یەكێك لە كێشە گەورەكانی عێراق كە چارەسەر نەكراوە و زەحمەتە كۆنترۆڵ بكرێت، ئەو گەندەڵییە دارایی و ئیداریەیە كە لە تەواوی كایەكانی دەوڵەت تەشەنەی كردووە، جیا لە بەهەدەردانی سامانێكی زۆری دەوڵەت راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لە رێگەی پڕۆژە و گرێبەستەكانەوە، بوونی بندیوار و ناشارەزایی و ناشایستەیی بەرپرسان كێشەیەكی ترە، بەرپرسانی عێراق بە لێدوان دووپاتی ئامادەیی خۆیان بۆ دوای كشانەوەی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لە عێراق دەكەنەوە، كەچی شارەزایان وریایی دەدەن و پێیان وایە ئامادەكاری نەبێت، داعش دوور نییە و سەرهەڵدانەوەی كاتێكی زۆری ناوێت.
لەگەڵ نزیكبوونەوەی 30ی ئەم مانگە، كە دوا وادەیە بۆ كشانەوەی هێزی سەربازی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لە عێراق، وریایی شارەزایان لە ئەگەری سوودبینین داعش لەو بۆشاییە تەناهییانەی هەن بۆ خۆرێكخستنەوە زیاتر دەبێت، ئەوە لەوكاتە حكوومەتی عێراق، رووبەڕووی چەندان جۆر ئاڵنگاریی تێكهەڵكێش دەبێتەوە، بۆیە چاودێران وای دەبینن قۆناغی دوای 30ی ئەم مانگە تاقیكردنەوەیەكی راستەقینەیە بۆ توانای بەغدا بۆ پارێزگاریكردن لە سەقامگیری و رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆی 2014 بە كەوتنی شاری مووسڵ بە دەستی داعش.
بەپێی راپۆرتێكی “فۆكس نیوز”ی ئەمەریكی، د. عومەر محەمەد توێژەر لە پڕۆگرامی توندڕۆیی لە زانكۆی جۆرج واشنتن، وریایی لەوە دەدات كە رێكخراوەكە لەسەر ئەو بۆشاییە تەناهییانە كار دەكات كە كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق دروستیان دەكات، بابەتەكەش تەنیا پێوەست نییە بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، بەڵكو پێوەندی بە توانای دەوڵەتی عێراق هەیە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەی نەمانی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق دروستی دەكات، كە رێگرن لە دەست پێكردنەوەی جموجۆڵی داعش لە ناوچە لاوازە تەناهییەكانەوە.
ئەو توێژەرە دووپاتی كردەوە كە ئەو دۆخەی ئێستە لە چەند رووێكەوە هاوشێوەی دۆخی بەر لە كۆنترۆڵكردنی داعشە بۆ شاری مووسڵ، ئێستە رێكخراوەكە هەوڵی سوودبینین لەو دۆخە ناسەقامگیریە و لێكتراوانە ناوخۆییەی عێراق دەدات بۆ فرەوانكردنی بازنەی دەسەڵاتی و رێكخستن و راكێشانی ئەندامی نوێ بۆ خۆی، بۆیە هەر كەموكورتی و كێشەیەك لە ئیدارەدانی ئەو قۆناغە كاتییە، رەنگە ببێتە هەلێك بۆ داعش بۆ خۆرێكخستنەوە بە سوودبینین لەو ئاڵنگارییە تەناهی و سیاسییانەی رووبەڕووی عێراق بووەتەوە.
محەمەد باسی پێوەندی سوودگۆڕكێی نێوان داعش و میلیشیاكانی عێراق دەكات، كاتێك میلیشیاكان بەردەوامبوون و مانەوەی هەڕەشەكانی داعش دەكەنە پاساو بۆ دەستگرتنیان بە چەكەكانیان، لەوكاتەی داعش سوود لەو هەڵسوكەوتە و ستەمەی ئەوان لە چەند ناوچەیەك و بێزاریی خەڵكەكە لێیان دەكەن بۆ بەهێزكردن و فرەوانكردنی دەسەڵاتیان لەو ناوچانە، ئەو هاوكێشەش هەمان ئەو ژینگە دروست دەكات كە بووە هۆی رووخانی سیستمی تەناهی لە چەندان ناوچەی عێراق بەر لە زیاتر لە 10 ساڵ.
ئەو توێژەرە باسی هەڵسەنگاندنی هەواڵگری عێراق دەكات، بەوەی ژمارەی چەكدارانی داعش لە سووریا لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە كۆتایی 2024، لە دوو هەزارەوە بۆ نزیكەی 10 هەزار زیادی كردووە، ئەوەش پەرەسەندنێكی مەترسیدارە كە كار لە ناوخۆی عێراق بكات، جیا لەوە تا ئێستە مانەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی، كە لە 238 هەزار چەكدار پێك هاتووە، كێشەیەكی گەورەیە بۆ حكوومەت لە هەڵمەتی داماڵینی چەك، لە سایەی بوونی چەندان میلیشیای سەر بە ئێران لە دەرەوەی دەوڵەت كار دەكەن، بۆیە هاوكاتی ئەو هەوڵانەی حكوومەت و كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان وا دەكات قۆناغی ئێستە هەستیارترین قۆناغی عێراق بێت.















Leave a Reply