ئەرسەلان عەلى ڕەشەید
لە مێژووی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمادا چەمکێکی بەناوبانگ هەبوو بە ناوی “نان و یارییەکان”، کە تێیدا دەسەڵاتداران بۆ کۆنترۆڵکردنی جەماوەر تەنیا بڕێکی کەم نانیان پێ دەدان بۆ ئەوەی لە برسا نەمرن، و لە هەمان کاتدا بە شانۆگەری و یارییەکانی ناو گۆڕەپانەکان سەرقاڵیان دەکردن تا بیر لە شۆڕش نەکەنەوە؛ ئەمڕۆش لە هەرێمی کوردستان هەمان سیناریۆ بە نوسخەیەکی زۆر گاڵتەجاڕانەتر و تراجیکۆمیدیتر دووبارە دەبێتەوە، بەڵام لەبری گۆڕەپانی ڕۆمانی، شاشەی تەلەفزیۆنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کراونەتە مەیدانی شەڕەقسە و ململانێی بێمانا .
نوخبەی سیاسی و دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە زۆر بەباشی لەو هاوکێشە ترسناکە تێگەیشتوون کە کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایەکی سەرقاڵ و چەواشەکراو، زۆر ئاسانترە لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵگایەکی هۆشیار و زانیاریدار کە داوای مافە بنەڕەتییەکانی خۆی دەکات . هەر بۆیە، لەبری ئەوەی کات و وزەی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی شکستە پێکهاتەییەکانی وەک نەبوونی کارەبا، داڕمانی ئابووری، و بێمووچەیی تەرخان بکەن، بەردەوام بە ئەنقەست قەیرانی لاوەکی، شەڕە دەنووکی حزبی، و ململانێی بێبەهای ناوخۆیی دروست دەکەن بۆ ئەوەی سەرنجی هاوڵاتییان لەسەر کێشە ڕاستەقینەکان لا ببەن .
کاتێک دەبینین هاوڵاتییەکی ماندوو کە گیرفانی خاڵییە و لەناو ماڵە تاریکەکەیدا لەبەر بێ کارەبایی ئارەقە دەڕێژێت، کەچی لەبری بیرکردنەوە لە هۆکاری ڕاستەقینەی نەهامەتییەکانی و لێپرسینەوە لە حکومەت، کاتەکانی بە شەڕە کۆمێنتی فەیسبووک و لایەنگریی کوێرانە بۆ ئەم بەرپرس یان ئەو حزب بەسەر دەبات، یەکسەر تێدەگەین کە ستراتیژی “نان و شانۆگەری” چەندە سەرکەوتووانە جێبەجێ کراوە . دەسەڵاتداران پێویستیان بەوە نییە خزمەتگوزاریی بنەڕەتی دابین بکەن، چونکە تا ئەو کاتەی دەتوانن گەنجان و شەقام بە بابەتی بێمانا و کێشەی دروستکراوەوە خەریک بکەن، هیچ کەسێک بیر لە پرسیارە گەورەکان ناکاتەوە و کەس ناپرسێت بۆچی دوای سێ دەیە هێشتا وڵاتێک ناتوانێت ژێرخانێکی ئاسایی بۆ هاوڵاتییەکانی بنیات بنێت . ئەم یارییە دەروونییە بە جۆرێک مرۆڤی کوردی ماندوو کردووە، کە ئیتر خەڵک بە تەواوی لەناو ئەو بازنە داخراوەی ململانێ بچووکەکاندا گیری خواردووە و لەبیری چووەتەوە کە مافی ژیانێکی کەرامەتداری هەیە، و ئەمەش گەورەترین سەرکەوتنی نوخبەی سیاسییە کە توانیویانە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی نەفامی و سەرقاڵکردنی بێهودەوە، تەمەنی مانەوەی خۆیان لەسەر کورسیی دەسەڵات درێژ بکەنەوە و شکستە گەورەکانیان لەپشت پەردەی قەیرانە لاوەکییەکانەوە بشارنەوە
















Leave a Reply