1
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستەدا بە قۆناغێکی وەرچەرخانی جیۆپۆلەتیکیی یەکجار هەستیار و پڕ لە گرژیدا تێدەپەڕێت. ئەو ململانێ قووڵ و فرەڕەهەندەی کە لە نێوان جەمسەرە سەرەکییەکانی وەک (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە لایەک، و کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێزە بریکارەکانی) بەرپا بووە، تەواوی هاوکێشە سیاسی و تەناهییەکانى ناوچەکەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
لە سەرەتای هەڵگیرسانی ئەم جەنگەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووریی خاوەن پێگەی تایبەت، بە خوێندنەوەیەکی دروست و واقیعبینانە بۆ هاوکێشەکان، ستراتیجی «بێلایەنیی ئەرێنی» و خۆدوورگرتنی لە تێوەگلان لەم ململانێ وێرانکەرە هەڵبژارد، ئەم بڕیارە سەرچاوەکەی لە لاوازییەوە نییە، و بڕیارێکی ئەقڵانیی دەوڵەتدارییە کە ئامانج لێی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە و پاراستنی ژیان و ئاسایشی هاووڵاتییان، و هێشتنەوەی هەرێمی کوردستانە وەک دورگەیەکی ئارام لە ناوچەیەکدا کە هەموو شتێک لەسەر ئاگرە. هەر بۆیە سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێم هەمیشە دووپاتی لەوە کردووەتەوە کە نابێتە بەشێک لە هیچ پێکدادانێکی هەرێمی کە پەیوەندیی بە خەم و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانەوە نەبێت.
2
لە ڕوانگەی تیۆرییەکانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە، بێلایەنی تەنيا بە ڕاگەیاندن ناچەسپێت، بەڵکو زۆرجار هێزە شەڕخوازەکان ڕێز لەم بێلایەنییە ناگرن و هەوڵ دەدەن بە زەبری هێز لایەنی بێلایەن بکێشنە ناو بەرەکانی خۆیانەوە. سەرباری ئەوەی هەرێمی کوردستان بە فەرمی و بە کرداریش بێلایەنیی خۆی پاراستووە و نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ لایەنێک، بەڵام باجی ئەم بێلایەنییە زۆر قورس بووە.
سەرەڕای ئەم هەڵوێستە ئاشتیخوازانەیە، هەرێمی کوردستان بووەتە ئامانجی شەپۆلێکی بەرفراوان و بێوێنەی پەلاماری سەربازی. بەپێی ئامار و زانیارییە مەیدانییەکان، لە سەرەتای ئەم جەنگەوە، هەرێمی کوردستان بە نزیکەی هەزار هێرشی مووشەکی و درۆنی کراوەتە ئامانج. ئەم هێرشە یەک لە دوای یەکانە، کارەساتی مرۆیی گەورەیان لێکەوتووەتەوە و بوونەتە هۆی شەهیدبوونی 29 هاووڵاتی و برینداربوونی نزیکەی 149 کەسی تر، کە بەداخەوە زۆرینەی ڕەهای قوربانییەکان هاووڵاتیی سڤیل بوون. ئەمەش پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤە.
3
ئەگەر شیکاری بۆ نەخشەی هێرشەکان بکەین، دەبینین گۆڕانکارییەکی مەترسیدار لە ئاراستە و ئامانجی پەلامارەکاندا ڕوویداوە، لە قۆناغە سەرەتاییەکانی پێکدادانەکاندا، هێرشەکان زیاتر ئاراستەی کێڵگە نەوتی و گازییەکان، ژێرخانی ئابووری، یان بنکە و سەنگەرە سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکران؛ کە ئامانج لێیان پەکخستنی ئابووری و سەربازیی هەرێم بوو. بەڵام لە ئێستەدا دۆخەکە پەرەی سەندووە و ئاستی مەترسییەکان گەیشتووەتە قووڵایی شارەکان و سەنتەری بڕیاردان، هێرشی درۆنی بۆ سەر پایتەخت و ناوەندەکانی بڕیار و بەڕێوەبردنی هەرێم، لەوانەش نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە تەناهییەکانى وەک دەزگای پاراستن، پەیامێکی سیاسیی زۆر ڕوونی لەپشتە، ئەم گۆڕانکارییە بە ڕوونی ئاشکرای دەکات کە ئامانجی پشت ئەم پەلامارانە چیتر تەنیا زیانپێگەیاندنی مادی نییە، بگرە ئامانجێکی قووڵتری لە پشتە: ئەویش تێکشکاندنی ئیرادەی سیاسی و بیلایەنی هەرێمی کوردستانە.
هۆکاری سەرەکیی ئەم پەلامارانە ئەوەیە کە تاران و میلیشیا وابەستەکانی هەمیشە لەسەر بنەمای تێز و دۆکتراینێکی ئایدۆلۆجی و جیۆپۆلەتیکی تایبەت مامەڵە دەکەن، کە باوەڕی بە «بێلایەنی» نییە؛ لەلای ئەوان یان دەبێت لەگەڵیان بیت، یان دوژمنیانیت. بەم لۆجیکەوە بەردەوام هەوڵیان داوە بە هەڕەشە، تۆقاندن و پەلاماردان، ئیرادەی بێلایەنیی کوردستان بشکێنن و هەرێم ناچار بکەن ببێتە بەشێک و پاشکۆیەک بۆ ئەو بەرەیەی کە بە “بەرەی مقاومە” ناسراوە.
ئامانجی شاراوەی ئەم سیاسەتە ئەوەیە کە کوردستان لە ناوچەیەکی ئارام، سەقامگیر و دۆستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، بگۆڕێت بۆ مەیدانێکی یەکجاریی جەنگ و گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمییەکان، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ پێشێلکردنی سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی کوردستانە.
سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵیداوە لە ڕێگەی گفتوگۆ، گوتاری نەرم، و پەیامی دیپلۆماسییەوە کێشەکان بڕەوێنێتەوە و هەمیشە پابەندی پرەنسیپی خۆپارێزی و ئارامگرتن بووە، بەڵام لە ئێستەدا ئاستی هەڕەشەکان گەیشتووەتە قۆناغێکی نائاسایی کە ڕەهەندی بوونایەتییان وەرگرتووە، و چیتر تەنیا بە ڕێگەی دیپلۆماسیی ئاسایی و پێوەندیی تەلەفۆنی چارەسەر ناکرێن.
لەم قۆناغە مێژووییەدا، دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرجەم لایەنەکان تێبگەن کە هێزە هێرشبەرەکان نایانەوێت هەرێمی كوردستان بێلایەن بێت، بەڵکو دەیانەوێت ئیرادەی بێلایەنبوونی لێ بسەننەوە و بیکەنە قوربانیی شەڕێک کە هیچ خێر و بەرکەوتەیەکی بۆ ئارامی و داهاتووی گەلی کوردستان تێدا نییە. لە بەرانبەر ئەم گوشارە گەورانەدا، بژاردەی ڕاستەقینە و ئەقڵانیی نەتەوەیی کورد، تەنیا و تەنیا خۆڕاگرتنە لەسەر خاکی خۆی، یەکڕیزیی ناوخۆیی، و پاراستنی پرەنسیپە نەتەوەییەکانە.












Leave a Reply