لەگەڵ گەشەكردنی پێوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان دیمەشق و هەولێر، لەگەڵ دەركەوتنی چەندان دۆسیەی هاوبەش كە دەكرێت سەرەتایەك بێت بۆ هاریكاریی ئابووری فراوانتر، هەلەكان بەهێزتر دەبن. هاوتەریب لەگەڵ ئەمەیشدا كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستانەوە، دەچنە بازاڕی سووریا و دەست بە جێبەجێكردنی وەبەرهێنان دەكەن لە چەندان كەرتی گرنگدا.
زیاد ئەیووب عەریش شارەزای ئابووری روونی دەكاتەوە، سووریا لە بەردەم قۆناغێكی گۆڕانكاری ستراتیجییە، لەسەر چەند كۆڵگەیەكی سیاسی دەوەستێ، لەگەڵ بوونی ئارەزوویەكی راستەقینە بۆ بنیاتنانی تەواوكاری ئابووری كە رۆڵی سووریا رێكدەخاتەوە و لەگەڵ پێوەندییەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
بە بڕوای زیاد عەرش، گۆڕینی هەلە رەخساوەكان بۆ پڕۆژەی گرنگ، پێویستی بە بەردەوامی ویستی هاوبەش هەیە. هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات پێویستە هاریكاری تەنیا لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئاسایی قەتیس نەكرێت، بەڵكو دەكرێت پێش بخرێت بۆ تەواوكاری ئابووری قووڵتر لە چەندان دۆسیەی سەرەكی.
دەرفەتی هاریكاری ئابووری نێوان سووریا و هەرێمی كوردستان لە چەندان كەرتدا دەردەكەوێت كە دەبنە هۆی بنەمایەكی هاوبەشی فراوانتر، لە سایەی ئەوەی سووریا لە قۆناغی دووبارە ئاوەدانكردنەوەدایە و پێویستی بە ئەزموون و دەرامەتەكانی هەرێمی كوردستانە.
زیاد عەریش لە لێدوانەكەی بۆ ماڵپەڕی (عنب بلدی) باس لەوە دەكات، چەندان كەرتی سەرەكی هەن كە دەكرێت دیمەشق و هەرێمی كوردستان بەیەكەوە كار بكەن، لەوانە لە بواری وزە، ژێرخان، بازرگانی، ئاوەدانكردنەوە، كشتوكاڵ، پیشەسازیی خۆراكی. دووپاتیشی دەكاتەوە كە وزە و ژێرخان لە پێشینەی كەرتەكان دێن. بە تێڕوانین لەوەی كاریگەریی راستەوخۆیان هەیە لە ئاسایشی ئابووری هەردوولا. هەروەها دەتوانێت پارەیش رابكێشێ. كەچی بوارەكانی بازرگانی، دووبارە ئاوەدانكردنەوە دوو بواری زیندوون كە حكوومەتی سووریا پشتگیرییان لێ دەكات لە رێگەی ئاسانكاریی بۆ وەبەرهێنان. هاوكات لەگەڵ گەڕانەوەی سوورییەكان، پێشبینی دەكرێت خواستی بەكاربردن بەرز ببێتەوە.
ئەو شارەزا ئابوورییە باسی لەوەیش كردووە كە سووریا بە خێرایی پێویستی بە كەرەستەی بیناسازی هەیە، لە پێشینەی هەمووشیان شیش و چیمەنتۆ، لەگەڵ چەندان ئەزموونی تر پێوەیست بە ئاوەدانكردنەوە كە هەرێمی كوردستان ئەزموونێكی فراوانی لەو بوارەدا هەیە. باس لەوەیش دەكرێت بەرپرسانی سووریا ئارەزووی ئەوەیان پێشان داوە سوود لە ئەزموون و شارەزایی هەرێمی كوردستان وەربگرن، ئەمەیش بوار بۆ هاوكاریی زیاتر دەڕەخسێنێت بۆ بنیاتنان و دووبارە نۆژەنكردنەوەی ژێرخانی سووریا.
كەچی لە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازیی خۆراكدا عەریش پێی وایە، هەردوولا دەتوانن سوود لە دەرامەتە سروشتییەكانی یەكتر وەربگرن. ئاڵوگۆڕی بازرگانیش لە نێوان هەرێمی كوردستان و سووریا لە گەشەكردندایە، دەكرێت سووریا بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لەگەڵ بەرهەمی رستن و چنین رەوانەی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بكات، لە بەرانبەریشدا بەرهەمە خۆراییەكان لەوێوە هاوردە بكات.
بەبڕوای شارەزایان، سوودبینین لە هەرێمی كوردستان تەنیا لە بواری ئاوەدانكردنەوە و مادی نایەتەدی، بەڵكو شێوازی كارگێڕی و سەقامگیری و بنیاتنانی دامەزراوەی حوكم و كارگێڕیش دەگرێتەوە. زیاد عەریش باس لەوە دەكات سەرۆكی هەرێمی كوردستان لێدوانی لەسەر ئەوە داوە، سووریا دەرفەتێكی مێژوویی هەیە بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونی كوردستان وەربگرێت، بەتایبەتی لە چالاكی بەردەوامی لەگەڵ ژمارەیەك كۆمپانیای نێودەوڵەتی و ئەوروپی و توركی كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن.
لەوانە كۆمپانیای HKN Energy كە كۆمپانیایەكی ئەمەریكییە و لە هەرێمی كوردستان كار دەكات و لە سووریایش دەست بە كارەكانی دەكات. زیاد عەریش لە تەوەرێكی تر دووپاتی دەكاتەوە، سووریا دەتوانێ سوود لە پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەكان وەربگرێت، كە بە هۆی ئەو پێوەندییانەوە سووریا دەتوانێ دەستی بە بازاڕە جیهانییەكان بگات.
لە دەروازەیەكی بازرگانییەوە بۆ هاوپەیمانێتیی ستراتیجی
جووڵەی بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و سووریا لایەنێكی كردەنییە بۆ پێوەندی ئابووری هەردوولا، لەگەڵ بەردەوامبوونی هێنان و بردنی كەلوپەل لە سووریا و هەرێمی كوردستانەوە. گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی ژووری بازرگانی لە هەرێمی كوردستان باسی لەوە كردووە، رۆڵی سووریا وەك رێڕەوێكی بازرگانی زیاتر بووە، رۆژانەیش كەلوپەل رەوانەی سووریا دەكرێت وەك شیش و چەمەنتۆ و پەینی كیمیایی و پێداویستی كشتوكاڵی و بەرهەمی كارگەی ناوخۆیی. زۆریش لە كەلوپەلی توركیا لە رێگەی سووریاوە هەناردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن.
لە كۆتایی قسەكانی ئابووریناسەكەی سووریا دووپاتی دەكاتەوە دەكرێت ئەو پێوەندییە ئابووری و بازرگانییەی ئێستە دەستی پێ كردووە، ببێتە پێوەندییەكی ستراتیجی، هەروەها تێڕوانینی ئەمەریكایش ئەوەیە وەك یەك پانتایی ئابووری و تەناهی سەیری هەرێمی كوردستان و عێراق و سووریا بكرێت. راكێشانی بۆڕیی نەوت و رێڕەوە بازرگانییەكان تەنیا دۆسیەی رۆژانە نین، بەڵكو وەبەرهێنانی درێژمەودان.
















Leave a Reply