نیگەرانی و مەترسیی تەناهی لە زۆر لە ناوچە دوورەدەست و سنوورییەكانی نێوان پارێزگاكانی كەركووك و سەڵاحەدین و نەینەوا بوونی هەیە، بەهۆی بوونی بۆشایی تەناهیی زۆر و ناوچەی شاخاوی و دۆڵ و زەویی كشتوكاڵی، كە پاشماوەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی بۆ جووڵەكردن و خۆحەشاردان بەكاری دەهێنن، ئەمەیش لە كاتێكدایە داعش لە شارۆكەی حەویجەی سەربە كەركووك هێرشێكی ئەنجام دا و پۆلیسێكی عێراقی كوشت.
ئەو ناوچانەی بۆشایی تەناهییان تێدایە لە شارۆكەی حەویجە و دووبز و داقووق لە پارێزگای كەركووك دەست پێ دەكەن، بە هێڵی سنووری لەگەڵ پارێزگای سەڵاحەدین لە سنووری شارۆچكەی خورماتوو درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە ناوچەی شووری لە پارێزگای نەینەوا.
ئەو ناوچەیە مێژوویەكی دێرینی لە چالاكی چەكداری و گرووپە چەكدارەكان هەیە و پێش سەرهەڵدانی داعشیش، گرووپە تیرۆریستییەكانی تری وەك ڕێكخراوی قاعیدە لەو ناوچەیە چالاك بوون و جووڵەیان هەبووە.
لەگەڵ هاتنی داعش لە 2014 كە سەرجەم گرووپە تیرۆریستییەكان و چەكدارەكانی لە ژێر چەتری خۆی یەكخستن، ناوچە شاخاوی و دۆڵ و كێڵگە كشتوكاڵییەكانی نێوان كەركووك و نەینەوا و سەڵاحەدین بووە گۆڕەپانی جووڵە و چالاكییەكانیان.
سەرەڕای ئەوەی سەركەوتنی سەربازیی یەكلاكەرەوە بەسەر داعش كۆتایی هات و سەرجەم شار و شارۆچكەكان لە تیرۆریستان ڕزگار كران، بەڵام سروشتی ئاڵۆزی جیۆگرافیای ئەو ناوچەیە بووەتە هۆی ئەوەی تا ئێستەیش مۆڵگەیەكی باشی پاشماوەكان و شانە نوستووەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بێت.
بەر لە زیاتر لە مانگێك، هێزەكانی عێراق و پێشمەرگە هەڵمەتێكی تەناهیی فراوانیان لە ڕۆژهەڵاتی پردێ و ناوچەی قەرەسالم لە كەركووك ئەنجام دا، ئەو ناوچەیە بەگوێرەی سەركردە سەربازییەكان، زۆر لەبارە تا پاشماوەكانی داعش سوودی لێ وەربگرن و خۆیانی لێ حەشار بدەن.
لیوا روكن ئەحمەد بدای ئەوكات لە لێدوانێكدا گوتی، ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكە كوشتنی چەكدارێكی داعشی لێ كەوتەوە و یەكێك لە ئەندامانی هێزەكانی تەناهیی عێراقیش لە هەڵمەتەكە شەهید بوو. سروشتی خاك و دۆڵ و چیای ئەو ناوچەیە، زۆر لەبارە بۆ گورزوەشاندن و خۆحەشاردان، بۆیە بە وردی پشكنین و كێوماڵمان كرد.
شەوی پێنج لەسەر شەشی ئەم مانگە واتە دوێنێ و پێرێ، چەكدارانی داعش لە كەرتی دنادیشی سەربە شارۆچكەی حەویجە هێرشیان كردە سەر خاڵێكی فەوجی سێی لیوای نۆی پۆلیسی فیدراڵی لە ناوچەی بەرغلیە، بەوهۆیەوە پۆلیسێك گیانی لە دەست دا و چواری تریش بریندار بوون، هەروەها كامێرا پێشكەوتووەكانی ناوچەكەیان تێكشكاند كە بۆ چاودێریكردنی ناوچەكە و زانینی جووڵەی پاشماوەكانی داعش دانرابوون.
لە بەرانبەر ئەو هێرشەدا هێزەكانی عێراق دوای هێرشبەران كەوتن، لە ناو قوتابخانەیەكی ناوچەی عەریشە گەمارۆیاندان و هێرشیان كردنە سەریان.
ئەو هێرشە دووبارە سەرنجی خستووەتەوە سەر ئەگەری زیندووبوونەوەی داعش و لەبارەی جیۆگرافیای ئەو ناوچەیە بۆ كردەی تیرۆریستی و خۆحەشاردان.
لەلایەكی ترەوە دوێنێ سێشەم، هێزەكانی تەناهی لە حەویجە توانیان سەركردەیەكی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشیان لە شارۆچكەی حەویجە گرتووە، كە ئامانجێكی گەورەی هێزەكانمان بووە و سەركردەیەكی باڵای داعش لە ناوچەی كەركووك بووە.
لیوا روكن مەعد بدای لەبارەی بۆشایی تەناهی و پێویستیان بە هێنانی هێزی زیاتر بۆ شەفەق نیوز گوتی، بۆشایی تەناهی تەنیا لە حەوت كیلۆمەتر بوونی هەیە و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییانەیش پێویستی بە هێنانی هێزی تر نییە، بەڵكو دووبارە دابەشكردنەوەیان بەسە، تا ڕێگریی لە بەكارهێنانی ئەو ناوچانە لەلایەن تیرۆریستانی داعش بكرێ.
زیاتر گوتی، ئێستە چوار فیرقەی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و هێزە تایبەتەكان لە كەركووك بوونیان هەیە، بۆیە ژمارەی پێویستی هێزمان لێرە هەیە و ئەوەی پێویستە بە پەلە ئەنجام بدرێ، دووبارە ڕێكخستنەوە و دابەشكردنی ئەو هێزانەیە لە ناوچەكە.
لەلایەكی ترەوە عەبدولموتەلیب نەجمەدین بەڕێوەبەری شارەدێی پردێ گوتی، هێڵی سنووری نێوان شارەێی پردێ و شوان چوار گوندی لێیە و هیچ هێزێكی تەناهی لێ نییە، ئەمە وایكردووە كە پێویست بێ هێزی زیاتری لێ بڵاو بكرێتەوە.
لەبارەی قوربانییەكانی دەستی داعشیش بەڕێوەبەری شارەدێی پردێ گوتی، لە ساڵی ڕابردوو تا ئێستەی ئەمساڵ، پاشماوەكانی داعش 12 جووتیاران ڕفاندووە و هێرش كراوەتە سەریان و ڕفێنراون، لەوكاتەی لە ناو كێڵگە كشتوكاڵییەكانیان خەریكی كاركردن بوونە.
















Leave a Reply