عەبدولڕەحمان ڕاشد نووسەر و سەرنووسەری پێشووی ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەت، لە وتارێكدا بە ناونیشانی “ڕفاندنی هەزار سەربازی ئەمەریكی” كە لە ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەت بڵاو كراوەتەوە دەڵێ، موحسین ڕەزایی لە ڤیدیۆیەك دەردەكەوێ و دەڵێ، ئێران هەزار سەربازی ئەمەریكی دەڕفێنێ و مامەڵەیان پێوە دەكات، ڤیدیۆیەكە دروستە، بەڵام قسەیەكی كۆنە و 2015 بڵاو بووەتەوە، ئەمڕۆ ڕەزایی دەستەڕاستی ڕێبەری نوێی ئێرانە و پۆستی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانە، بەڵام ئایا ئێران تا ئێستە خەمڵاندنی جەنگ بە هەمان بیركردنەوە دەكاتەوە.
ماوەی جەنگ زیاتر لە نیو ساڵ زیاترە و تا ئێستە نەیانتوانیوە سەربازێكی ئەمەریكی بە دیل بگرن و ئۆتۆمبێلێكی سەربازی ئەمەریكا وێران بكەن، زیانی گیانی لە ڕیزی سوپای ئەمەریكا لەو جەنگەی دژی ئێران بەرپای كردووە، كەمترینە لە تەواوی مێژووی جەنگەكانی ئەمەریكا.
دوژمنی ئێران هەستی زیاد لە ئاستی خاوەنداربوونی هێزە، ئەمە وا دەكات بیرۆكەی وەك بەردەوامی جەنگێكی ناهاوسەنگ و داخستنی گەرووەكان و خنكاندنی ئابووری دنیا و بۆردمانی درواسێكان بكات، لە كاتێكدا ئەوانە هەڵەی زۆر گەورەن.
لووتبەرزیی هێز و دەسەڵات، ناپلیۆن و هیتلەری بەرەو جەنگی ڕووسیا پەلكێش كرد و بە شكستخواردوویی لێی دەرچوون، ئەو جۆرە هەستكردنە زۆرجار لای زلهێزەكان بوونی هەیە، بەڵام نامۆیە بە وڵاتێكی هێز مامناوەند و خاوەن ئابوورییەكی شكستخواردووە، ئەمە وایكردووە خەیاڵی ناواقیعی لە چەندان دەیە دروست بكات و لە یەكەم پێكدادانیش زۆرینەی ڕەهای ڕیزەكانی پێشەوەی سەركردەكانی لەناوبران، لەگەڵ سەرجەم توانا سەربازییەكانی.
زۆر سەیرە سەركردایەتیی ئێران پێشبینی و خەیاڵی ئەوە دەكات كە توانای هەیە بەسەر دەوڵەتێكی زلهێز بەم ئاسانییە سەركەوتوو بێت، ئایا سەركردایەتیی سەربازی و سیاسیی ئێران تووشی سەرلێشێواوی بوون؟ ڕووداوە یەك لە دوای یەكەكانی جەنگ ئەوە دەردەخات كە تێگەیشتنیان بۆ دنیا زۆر دوور ناڕوات و هاوشێوەی كەسێكە تووشی شێتبوونی مەزنی بێت، وەك چۆن سەدام حوسێن لە هەشتاكان و نەوەتەكان تووشی هات.
ئەوان خەیاڵ و بیركردنەوەكانیان لەبارەی هاوسەنگی هێز لەگەڵ توانایان لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوو دوژمنی سەرسەختی وەك ئەمەریكا و ئیسرائیل یەكناگرێتەوە، لێدوانەكانی پێشووی سەركردەكانیانمان كۆ كردەوە و ئەوەی لێ هەڵێنجرا كە ئەمەریكا بوێری ئەوەی نییە هێرش بكاتە سەر ئێران، ئەگەریش هێرش بكات تووشی شكست دەبێت.
یەكێك لە كەسە نزیكەكانی سەدام بۆی گێڕامەوە، كاتێك لە لێوای مەلەوانگەی كۆشكێكی سەدام بوون و گۆشتیان دەبرژاند له دوای جەنگی كوێت، ئەو كەسە لێی پرسیوە، بۆچی وریای خۆی نابێت؟ سەدام بە گاڵتەوە وەڵامی دایەوە و دەڵێ، تۆ دەزانی كە ئەوان دەتوانن لە ڕێی مانگە دەستكردەكانیان ئێستە بمانبینن و دەزانن كە ئێمە لێرەین لە تەك مەلەوانگەكە گۆشت دەبرژێنین، دەتوانن پێمان بگەن، بەڵام بوێریان نییە كە بە ئامانجم بگرن.
حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی ئەمەریكا نەچووە ناو جەنگ لەگەڵ ئێران، سەرەڕای ئەوەی هاووڵاتییانی و بەرژەوەندییەكانی لە تەواوی ناوچەكانی دنیا ڕووبەرووی هێرش و پیلانگێڕی پاسداران دەبوونەوە، ئەمە جۆرێك بیركردنەوەیەكی لەلایەن سەركردەكانی ئاینی و سەربازی ئێران دروست كرد كە ئێران پارێزراوە دژی هەر هێرشێك، بەهۆی توانا سەربازییە زۆرەكانی.
ڕوانین و پێشهاتە زلەكانی تاران دژی ئەمەریكا هەمیشە جیاواز بوو لە ڕوانین لە هێزی ئیسرائیل كە زۆر بچووكترە لە ئەمەریكا، بەڵام هەمیشە نیگەرانبوون لەوەی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل هەڵبگیرسێت، چونكە ئەوان تا ئاستێكی زۆر سوور بوون لەسەر ڕێگریكردن لە بەرنامەی ناوكی ئێران، بەڵام ئێران لەو باوەڕەدا بوو كە چەكی ئەتۆمی لە ئیسرائیل دەیانپارێزێت.
لە قۆناغی بەر لە دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی، ئێران پشتێنەیەكی فراوانی لە ناوچەكە دروست كرد تا خۆی لە ئیسرائیل بپارێزێت، بۆ ئەو مەبەستەیش لە لبنان و سووریا و فەلەستین و یەمەن قەڵغانی خۆپاراستنی دروست كرد، زۆرجار سەركردەكانی حزبوڵا ئەو بۆچوونە هەڵەیان دووبارە دەكردەوە كە سەربازگەی هێزە بریكارەكان دەستەبەری بەرگری لە ئێران دەكەن، لە كاتێك ئیسرائیل بوێری بكات و هێرش بكاتە سەر ئێران، بە تەواوی وێرانی دەكەن.
باڵادەستی و هەژموون و سەركەوتن و شانازی نەتەوەیی، هەمووی لە یەك پڕۆژە كۆ كرانەوە، ئەویش بنیاتنانی هێزێكی سەربازیی گەورە بووە خواستێكی سەرەكی ئێران كە ڕووبەڕووی سیاسەتەكانی ڕژێم دەبووە و ئاڵنگاریی بۆ دروست دەكرد، هێزێك كە خاوەنەكەی فریو دا كە دەتوانێ هەموو شتێك بكات.
باڵادەستی سەربازی وایكرد تاران وەهمی ئەوەی لا دروست بێت، دەتوانێ بەسەر ناوچەكە زاڵ بێ و هەژموونی سیاسی بسەپێنێت و سیستمە سیاسییەكان بگۆڕێت و تێیاندا بمێنێتەوە و دەنگی بەهێزی ئێران بگاتە تەواوی دنیا، بۆیە بوو بە هەناردەكاری سەرەكی درۆنی خۆكوژ بۆ وڵاتێكی زلهێزی وەك ڕووسیا لە جەنگی دژ بە ئۆكراینا، سێ شاری مووشەكی لە ژێر زەوی دروست كرد و دەیان هەزار درۆن مانگانە بەرهەم دەهێنێت، زیاتر لە كارگەكانی ئەمەریكا.
چیاكانی هەڵكەند و وێستگەی ناوكی لێ دامەزراندن، تونێلی بە درێژایی سەتان كیلۆمەتر لە ژێر زەوی دروست كردووە، بۆ شاردنەوەی مووشەكە بالیستیكییەكانی، شانازی بە بەرهەمە مووشەكییەكان و خێزانی بەرهەمە مووشەكییەكانی دەكات كە فاتح و قیام و شەهاب و قەدر و سەجیلن.
تاران گەیشتە قۆناغێكی بیركردنەوە كە ئەگەر چەكوشت لا بێت، سەرنجڕاكێشە كە هەموو ئەوەی لە دەوروبەرتن وەك بزمار سەیریان بكەیت.
ئەو بەلاڕێداچوونە هزرییەی تاران، لە كاتی جەنگ لاوازی تواناكانی بەرگری و ستراتیجی داخستنی گەرووەكان و خنكاندنی ئابووری دنیای بە تەواوی دەرخست و هەرەسی هێنا، ئێستە ئێران دەزانێت كە بە هیچ شێوەیەك هاوتای ئەمەریكا و ئیسرائیل نییە.
ئێستە ئاسمانی ئەو وڵاتە دەبەزێنرێت، سیستمی بەرگریی نەماوە و ناتوانێ زیان بە دراوسێكانی بگەیەنێت، بەلای كەمەوە كە خواست و ئامادەكاری جەنگی بۆ كردوون، سەرەڕای ئەوانەیش ئێران تا ئێستە ئاكار و بیركردنەوە خەیاڵاوییەكەی خۆی نەگەڕیوە و ئێستە بە روونی ناوی ناوە خۆڕاگری و سەركەوتن.
ڕاستە نەڕووخاندنی ڕژێم سەركەوتنە بۆ ئەوان، بەڵام دەرئەنجامی دوو گەڕی كورتی جەنگ زۆر ترسناك بوو بۆ ئێران، ڕیزی یەكەمی سەركردە سیاسی و سەربازییەكان و توانای زۆری هێرشبەری تێكشكێنراوە و ڕووبەڕووی گەمارۆیەكی خنكێنەریش بووەتەوە كە پێشتر هاوشێوەی نەبووە.
















Leave a Reply