لە کوشتنی نامووسییەوە بۆ کوشتنی ڕووت

بینەر: (16)

بمانەوێ و نەمانەوێت ئێمە لە سەردەمێکی پێشکەوتوو و ئاڵۆزدا دەژین، تەنانەت ئەگەر زەینییەتیشمان پێشکەوتوو نەبێت، ئەوا هەر بە فۆرم و ئامرازەکانی پێشکەوتن لەناو ژیانێکی ئاڵۆزدا هەناسە دەکێشین. پێشکەوتوویی بە مەکینە و ڕۆحی زانست بەدی هاتووە، بەڵام ئەمە جیاوازە لەوەی ڕوانگەیەکی زانستیمان هەبێت یان تەنیا لە ئامرازەکانی پێشکەوتن وەک مۆبایل، جلوبەرگی سەردەمی، جوانكاری و خەرجی مۆدە بژین، بەشێکی زۆری کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە کۆمەڵگەی کوردیشەوە، لە فەزایەکی نێوەنجیدا دەژی، واتە نە پێشکەوتوو و نە دواكەوتووە، ڕەنگە ئەم ڕستەیە دڵخۆشکەریی بنوێنێت، بەڵام بەپێچەوانەوە دەرخەری کارەساتێکە کە بە شێوەیەکی بەردەوام ئازار و ڕەنج و قوربانیی بەرهەم دەهێنێتەوە.

لە وەها کۆمەڵگەیەکی نێوەنجیدا، ڕای گشتیی بەو شێوەیە ئیش دەکات کە هەر شتێک بەپێی باوەڕ و بەرژەوەندییەکانی وەک دوو بزووێنەری سەرەکیی کردەی مرۆیی، یەکیگرتەوە، ئەوا تەنانەت ئەگەر مۆدێڕن و پۆستمۆدێڕنیش بێت، کێشەی نابێت لەگەڵی، بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەی ئەمەبوو، تا سەر ئێسقان نەریتی و خێڵەکییە. ئەم هەڵپەسێراوی و نێوەنجیبوونە کۆمەڵگەیەکی زۆرینە حولحولی و پێشبینینەکراو دروست دەکات کە شین و شایی تێیدا بە ئاسانی جیا ناکرێنەوە، خۆشەویستیی و چڵێسیی سنووریان نییە، ئازادی و بەرەڵایی ڕاستەڕێ نادۆزنەوە و هەتا دوایی. ئەوەی لە دۆخێکی وادا دەبێتە قوربانی، هەمان ئەو مرۆڤانەن کە بەپێی “با”ی باوەڕ و بەرژەوەندیی شەن دەکەن. لە کۆمەڵگەی وەهادا زیاتر قوربانییەكان ژنانن.

ئەگەرچی من پێم وایە بەهۆی ئەوەی ژنانی کۆمەڵگەی ئێمە تازەنەفەسن و پاش مێژوویەکی سامناک و پیاوسالارانە هاتوونەتە ناو هەموو بوارەکانەوە و شێلگیرانە و ڕژدتر تەقەی دەستیان دێت، زیاتر لەگەڵ ئەم دۆخی نێوەنجیبوونە بەرکەوتەی تاڵ و کوشندەیان دەبێت. بە دەرکەوتنی چالاکانەی ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ئەوان خەریکن ئەزموونێکی نوێی ژیان و سەربەخۆیی ئابووری و ئازادی لە بژاردەکردنەکانی خۆیان تاقی دەکەنەوە، ئەگەرچی ڕێچکەیەکی پێواوە، بەڵام هێشتا لە سەرەتادایە، تیۆر و واقیع هێشتا بە باشی لێک هەڵنەپێکراون و ڕوانگەی پەڕگیرانە و کەمگیرانەی فیمینیستیش لێرەولەوێ بە دژایەتیی ڕەگەزی بەرانبەر زیاتر دۆخەکە ئاڵۆز دەکەن.

گومان لەوەدا نییە پیاوان داشدانەری خاس و خراوی ڕابردوویەکن کە نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکوو لە هەموو جیهاندا بە ڕادەی خۆی تاریکی و قوربانیی لێ کەوتووەتەوە، بەڵام ئەمە هاوتا نابێت بەوەی پیاو شەیتانن، بەڵکوو مانای ئەوەیە هاوسەنگیی ئەم تەرازووە بەهۆی سەرکوتکردن و گۆشەگیرکردنی ژن لە ماڵ و ناندیندا، ڕێک نەبووە و پیاو بە هێز و ڕوانینێکی تاکڕەهەند و دیکتاتۆرانەوە گۆرەپانەكەی داگیر کردووە. ئەگەر بشڵێین هەموو مێژوو هی پیاو بووە و هەمووی هەر تاریکیی و ڕەش بووە، دیسان بڕیارێکی پەڕگیرانەی ناعەقڵانییە و ڕێنوێنیمان ناکات بۆ هیچ گفتوگۆیەکی چاکسازانە.

من ئێستە ئەو پرسیارە لە خۆم و هەموو چالاکانی مافی ژن و ئەوانەی زیاتر لە هەموومان خاوەندارێتیی لەم ڕەتە نوێ شارستانییە دەکەن، دەکەم، بۆچی دوای چەند دەیە وشیارکردنەوە و ئاگاییبەخشین بە کۆمەڵگە و ڕەخنەی توند لە پیاوسالاری و سیستمی، پیاوپەرست، هێشتا کوشتن بە هۆی جۆراوجۆر دەرهەق بە ژنان ئەنجام دەدرێت؟ ئەم کوشتنانە جۆرەکانیان چۆن دابەش دەکرێن؟ دۆخی ئابووری، کولتووری، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و نەریت و ئاین چەندە لەم هاوکێشەیەدا ڕۆڵیان هەیە؟ ئەی ئەو پێشکەوتن و مۆدێڕنبوونەی کۆمەڵگە تەنیا لە ڕواڵەت و تەشکدایە و بچووکترین جووڵەی ژن دەبێت بە لێدان و کوشتن وەڵام بدرێتەوە؟

هەرچەندە ڕەنگە زایەڵەی هەندێک لەم پرسیارانە جۆرێک ڕادیکاڵیزمی پێوە دیار بێت، بەڵام چالێنجێکە بۆ ئەوەی هەڵوێستەیەک بکەین و بزانین لە کام دەلاقەوە دەڕوانینە ڕووداوەکان و چەندیمان لێوە دیارە؟

لە ڕۆژانی بووریدا نیلوفەر لە یەکێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی نامرۆڤانە و دڕندانە کوژرا. ئەو چەند ساڵ لە کابرای مێردی بچووکتر بوو، ماڵباتەكەیشی زانیویانە بەر لە ئەم چەند ژنی دیکە (بەپێی وتەی برای بکوژ 13 ژن)ی هێناوە و لەگەڵ زۆرینەیان باش نەبووە، ئیتر چۆن ماڵەوەیان یان تەنانەت نیلوفەر خۆی، ڕازی بوون خزمایەتی لەگەڵ کەسێکی وا ناتەندروست و دەروونشێواودا بکەن؟ ئایا ئەمە پێوەندیی بە پەروەردەوە هەیە یا خەمساردیی یان خۆشەویستییەکی کرچوکاڵی کچێک کە جیهانی سامناک و تاریکی پیاوێکی چەند ژنەی وێنا نەکردووە؟

هەموو ئەمانە پرسیاری ڕەوان، پیاوسالاریی ئافەتێکی کوشندەی مێژوویی بووە، بەڵام تەنیا پیاو هۆکاری قوربانیبوونی ژن نییە، بەڵکوو هەموو ئەو ژنانەی وێنایەكی دروست و ئەمڕۆییانەیان لە ماف و پێگەی مرۆیی خۆیان نییە، بەشێوەیەک لە شێوەکان پشکیان بەر دەکەوێت لەم ڕووداوە. من مەبەستم بڕیاردان نییە لەسەر ئەو دۆسیە، بەڵام دەمەوێ لێکۆڵینەوە لە هۆی ڕووداوەکە بکەم، ئەگینا زۆر شت هەن لە دۆسیەی وادا هەر دیار نین.

ئەوەی لەم دۆسیەدا جێی پرسیارە ئەوەیە، ڕووداوەکە نە نامووسی بووە و نە لەسەر کێشەی ناو ژیان، بەڵکوو ڕووداوکە تەنیا لە دەروونی نەخۆشی کەسێکەوە خولقێنراوە کە پێشتر 13 ژنی هێناوە. لێرەوە کوشتن دەگات بە پلەی کوشتنی ڕووت و بەهۆکاری هیستریایی پیاوانە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *