نهێنیی بڕینی بەرگریی ئاسمانی سعوودیە لەلایەن مووشەكی حووسییەكانەوە

بینەر: (923)

هێرشەكانی ئەمدواییەی حووسییەكان بۆ سەر فڕۆكەخانەی مەلیك خالید لە ڕیاز، جۆرە ئاڵنگارییەك بوو بۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانی سعوودیە، سەرەڕای ئەوەی ئەو وڵاتە خاوەنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و سەربازیی زۆر بەهێزە، بەڵام دواجار حووسییەكان كەلێنیان لێ دۆزییەوە و توانیان مووشەك بگەیەننە ناو دڵی سعوودیەوە.

لە كاتێكدا دەسەڵاتدارانی سعوودیە لێكۆڵینەوە لەسەر ئاگادارنەكردنەوەی پێشوەخت و بەرپەرچدانەوەی مووشەكەكان دەكەن، پسپۆران چەند هۆكاری ئەو گرفتە لە سیستمی بەرگریی ئاسمانی سعوودیە دەخەنەڕوو، كە نهێنیی گەیشتنی مووشەك و درۆنی حووسییەكان بۆ ئامانجەكان لە سعوودیە ڕوون دەكەنەوە.

لە لێدوانێكدا كە ڕەنگدانەوەی كاریگەریی ئەو پێشهاتانە بوو، عەبدولعەزیز بن سەلمان وەزیری وزەی سعوودیە لە میانەی كۆنگرەی پترۆڵ لە دنیا لە ڕیاز گوتی، ڕووداوەكانی هەفتەكانی ئەمدواییە مەترسیدارن و پێویستە وەڵاممان توند و بەهەمان ئاست بێ و زۆر ڕژد بێت.

بەگوێرەی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی سعوودیە، وەك ئەسیۆشەیتد پرێس لە زاری بەرپرسان بڵاوی كردووەتەوە، حووسییەكان چەند درۆنێكیان بەر لە هەڵدانی مووشەكی كروز و بالیستیك بە ئاراستەی فڕۆكەخانەی مەلیك خالید ڕەوانە كردووە، دواتر مووشەكەكانیان هەڵداوە و لە فڕۆكەخانەكە كەوتە خوارەوە، لە ئەنجامدا 13 كوژراو و 300 برینداری لێ كەوتەوە.

ئەو شێوازە دووپات لە وردەكارییەكەی دەكاتەوە و واتەی ئەوە دەگەیەنێت، ئامانجەكە تەنیا هەڵدانی مووشەك نەبووە بە ئاراستەی دامەزراوەیەكی دیاریكراو، بەڵكو گوشار دروستكردنی بەردەوام بووە لەسەر سیستمی دۆزینەوەی مووشەك و درۆن لە ئاسمان و بەرپەرچدانەوەی، بۆ ئەوەی سەرنجی دۆزینەوەی ئامانجەكان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە بشێوێنرێت و ماوەی كاردانەوەی سیستمەكە درێژ بكرێتەوە، تا نەتوانێ مامەڵە لەگەڵ هەڕەشە و هێرشەكان لە كاتی گونجاودا بكات.

ئەلیسن ماینەر بەڕێوەبەری پڕۆژەی تەواوكاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەربە ئەنجوومەنی ئەتڵەسی بۆ “حوڕە” گوتی، حووسییەكان تاكتیكی نوێیان پەرە پێداوە، بۆ ماندوو و شەكەتكردنی بەرگریی ئاسمانی سعوودیە، بە بەكارهێنانی شەپۆلی چڕی درۆن بۆ ئاسمانی ئەو وڵاتە، بەر لەوەی مووشەكەكان بهاوێژرێن.

زیاتر گوتی، هێرش بە مووشەكی بالیستیك و مووشەكی كروز و درۆن بووەتە ئاڵنگارییەكی گەورە بەشێوەیەكی گشتی لە بەردەم سیستمە بەهێز و پێشكەوتووەكانی بەرگریی ئاسمانی لە دنیا. هۆكارەكەیشی بۆ تایبەتمەندیی ئەو جۆرە چەكانە دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە مووشەكی كروز لە مەودایەكی ئاسمانی نزم دەفڕێت، بۆیە دۆزینەوە و بە ئامانجگرتنی كارێكی قورسە، بەشێك لە مووشەكە بالیستیكییەكان دەتوانن لە ئاسمانەوە ئاراستەی خۆیان بگۆڕن و زیرەكن، بەشێوەیەكیش بۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانی قورس دەبێ، مووشەكی بەرپەرچدانەوە هەڵبداتە ئاسمان، ئەو توانایانەیش لەلایەن حووسییەكانەوە پەرەی پێ دراوە و بەكار دەهێنرێت.

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیمانگەی توێژینەوەی جەنگ، پێشتر حووسییەكان ئەو شێوازەیان بۆ سەرلێشێواندنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل لە ئایار/مایۆی 2025 بەكار هێناوە.

خالید باترفی ئەكادیمستی سعوودی دەڵێ، هیچ جۆرە سیستمێكی بەرگریی ئاسمانی لە دنیا نییە، بتوانێ بەرپەرچی سەرجەم ئەو هێرش و هەڕەشانە بەشێوەی 100% بداتەوە، ئامانجی سنووردار و نزم فڕیو، قورسە لەلایەن ڕادارەكانەوە پێشوەختە ئاشكرا بكرێت، بەهۆی سنوورداری توانای ڕادارەكان لە چاودێریكردنی ئاسمان لە بەرزییەكی كەمەوە، جیا لەوە زۆری هێرشەكان و جۆراوجۆری چەكەكان گوشاری زیاتر و قورستر لەسەر سیستمی دۆزینەوە و هەڵدانی مووشەكی بەرپەرچدانەوە دروست دەكات.

بڕینی بەرگریی ئاسمانی سعوودیە بەمدواییە پرسیاری زۆری لەبارەی خەرجی زۆری ڕیاز بۆ بواری سەربازی دروست كردووە، سەرەڕای ئەوەی شانشینەكە خاوەنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی پێشكەوتووی وەك پاتریۆت و سادە و فڕۆكەی جەنگی ئەمەریكی و چەكی پێشكەوتووی ئەوروپی هەیە، بەڵام ناتوانێ بە ڕووی هێرشی حووسییەكان بوەستێتەوە.

بەگوێرەی داتاكانی پەیمانگەی ستۆكهۆڵمی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە لە ئاشتی، خەرجی و تێچووی بەرگریی سەربازی سعوودیە لە ساڵی ڕابردوو گەیشتە 83 ملیار دۆلاری ئەمەریكی، ئەمە وایكردووە سعوودیە لە ڕیزی پێشەوە و یەكەمی ئەو وڵاتانە بێت، كە زۆرترین بڕە پارەیان بۆ بواری سەربازی تەرخان كردووە.

لە كاتێكدا بوون بە خاوەنی چەكی پێشكەوتوو، مانای ئەوە نییە بتوانرێ بەرپەرچی هەموو هێرشێك بدرێتەوە، بەتایبەت ئەگەر جۆری چەك و سەرچاوەی هەڵدانی مووشەك و درۆن و كروزەكان جۆراوجۆر بێت.

سالم ئەلیامی ڕاوێژكاری پێشوو لە وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە گوتی، حووسییەكان بە شێوازی هەڵدانی ژمارەیەكی زۆر لە درۆن و مووشەك، وا دەكەن بەرپەرچدانەوەیان زۆر قورس بێت، هەندێ لەو هێرشانە دەیان و بگرە سەتان درۆن و مووشەك لەخۆ دەگرن، ئەمەیش ئەگەری وەڵامدانەوەی بەرگریی ئاسمانی سعوودیە قورس دەكات، سەرەڕای ئەوەی چەندان جاریش وەڵامی هێرشی لەمجۆرەی داوەتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *