یەشار ستار ئەحمەد
لە ناوەڕاستی ئەو ململانێ ناشرین و دراما سیاسییەی لە نێوان هەولێر و سلێمانی بەڕێوەدەچێت، کاتێک میدیا سێبەرەکانی زۆنی زەرد و سەوز ڕۆژانە بە تۆمەتبەخشینەوە و نمایشکردنی بەراوردی بێبایەخی نرخی بەنزین و گازۆئێل ڕای گشتی دەپڵۆپێنن، واقیعێکی زۆر قووڵتر و ژێنەرالتر لە پشت ئەم دووکەڵە میدیاییەوە شاردراوەتەوە. کاتێک کابینەکەی مەسرور بارزانی و ئیدارە حزبییەکەی سلێمانی، کێشەی سەرەکیی خەڵکیان کورتکردووەتەوە بۆ ئەوەی کام زۆن چەند هەزار دینارێک هەرزانتر یان گرانتر سوتەمەنی دەفڕۆشێت، بە ئەنقەست هەوڵ دەدەن مێشکی کۆمەڵگە لە پرسیارە جەوهەرییەکە غافڵ بکەن. پرسیارە ڕاستەقینەکە چەند دیناری نرخی بەنزین لەم زۆن یان ئەو زۆن نییە، بەڵکو ئەمەیە: چۆن دەکرێت نەتەوەیەک کە خاوەنی یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە ڕووی نەوت، گاز و سامانی سروشتییەوە، دوای دەیان ساڵ لە بەڕێوەبردن، هێشتا دەستکورت، هەژار و لە چاوەڕوانیی بێبڕانەوەدا بێت بۆ وەرگرتنی سەرەتاییترین پشکی خۆی لەم هەموو خێروبێرەدا؟
ئەم کێبڕکێ بێزارکەرەی نێوان هەردوو دەسەڵاتدارییەکە، تەنها یارییەکی خۆڵکردنەچاوە تا خەڵکی پێوە سەرقاڵ بکرێت، لە کاتێکدا بنەماڵە و دەستەگەرییە حزبییەکان لە پشت پەردەوە خەریکی درێژەدانن بە تاڵانکردنی سامانی نیشتمانی و دابەشکردنی دەستکەوتەکانی بەرهەمی نەوت. کاتێک هاوڵاتییەک دوای ساڵانێک لە بڕینی مووچە، نەمانی کارەبا، داڕمانی خزمەتگوزارییەکان و داڕزانی ژێرخانی تەندروستی و پەروەردەیی، دەبینێت تەواوی خەونی ژیانی سەربەرزانەی کورتکراوەتەوە بۆ چاوەڕوانکردنی شانسێک بۆ وەرگرتنی بەرمیلێک نەوت یان دابەزینی کەمێکی نرخی بەنزین، ئیدی بە ڕوونی درکی پێدەکات کە لەلایەن ئەم سیستمەوە نەک هەر خێروبێری لێ زەوت کراوە، بەڵکو کەرامەتیشی پێشێل کراوە. ئەم دابەشکردنەی کۆمەڵگە بەسەر جەنگاوەرانی زۆنی زەرد و سەوزدا، تکتیکێکی نەگریسە بۆ دوورخستنەوەی شەقام لە لێپرسینەوە؛ تا هاوڵاتییان لە جیاتی ئەوەی بە کۆمەڵ داوای «سەروەریی یاسا، شەفافییەتی داهاتەکان، و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرمایە» بپڕسێن، تەنها شەڕی ئەم زۆن و ئەو زۆن بپڕسێنن.
کۆتایی ئەم یارییە سیاسییە درێژخایەنە، حەقیقەتێکی زۆر بەئازارمان بەڕوودا دەپەکێنێتەوە کە هیچ ڕاگەیەندراو و گوتارێکی دیپلۆماسی ناتوانێت پەردەپۆشی بکات: لەنێوان هەولێر و سلێمانیدا، هیچ ئیدارەیەک نییە کە نوێنەرایەتی مافی ڕاستەقینەی ئەم خەڵکە بکات؛ کاتێک هەردوو لا خەریکی شەڕی دەستکەوتی حزبیین لەسەر نرخی سوتەمەنی، هاوڵاتیی ئاسایی تەنها بینەرێکی بێبەش و برسییە کە لەسەر گەنجینەی ئاڵتوون، هێشتا لە تاریکیدا چاوەڕێی پشکی خۆی دەکات.
















Leave a Reply