هەنگاوەكانی عەلی زەیدی بۆ چاودێرانی سیاسی شوێنی گومانن و بەشێكیان پێیان وایە، ئەگەر لە ئێران و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و مەرجەعییەتی شیعە گڵۆپیان بۆ چارەسەری میلیشیاكان هەڵنەكردبێت، زەیدی ئەو توانایەی نییە ئەو كارە بكات.
عەلی زەیدی فشاری زۆری لەسەر میلیشیاكان دروست كردووە و بڕیاریشە 30ی ئەیلوول دوا دەبێت بۆ رادەستكردنی چەكی ئەو گرووپانە، چاودێران پێیان وایە پێ دەچێت ئێرانیش بەوە رازی بێت.
سەمیع فەیسەڵ كە چاودێرێكی سیاسییە، لەمبارەیەوە بۆ “وشە” پێی وایە ئەوەی زیدی دەیكات ئەگەر ئێران بەرپرسانی باڵای عێراقی لەگەڵ نەبن، بەخەونیش نایەتە دی.
گوتیشی، پێدەچێت ئێران بەوە رازی بێت ئەو هێزانە لە چوارچێوەی سوپادا رێكیان بخەنەوە، بەڵام ئەوە بۆ عێراق هیچ ناگۆڕێت، چونكە هەمان دەسەڵات و هێزیان دەبێت و هەر بەشێكن لە هێزی ئێرانی لە عێراق.
فشارەكانی زەیدی بەشێكی زۆری شیعەی نیگەران كردووە و گرووپەكانیش داوای خۆپێشاندان دژی سەرۆك وەزیران دەكەن، ئەگەر زەیدی بەردەوام بێت رەنگە دۆخەكە بتەقێتەوە، بەڵام ئێران رێ بەوە نادات.
گرووپی ئەسحابولكەهف سەربە بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، بانگەوازی ئەنجامدانی خۆپێشاندانی فراوان بۆ پشتگیریكردن لە چەكی گرووپەكان و حەشدی شەعبی دەكات.
گرووپی “ئەسحابولكەهف” سەربە بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، لە ڕاگەیەنراوێكی نوێدا داوا لە لایەنگرانی و خەڵك دەكات بە شێوەیەكی چالاك بەشداری لە كۆبوونەوە و خۆپێشاندانەكان بكەن.
ئامانجی ئەم بانگەوازە گەیاندنی پەیامێكی ڕوونە بۆ پشتیوانیكردنی هێزە چەكدارەكان و پاراستنی چەكی گرووپەكان و حەشدی شەعبی لە بەرانبەر پێشهاتەكانی ئێستەدا.
گرووپەكان بەگشتی هێزێكی گەورەی جەماوەریان هەیە كە دەتوانن كارێك بكەن زەیدی كۆتایی پێ بێنن، بەڵام كۆتایی زەیدی كێشەی گەورە بۆ عێراق دروست دەكات و فشارەكانی بەقورسترین شێوە جێبەجێ دەكات.
بەبڕوای چاودێران لە كۆتاییدا ئەمەریكا ئەو دۆخە لەبەرچاو دەگرێت كە ناكرێت ئێران بەتەواوی لە عێراق دەربكرێت، بەڵام دەكرێت لەناو داودەزگای سەربازی باڵەكانی ئێران رێكبخرێنەوە، زۆرینەی چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئێستە لەوە زیاتر ناكرێت.
















Leave a Reply