوزەبی و بە گوێرەی راگەیەنراوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆكی دەوڵەتی ئیمارات كۆدەبێتەوە.

ئەبوزەبی و هەولێر

گەیشتنی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەبوزەبی، لە كاتێكدا پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیمارات بە ئاراستەی فراوانكردنی هاوكارییە ئابووری و ستراتیجییەكان دەڕوات، جارێكی تر گرنگیی ئەم پێوەندییە بۆ هەردوو لایەن دەخاتەڕوو.

پێوەندیی هەولێر و ئەبوزەبی تەنیا لە چوارچێوەی سیاسیی و دیپلۆماسیی نەماوەتەوە، بەڵكو پەلی گەورەی هاویشتووە بۆ وەبەرهێنانی گەورە و تەكنەلۆجیا و وزە.

سەرمایەی ئیماراتی و بازاڕی هەرێم

بۆ ئەبووزەبی، هەرێمی كوردستان تەنیا ناوچەیەكی سیاسی نییە؛ بەڵكو بازاڕێكی هەیە كە دەتوانێت بۆ وەبەرهێنانی درێژخایەن گرنگ بێت.

هەرێم لە هەمان كاتدا بەدوای سەرمایەی بیانییەوەیە بۆ پەرەپێدانی ژێرخان، كشتوكاڵ، گەشتوگوزار، پیشەسازی و تەكنەلۆجیا، بۆیە هاوكاری لەگەڵ ئیمارات دەتوانێت بەشێك بێت لە هەوڵی حكوومەتی هەرێم بۆ كەمكردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت و فراوانكردنی ئابووری.

هەولێر چی دەخوازێت؟

بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێوەندییەكە دەتوانێت دەرفەتێك بێت بۆ هێنانی سەرمایەی گەورە، تەكنەلۆجیا و پڕۆژەكانی ژێرخان.

هەروەها پێوەندییەكی بەهێزتر لەگەڵ یەكێك لە دەوڵەتە دارایییە بەهێزەكانی كەنداو دەتوانێت هەرێم لە ڕووی ئابوورییەوە زیاتر بخاتە سەر نەخشەی سەرمایەگوزاریی ناوچەیی.

هەموو ئەوانە بە بناغەیەكی تۆكمە لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستانەوە كاری لەسەر دەكرێت و هەنگاوی رژدی بۆ نراوە.

ئیمارات بە شێوەیەكی ڕوون هەوڵ دەدات وەبەرهێنانی خۆی لە هەرێمی كوردستان زیاد بكات لە 2025 دا ئیمارات نوێنەرێكی تایبەتی بۆ كاروباری ئابووری لە هەرێم دیاریكرد، كە ئاماژەیەكی گرنگە بۆ ئەوەی ئەبووزەبی هەرێم بە بازاڕێكی گرنگ دەبینێت.

لە دیداری پێشووی مەسروور بارزانی لەگەڵ وەزیری پیشەسازی و تەكنەلۆجیای پێشكەوتووی ئیمارات لە شوباتی 2026، بە تایبەتی باس لە وزە، سەرچاوە سروشتییەكان و تەكنەلۆجیا كرا.

هەردوو لایەن زۆرجار لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچەكە قسە دەكەن، لە مانگی ئایاری 2026دا مەسروور بارزانی لەگەڵ محەمەد بن زاید گفتوگۆی تەلەفۆنی كرد و هەردوو لایەن دووپاتیان لە بەهێزكردنی پێوەندییەكان و سەقامگیریی ناوچەكە كرد.

عەبدولستار ئەحمەد چاودێری سیاسیی دەڵێ‌، مەسروور بارزانی لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرنجی بۆ بایەخی پێوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی ڕاكێشا، وەك بنەمایەكی سەرەكی لە ستراتیجیەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دروستكردنی ڕایەڵەیەكی بەهێز لەگەڵ دنیای دەرەوە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان بڕەخسێت لە بوارەكانی گەشەپێدانی سیاسی، ئابووری، تەناهی و كۆمەڵایەتی و لایەنە پێویستییەكانی تری ژیان لە هەرێمی كوردستان لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی هەرێمی كوردستان و ناساندنی هەرێم بە دنیای دەرەوە.

ئەو دەڵێ‌، پێوەندییەكان هەندە لە ئاستێكی بەرزدان، ئیمارات وەك وڵات مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردووە، تەنانەت كاتێك سەرۆك وەزیران ساڵی 2022 سەردانی ئیماراتی كرد ئاڵای هەرێمی كوردستانیان وەك بەشێك لە پرۆتۆكۆڵی فەرمی دیپلۆماسی لە پێشوازی دانابوو.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *