وردەكاریی ڕێككەوتنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و میلیشیاكان بۆ چەكدانان

بینەر: (974)

دوای چەندان كۆبوونەوەی ماوەدرێژ، سەركردەكانی هاوپەیمانی فەرمانڕەوای عێراق گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە توانای یەكلاكردنەوەی دانوستانەكانیان لەگەڵ نوێنەری گرووپە میلیشیاكانی ئێران هەیە، دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لەسەر دۆسیەی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت، بەگوێرەی زانیارییەكانیش ئەو پرۆسەیە درێژە دەخایەنێت و تا 2028 بەردەوامی دەبێت.

ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەت لە زاری سەرچاوە تایبەتەكانیەوە بڵاوی كردووەتەوە، بەر لە هێرشەكەی میلیشیاكان بۆ سەر بۆڕییە نەوتییەكەی سعوودیە، میلیشیاكان سەركەوتوو بوون لە پووچەڵكردنەوەی پلانی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت، دوای ئەوەی عەلی زەیدی زۆرترین گوشاری لەسەر چڕ كردبوونەوە، بەڵام ئەوان توانیان ئامراز و میكانیزمەكانی گوشاری دەست زەیدی كۆتایی پێ بهێنن.

لە سەرەنجامی ئەمەیشدا بێ ئومێدی و ڕەشبینی بە حكوومەت و دەسەڵاتی سیاسی عێراقەوە دیارە، لە میانەی كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسێكی ئەمەریكیش كە بەمدواییە سەردانی عێراقی كرد، بەرپرسێكی باڵای كورد دووپاتی كردووەتەوە، سیستمی سیاسی هاوشێوەی پاسێكی كۆنە و بە خێرایی لە شوێنێكی لێژەوە بەرەو خوارەوە دەڕوات، بێ ئەوەی ستۆپی هەبێت.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئەندامانی لیژنەی دانوستانكردن بۆ كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت، كە لە نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی پێشوو و هادی عامری سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر پێكهاتوون، چەندان سەعات لە چوار كۆبوونەوەی جیاجیا بەلای كەمەوە، لەگەڵ نوێنەری میلیشیاكان دانیشتوون، بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیەی چەكداماڵینی میلیشیاكان، دواجار گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە میلیشیاكان چەك بەكار نەهێنن، بەڵام چەك لای خۆیان دەمێنێتەوە.

سەرەڕای ئەوە لێكگەیشتنێكی سەرەتاییە و نوێنەری میلیشیاكانیش قبووڵیان كردووە، بەڵام ئەوە وەك بۆمبێكی كاتی بۆ دانراوە و لە هەر كاتێك میلیشیاكان دەتوانن چەك بەكار بهێننەوە، بۆیە هەر ڕێككەوتنێك بە مانەوەی چەك لای میلیشیاكان بە مەرجی بەكارنەهێنانیان سەركەوتنی میلیشیاكانە، زانیارییەكان ئەوەیش دەردەخەن كە لە كۆبوونەوەكان باس لەوەیش كراوە، پرۆسەی چەكداماڵین كۆتایی نایەت، بگرە هەنگاو بە هەنگاو تا ساڵی 2028 بەردەوامی دەبێت، تا لەو ساڵە میلیشیاكان ڕازی دەبن چەكەكانیان ڕادەست بكەن.

زۆرن لەو باوەڕەدان كە دانانی خشتەیەكی كاتی بۆ ڕادەستكردنی چەكی میلیشیاكان، ڕەنگدانەوەی ڕوانین و پێشنیازەكەی محەمەد باقر قالیبافی سەرۆكی پەرلەمانی ئێرانە كە داوای لە میلیشیاكانی سەربە ئێران لە عێراق كردبوو، كات بكڕن.

لەو چوارچێوەیەوە سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هاتنە ناو یارییەكە و دوای چەند مانگێك لە لەدەستدانی دینامیكییەتی سیاسی و كاریگەرییان بەسەر میلیشیاكانەوە، لە ژێر كاریگەریی گوشاری ئێران بە گشتی و قالیباف و سەركردەكانی تر كە بەمدواییە سەردانی بەغدایان كرد، ئەو دەرفەتەیان بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستەبەر كرد، تا حكوومەتی زەیدی بخەنە ژێر بارێكی شەرمەزاركەرەوە، بەتایبەت كە ئەمەریكا بێ مەرجی پێشوەختە پشتیوانی لە عەلی زەیدی بۆ بوون بە سەرۆكی حكوومەتی عێراق كرد.

دوای پێكهێنانی حكوومەت لەلایەن عەلی زەیدییەوە، هیوا و ئومێدەكان لە عێراق و ناوچەكە ژیانەوە، بەوەی زەیدی دەتوانێ چارەسەری یەكێك لە ئاڵۆزترین دۆسیەكانی ناو سیستمی سیاسی عێراق بكات، بەڵام بەگوێرەی كات، میلیشیاكان ئەزموونیان هەیە لە هەڵخەڵەتاندنی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی بەغدا.

تەرازووی هێز لە بەغدا هەڵگەڕایەوە و ڕۆژی 30ی ئەیلوول/سێپتێمبەر ئیتر نابێتە دوا ڕۆژی چەكداماڵینی میلیشیاكان، بگرە دەبێتە ڕۆژی سەركەوتنی میلیشیاكان، وەك یەكێك لە كەسایەتییەكانی او گرووپە چەكدارەكان و حزبەكانی شیعە دووپاتی لێ دەكەنەوە كە لە بری چەكداماڵین، لەلایەكی ترەوە هێزەكانی ئەمەریكا هەنگاوەكانیان بۆ جێهێشتنی عێراق خێرا كردووە، بێ جێهێشتنی هیچ سیستمێكی بەرگری بۆ عێراقییەكان تەنانەت بۆ هەرێمی كوردستان كە هاوپەیمانی نزیكی ئەمەریكایە، وڵاتەكە جێدەهێڵن.

هەفتەیەك بەر لە هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر بۆڕیی نەوتی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سعوودیە بكرێتە ئامانج، دانوستانكارانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و نوێنەرانی گرووپە میلیشیاكان، لەسەر دانانی خشتەیەكی كاتی بۆ دانانی چەك تا كۆتایی 2027 ڕێككەوتن، بەڵام بێ هیچ گەرەنتییەك كە لەو وادەیە بە كردەیی میلیشیاكان چەك دادەنێن، بگرە ئەمە تەنیا پشتی بە بەڵێنی میلیشیاكان بەستووە.

بەگوێرەی ڕەشنووسی گەیشتنە ڕێككەوتنی هەردوولا كە وێنەیەكی دەست “شەرق ئەوسەت” كەوتووە، چەكدارەكان لەسەر شێوەی لیوای جیاجیا دەخرێنە ناو ڕیزەكانی حەشدی شەعبی بێ ئەوەی چەكەكانیان ڕادەست بكەن، ئەو پرۆسەیەیش لە 30ی ئەیلوول/سێپتێمبەری ئەمساڵ دەست پێ دەكات و تا 31 كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 2026 بەردەوامی دەبێت.

قۆناغی دووەمی پرۆسەكە لە سەرەتای 2027 و لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی توركیا لە عێراق دەست پێ دەكات كە تا یەكی تەمووز/یۆلیۆ بەردەوامی دەبێت، سێیەم قۆناغ لیژنەیەكی چوارقۆڵی لە حەشدی شەعبی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و میلیشیاكان و حكوومەتی عێراق چاودێری تێكەڵكردنەوەی چەكدارەكان لە ڕیزی حەشدی شەعبی و كشانەوەی هێزەكانی توركیا دەكەن، كە تا سەرەتای 2028 بەردەوامی دەبێت.

نوێنەری میلیشیاكان لەسەر ئەو پلانە ڕێككەوتوون، بەو مەرجەی كە دەتوانرێ تەنیا لە لایەن یەكێك لە لایەنە بەشدارەكانی نێو ڕێككەوتنەكەوە ڕەت بكرێتەوە، ئەگەر جەنگ دژی ئێران لە كاتی جێبەجێكردنی هەر قۆناغێكی لێكگەیشتنەكە، هەر لایەنێك واتە چوارچێوەی هاوئاهەنگی یان میلیشیاكان ڕووبەڕووی هێرش ببنەوە.

دوو سەرچاوەی ئاگادار بۆ شەرق ئەوسەت دووپاتیان كردەوە، میلیشیاكان ئامادەن پابەندی ئەو ڕێككەوتنە بن و كۆمپانیاكانی بیانی لە كاتی جێبەجێكردنی قۆناغەكانی نەكەنە ئامانج

ئەمەیش لە كاتێكدایە لە چەند مانگی ڕابردوو بەرپرسانی عێراق، ناوەندە دیپلۆماسی و هەواڵگرییەكانی ئەمەریكایان ئاگادار دەكردەوە، بەغدا چیتر یەكێك نییە لەو گۆڕەپانانەی كە ئێران لە پایتەختی چوار وڵاتی ناوچەكە دروستی كردووە، بۆیە پێویستیان بە مامەڵەیەكی تایبەت هەیە بۆ كێشەی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *