لە ناوەڕاستی مانگی ئایار/مایۆی ڕابردوودا، دانوستانكارانی ئەمەریكا ڕووبەڕووی گرفت بوونەوە لە ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران و كۆتاهێنانی جەنگ، نەیانتوانی پێوەندی بە سەركردە باڵادەستەكانی ئێران بكەن، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان ڕاسپارد و كەناڵی پێوەندیی لە نێوان هەردوولا دروست كرد و دواتریش واشنتن داوای كردووه له ههولێر شاندی دانوستانكاری ئهمهریكا و ئێران كۆ ببنهوه، بهڵام ئێران ئهو داوایهی ڕهت كردووهتهوه
بەرپرسانی حكوومەتی ترەمپ، بۆ كردنەوەی كەناڵی پێوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ سەركردەكانی سوپای پاسداران، نێچیرڤان بارزانییان هەڵبژارد تا وەك كەناڵێكی پێوەندی نائاشكرا لە نێوان ئێران و ئەمەریكا ڕۆڵ بگێڕێت، بەهۆی ئەوەی جێی متمانەیە لەلایەن ئەمەریكا و ئێرانەوە.
سێ سەرچاوەی ئاگادار دووپاتیان لەوە كردەوە، بۆ ئەمەریكا زۆر قورس بوو دانوستان لەگەڵ وڵاتێك بكات، كە ئەمەریكا نازانێ كێ بەرپرسی باڵایەتی تا مامەڵەی لەگەڵ بكات، بۆیه سەرەڕای ئەوەی گەیشتنە یاداشتی لێكگەیشتن بۆ ڕێككەوتن، بەڵام هەرزوو ئەو یاداشتە واژووكراوە شكستی هێنا.
پێگەی ئەكسیۆس نووسیویەتی، ئێستەیش بەرپرسانی ئەمەریكا ڕووبەڕووی هەمان گرفت بوونەتەوە و نازانن دانوستانەكانی داهاتوو لەگەڵ كێ بكەن و كێ خاوەنی بڕیارە لە ئێران، بۆیە پێویستی بەوەیە كە كەسانی ناوەندگیر بدۆزێتەوە، كە جێی متمانەی نێوان كۆشكی سپی و ڕژێمی ئێرانین.
لە سەرەتای ئایار/مایۆ كۆشكی سپی هەستی بەوە كرد كە لە سەروبەندی ڕێككەوتنە لەگەڵ ئێران، بەڵام تاران 10 ڕۆژ دوای ئەوە وەڵامی ئەمەریكای دایەوە، ئەمەریكییەكان لەو باوەڕەدا بوون محەمەد باقر قالیبافی سەرۆكی پەرلەمان و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە خاوەنی بڕیارن، بەڵام ئەوان هیچ دەسەڵاتێكی واژووكردنی ڕێككەوتنیان نەبوو و سوپای پاسداران بڕیارەكانی پشتگوێ دەخستن.
بەپشتبەستن بەو ڕاستییە، كۆشكی سپی دركی بە پێویستی بوونی كەناڵێكی نافەرمی و نائاشكرا لەگەڵ سەركردەكانی سوپای پاسداران كرد، بۆیە لە 10ی ئایار/مایۆ تولسی گابارد بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی ئەمەریكا، پێوەندیی بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد و پێی ڕاگەیاند، حكوومەتی ئەمەریكا گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەتوانێ یارمەتیمان بدات لە پێوەندیكردن لەگەڵ جەنەراڵ ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران.
پێشتر برێت ماكگۆرك كە ڕاوێژكاری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی چوار سەرۆك بووە، دووپاتی كردەوە كە نێچیرڤان بارزانی پیاوی كاركردن و چارەسەركردنی كێشەكانە، خاوەنی ڕێزێكی زۆرە لە ناوچەكە و بەلای كەمەوە زۆرینەی كەسایەتی و بەرپرسەكان لە تاران و واشنتن دەناسێت، پێویستە پەنای بۆ ببرێت.
تولسی گابارد داوای لە نێچیرڤان بارزانی كردووە، لەگەڵ جەنەراڵ ئەحمەد وەحیدی گفتوگۆ بكات، تا ئەمەریكا دڵنیا بێت، ئەوانیش لە گەیشتنە ڕێككەوتن ڕازین یان نا، ئەو داوایەیشی بە ناوی ترەمپ و دی ڤانسی جێگری ترەمپ لە نێچیرڤان بارزانی كردووە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی لەسەر داوە، بەهۆی ئەوەی وڵاتانی ناوەندگیر نەیانتوانیوە لەگەڵ ئەحمەد وەحیدی پێوەندی ببەستن.
دوای ئەوە نێچیرڤان بارزانی پێوەندی بە تاران كردووە و ئەوانیش رەزامەندییان داوە، ڕۆژی 14ی ئایار/مایۆ بەرپرسێكی پاسداران گەیشتووەتە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی و تەلەفۆنێكی كۆدكراوی پێ داوە، لەو ڕێگەیەوە نێچیرڤان بارزانی پێوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران ئەنجام داوە، وەحیدی پێی ڕاگەیاندووە كە ئەوانیش پشتیوانی دانوستانەكان دەكەن و دواتریش سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەو قسانەی وەحیدی بۆ ئەمەریكا گواستووەتەوە.
دواجار حكوومهتی ترهمپ به پێشنیازێكی تر پێوهندی به نێچیرڤان بارزانی كردووهتهوه و سهرچاوهیهك دهڵێ، ئهمهریكا خواستی ئهوهی ههبوو، كه نێچیرڤان بارزانی میوانداری گفتوگۆی نهێنی نێوان گهوره دانوستانكارانی ئهمهریكا و ئێران له ههولێر بكات.
















Leave a Reply