كەی سەرۆك كۆمار دێتە هەڵبژاردن؟

بینەر: (1.7K)

هەفتەی رابردوو پەرلەمانی عێراق یەكەم دانیشتنی خۆی ساز كرد و تیایدا سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی هەڵبژێردران، دوای دەستبەكاربوونیان دەرگە بۆ خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار واڵا كرا كە تا كۆتای دەوامیی فەرمیی ئەمڕۆی پەرلەمان بەردەوام بوو، بەپێی سەرۆكی پەرلەمان ژمارەی كاندیدان گەیشتووەتە 44 كەس.

دوێنێ ناوی 41 كاندید لە هەموو پێكهاتە و ئاین و تایفەكان بڵاو كرایەوە كە ئەوان كاندیدن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و داوایان پێشكەش كردووە، ئەمڕۆش ژمارەیەكی تر تۆمار كران، بڕیارە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان تا 28ی ئەم مانگە بێتە سازكردن، ئەوە لەوكاتەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە بانگەشەی ئەوە دەكات پۆستەكە بۆ ئەوە، رای گەیاند كە نزار ئامێدی (57 ساڵ)، وەزیری پێشووی ژینگە تاكە كاندیدی حزبەكەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

لای خۆیەوە پارتی دیموكراتی كوردستان، كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن و خاوەن زیاترین كورسیی پەرلەمانییە لە هەرێمی كوردستان، دوو كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق راگەیاند، ئەوانیش د. فوئاد حوسێن (76 ساڵ)، وەزیری دەرەوەی عێراق و نەوزارد هادی (63 ساڵ)، پارێزگاری پێشووتری هەولێر، جیا لەوانە لەتیف رەشید (81 ساڵ)، سەرۆكی ئێستەی عێراق و مەلا بەختیار (71 ساڵ)، سەركردەی پێشووی یەكێتی و جوان فوئاد مەعسووم (56 ساڵ)، كچی فوئاد مەعسووم سەرۆكی پێشووی عێراق خۆیان كاندید كردووە.

بەپێی دەستووری عێراق پێویستە سەرۆك كۆمار بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان لە ماوەی 30 رۆژ لە دوای یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بێتە هەڵبژاردن، دوای هەڵبژاردنیشی لە ماوەی 15 رۆژ كاندیدی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان، كە پشكی شیعەیە، بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت لە ماوەی 30 رۆژ رادەسپێرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *