لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی دیاریكراو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران و راسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و پەرەسەندنی رووداوەكانی ناوچەكە و دنیا بە ئاراستەیەكی نەخوازراو، ناوماڵی شیعە بەرەو شێوانێكی زۆر دەچێت و ئەوان ناتوانن خۆیان یەكلا بكەنەوە و كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاری بكەن، پەرلەمانتارێكی شیعە باسی ئەگەری كاندیدكردنەوەی سوودانی بۆ پۆستەكە دەكات.
جاسم علێوی پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دووپاتی كردەوە كە پاڵپشتی لە بەردەوامبوونی محەمەد شیاع سوودانی لە پۆستەكەی وەك سەرۆك وەزیران لە دووەم خول دەكەن، ئەو بژارەش لە سۆنگەی رەچاوكردنی بەرژەوەندیی باڵای عێراق و پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و خزمەتگوزاریەكەی سەرچاوەی گرتووە.
روونی كردەوە، ئەو قۆناغەی عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت پێویست بە بەردەوامبوونی رەوتی كاری حكوومەتی ئێستە دەكات، بەتایبەتی لە سایەی ئەو سەقامگیریە رێژەییە تەناهییە و باشبوونی هەندێك دۆسیەی خزمەتگوزاری و ئابوورییەی هاتووەتە دی، سوودانی كەسێكی سەركەوتووە و خاوەن ئەزموونێكی زۆرە و بەركەوتەی هەڵبژاردنیشی هەیە، لە یەكەم خولی سەرۆك وەزیران سەلماندی توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەت و مامەڵەكردنی لەگەڵ كێشە ئاڵۆزەكان هەیە.
عەلەوی ئاماژەی كرد، متمانەدانەوە بە سوودانی دەبێتە مایەی تەواوكردنی پڕۆژە ستراتیجییەكانی دەستی پێ كراوە، هاوكات نەشێواندنی دۆخی سیاسی و چوونە ناو ململانێكان و گۆڕانكاریی هەڕەمەكی، بۆیە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وای دەبینێت كە بەرژەوەندیی عێراق لەپێش هەموو بەرژەوەندییە سیاسی و حزبییەكانە.
















Leave a Reply