گەرمترین مژار لە ئێستەی عێراقدا، پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و داماڵینی چەكی میلیشیا و گرووپە چەكدارەكانە. ئەڵبەتە تەوەری یەكەمی بابەتەكە بەپێی ئەو پلانەی دانراوە، دەڕواتە پێش و كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، 30 ئەم مانگەیە، لەسەر بنەمای رێككەوتنی هاوبەشی تەناهی و سەربازیی نێوان حكوومەتی عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكان، بۆیە ئەمەریكا، بە كردار دەستی بەكشانەوە كردووە .
بەپێی ئەو ڕێككەوتنە، لەم مانگەوە كۆتایی بە ئەركی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق دێت، بەڵام ئەم ڕێككەوتنە بە مانای كۆتایی پێوەندییە سەربازییەكان نایەت، بەڵكو گواستنەوەی ئەركی هاوپەیمانێتییەكەیە بۆ پێوەندیی تەناهیی دووقۆڵی لەسەر بنەمای ڕێككەوتنی چواچێوەی ستراتیجی كە لە نێوان عێراق و ئەمەریكادا واژوو كراوە .
بەپێی ئەو ڕێككەوتنە، پێوەندییەكان لەسەر بنەمای ڕاوێژكاری و مەشق بەردەوام دەبن. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەمەریكا پشتیوانیی خۆی بۆ كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق مەرجدار كردووە. بە پرسی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا، واتە كۆنترۆڵكردنی گرووپە چەكدار و میلیشیاكان، یەكێكە لە داواكارییە سەرەكییەكانی واشنتن بۆ گەرەنتیكردنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق. خۆئەگەر گرووپە چەكدارەكان بە تایبەت ئەوانەی سەربە بەرەی مقاوەمەن، پابەندی بڕیارەكانی حكوومەتی بەغدا نەبن و بەردەوام بن لە هێرشەكانیان یان بیانەوێ پارێزگاری لە سەربەخۆیی سەربازیی خۆیان بكەن، چی ڕوو دەدات یاخۆ بارودۆخەكە بەرەو كوێ دەڕوات؟ ئەی هەڵوێستی ئەمەریكا لە دۆخێكی ئاوادا چی دەبێت؟ .
ئەڵبەتە تا ئێستە چەند گرووپێك بە فەرمی ڕایان گەیاندووە كە دەستبەرداری چەك دەبن، بەڵام لە ڕووی كردارییەوە ئەم بابەتە پرۆسەیەكی ئاڵۆزە، ئەستەمە گرووپە چەكدارەكان بە تایبەت ئەوانەی سەربە بەرەی مقاوەمەن، دەستبەرداری چەك بن، چونكە تەنیا مووچەیان لەسەر عێراقە، ئەگەرنا بە حكوومەتی عێراقەوە پابەند نین. ڕەنگە ئەوانیتریش بیانەوێ هەندێ هەنگاوی ڕووكەش بهاوێژن بۆ ئەوەی ئەمەریكا فریو بدەن، ئەمەیش مەحاڵە، چونكە بابەتی داماڵینی چەك لای ئەمەریكا بابەتێكی ستراتیجییە و بە وردی چاودێریی دەكەن .بۆیە هەر لە ئێستەوە نیگەرانی و مەترسییەكانی خەڵك لەم ئاڵوگۆڕانەی دێنە ئاراوە، بە شەقامی عێراق و ئابوورییەكەیەوە دیارە، چونكە ئەگەر حكوومەتی عێراق نەتوانێ پابەند بێت بە مەرج و داخوازییەكانی ئەمەریكاوە، ئەوكات ڕەنگە واشنتۆن بۆ گوشار خستنەسەر حكوومەت و چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە، چەندان رێوشوێن بگرێتە بەر كە ڕەنگە لێكەوتەكانی بارودۆخەكە بە تەواوی ئاڵۆز بكەن. بۆ نموونە ئەگەر حكوومەت نەتوانێ پرۆسەكە جێبەجێ بكات، ئەم ئەگەرانە كراوەن:
1- گرووپە چەكدارەكان، دوور نییە رووبەڕووی وەڵامی ڕاستەوخۆی سەربازیی ئەمەریكا ببنەوە و بنكە و بارەگا و كۆگەكانی چەك و سەركردە دیارەكانیان، بكرێنە ئامانج .
2- سزای ئابووری و دارایی، لە رێگەی گوشارخستنەسەر كەرتی بانكی عێراق، ئەمەریكا دەتوانێ دەستگەیشتنی بانكەكان بە دۆلار سنووردار بكات. هەروەها سزای ئەو بانكە عێراقییانە بدات كە تێوەگلاون لە ناردنی پارە بۆ گرووپە چەكدارەكان، ئەوكات بەهای دیناری عێراقی دادەبەزێت و ڕەوشی ئابووری و دارایی بە گشتی ئاڵۆز دەبێت، ئەمە سەرەڕای سزادانی فەرماندە و گرووپە چەكدارەكان لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكاوە .
3- گوشاری سیاسی و دیپلوماسی و پاشەكشەی پشتیوانی نێودەوڵەتی، هەڵبەتە لاوازیی حكوومەتی عێراق لە بەرانبەر گرووپە چەكدارەكان، دەبێتە هۆی لاوازبوونی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانی بەغدا و ڕاگرتنی هاوكارییە تەناهی و سەربازییەكان، بۆیە واشنتن بەردەوام دووپاتی دەكاتەوە كە بەرپرسیارێتیی سەرەكی پاراستنی سەروەری و كۆنترۆڵكردنی چەك لە ئەستۆی حكوومەتی عێراقە، بەڵام لە حاڵەتی شكستی بەغدا لە ڕاگرتنی ئەم گرووپانە، دوور نییە ئەمەریكا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، ڕاستەوخۆ دەستێوەردان بكات. كەواتە ئەگەر میلیشیا و گرووپەكان چەك ڕادەست نەكەن، عێراق لە بەردەم كێشە و مەترسیدایە، بۆیە پرسیار ئەوەیە، ئایا سوودی ئەم گرووپە چەكدارانە بۆ ئایندەی عێراق و شیعەكان چییە؟
لە كاتێكدا شیعەكان خۆیان تەواوی جومگە سەرەكییەكانی دەوڵەتیان بەدەستەوەیە و زیاتر لە 70%ی سوپا و هێزەكانی ناوخۆ لە پێكهاتەی شیعەن، ئیتر بەرژەوەندییان لە چیدایە كە دەستبەرداریان نابن، ئەی دەبێت لە چی بترسن؟. یان دەیانەوێ لاسایی سوپای پاسداران و ئێران بكەنەوە، لە كاتێكدا دۆخی عێراق زۆر لە ئێران جیاوازە و ئەمەریكا هەرگیز ڕێگە نادات عێراق ببێتە ئێرانی دووەم.
خۆئەگەر لایەنە شیعەكان لەو ڕوانگەیەوە تەماشای حەشدی شەعبی و گرووپە چەكدارەكان بكەن كە لە شەڕی دژی داعشدا ڕۆڵی كاریگەریان هەبووە لە پاراستنی ناوچە شیعەنشینەكان و تێكشاندنی داعش لە ناوچە سوننییەكان، ئەوە ئەمە بەو مانا نییە ئەو ڕۆڵە تا ئێستە وەك خۆی مابێتەوە، چونكە هەلومەرجەكە بە تەواوی گۆڕاوە، بۆیە پێویستە ئێستە لایەنە شیعەكان بە دیدگەیەكی فرەوانتر خوێندنەوە بۆ بارودۆخەكە بكەن، بۆ ئەوەی ڕێگە لە قەیرانێكی نوێ بگرن. ئەگەرنا هاوكێشەكە دوور نییە ئەمجارە پێچەوانە بێتەوە و بە زیانی گەورە بۆ خۆیان بشكێتەوە، چونكە لە ئایندەدا ئەم گرووپ و هێزە چەكدارانە چیتر ناتوانن ببنە چەتری پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەكانی شیعەكان لەلایەك و بەكارهێنانیان وەك هێزێكی تایفی ئامادە بۆ سەركوتكردنی پێكهاتەكانی عێراق لە ناوچە جێناكۆكەكان و ناوچە سوننەنشینەكان، لەلایەكی ترەوە.
لە حاڵەتی پابەندنەبوون بە چەكدانان، بێگومان ئەم گرووپانە دەخرێنە لیستی تیرۆرەوە، ئەوكات ئیتر بەشێك نابن لە سیستمی ئاسایش و سەقامگیریی عێراقدا و ڕووبەڕووی گوشاری هەمەلایەنە دەبنەوە، بۆیە ئەگەر شیعە چارەسەرێكی ژیرانە بۆ میلیشیاكان نەكەن، ئەوە لە ساڵانی داهاتوو دەبنە سەرچاوەی نەهامەتی بۆ عێراق و شیعەكان خۆیان .












Leave a Reply