رەهەندە ئابوورییەكانی سەردانەكەی زەیدی بۆ ئەوروپا چی بوون؟

بینەر: (1.2K)

بەر لە چەند رۆژێك عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانێكی فەرمی بۆ هەریەك لە فڕەنسا و ئەڵمانیا ئەنجام دا، وەك شارەزایان پێیان وایە ئەو سەردانە لە كاتێكدایە كە عێراق و ناوچەكە لەناو چەند تەنگژەیەكی تێكهەڵكێشی ئابووری و سیاسی و تەناهی و هیتریش دەناڵێنن، عێراق لە رووی نەوت و وزە و ژێرخانەوە كێشەی گەورەی هەیە، بەتایبەتی لە دوای 30ی ئەم مانگە هێزی هاوپەیمانان دەكشێنەوە و هێشتا هیچ گفتوگۆیەك بۆ دوای ئەو وادەیە نەكراوە.

شارەزایان پێیان وایە ئابووری و وەبەرهێنان دوو تەوەری سەرەكیی سەردانەكەی زەیدی بوون بۆ ئەوروپا، جیا لە بانگەشەكردن بۆ پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدان، هەوڵی دۆزینەوەی بازاڕی بۆ نەوت و غازی عێراق دا، داوای لە كۆمپانیاكانی ئەوروپا كرد بۆ هاتن بۆ عێراق بۆ بووژانەوەی كەرتەكانی تری جگە لە نەوت و جۆراوجۆركردنی سەرچاوەی داهات و فرەوانكردنی پێوەندییەكان لە هەموو رووێكەوە، بەتایبەتی كە فڕەنسا و ئەڵمانیا شارەزاییەكی زۆریان لە بوارەكانی وزە و كارەبا و پیشەسازی و تەكنۆلۆجیا و هیتریشەوە هەیە.

مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری ئابووری سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژە دەكات، سەردانەكەی زەیدی وێستگەیەكی گرنگی سیاسەتی دەرەوەی عێراق بوو، كاتێك حكوومەتی عێراق بە دوای جۆراوجۆركردنی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەكانە، گۆڕینی پێوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی ئەروپا لە ئاستی هاوئاهەنگی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ هاوبەشییەكی كردەنی بە رەهەندێكی تەناهی و ئابووری و وەبەرهێنان، عێراق هەوڵ دەدات پێوەندیە باشە سیاسییەكانی لەگەڵ پاریس و بەرلین بۆ پڕۆژەی بەرجەستەكراوی ئابووری بگۆڕێت، لە بری مانەوەی لە چوارچێوەی رێككەوتنی گشتی، لەگەڵ راكێشانی وەبەرهێنانی درێژخایەن و گواستنەوەی تەكنۆلۆجیا و شارەزایی و فەراهەمكردنی هەلی كار.

گرنگی سەردانەكەی زەیدی بۆ ئەو دوو وڵاتە، هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتاهاتنی ئەركی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق لە كۆتای ئەم مانگە، ئەوەش بوار بە گۆڕینی شێوەی پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا دەرەخسێنێت، لە پێشەوەیان فڕەنسا و ئەڵمانیا، لە قۆناغێكی نوێ لەسەر بنەمای هاوبەشییەكی تۆكمە و پێشكەوتووی ئابووری و پەرەپێدان.

لەو سەردانەی زەیدی ژمارەیەك یاداشتی لێكگەیشتن و رێككەوتن لە بوارەكانی وزە و هیتریش واژوو كران، هاوكات لە ناوخۆ حكوومەتی عێراق چەند هەنگاوێكی بۆ رەخساندنی ژینگەیەكی لەبار بۆ هاتنی كۆمپانیاكانی فڕەنسا و ئەڵمانیا و كاركردنیان لە عێراق ناوە، بۆ راكێشانی زیاتری وەبەرهێنانی ئەوروپایی و پەرەپێدانی پڕۆژەكانی وزە و ژێرخان و گواستنەوە و پیشەسازی و هیتریش.

لە 12ی ئەم مانگە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵا، دەستی بە گەشتێكی ئەوروپایی كرد كە فڕەنسا و ئەڵمانیای گرتەوە، لە پاریس لەگەڵ ئیمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا كۆ بووەوە و چەند رێككەوتنێكیان لە بوارەكانی وزە و فڕۆكەوانی واژوو كرد.

رێوڕەسمی واژووكردنی رێككەوتنەكان بە سەرپەرشتیی زەیدی و ماكڕۆن لە كۆشكی ئیلیزێ لە پاریس بەڕێوە چوو، كاتێك وەزیری دەرەوەی عێراق و هاوتا فڕەنسییەكەی رێككەوتنێكیان لە بواری لاوان واژوو كرد، وەزیری كارەباش یاداشتێكی لێكگەیشتنی لەگەڵ كۆمپانیای تۆتالی فڕەنسی لەبارەی غازەوە واژوو كرد، جیا لە رێككەوتنێكی تر لە بواری كەرتی فڕۆكەوانیی مەدەنی لە نێوان وەزارەتی گواستنەوە و دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنیی فڕەنسایی.

لە دوای فڕەنسا زەیدی گەیشتە ئەڵمانیا و لەگەڵ فریدریش مێرتس راوێژكاری ئەو وڵاتە كۆبووەوە، ئەو رای گەیاند كە عێراق وەك هاوبەشێكی باوەڕپێكراو سەیری ئەڵمانیا دەكات، خاوەن سەرچاوەیەكی زۆری سروشتییە و پێویستی بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەڵمانیا هەیە، دووپاتی كردەوە كە عێراق نەوت هەناردەی ئەڵمانیا دەكات و كار بۆ كڕینی كەلوپەل و تەكنۆلۆجیای ئەڵمانی دەكات.

زەیدی دووپاتی كردەوە كە عێراق زەرەرمەندترین وڵات بووە لە شەڕی ئێران و ئێستەش بەغدا بە رووی ئەوروپا و ئەمەریكا كراوەیە، لای خۆیەوە راوێژكاری ئەڵمانیا دووپاتی كردەوە كە چەندان كۆمپانیای ئەڵمانی لە عێراق كار دەكەن و حكوومەتی عێراق لە بواری رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هەنگاوی گرنگی ناوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *