راپۆرتێك: فەرماندەكانی ئێران خۆیان بۆ گەڕێكی تری شەڕ ئامادە دەكەن

بینەر: (856)

ئێران ئاماژەی بەوە داوە كە خۆی بۆ گەڕێكی تری شەڕ لەگەڵ ئەمەریكا ئامادە دەكات و بە ئاشكرا هەڕەشە لە واشنتن و هاوپەیمانەكانی دەكات، بە مەبەستی وەستاندنی دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە دووبارە دەست پێكردنەوەی شەڕەكە.

لە مانگی ڕابردوودا، فەرماندەكانی سووپای ئێران پەیامی یەك لە دوای یەك دەخەنە ڕوو و باس لەوە دەكەن كە ئێران چەندین كۆگەی گەورەی لە چەكی نوێ ئامادە كردووە و لە هەر كاتێكدا بەرانبەر ناوچەكانی دەرەوە بەكاری دێنێت، لەوانە دژی ئەمەریكا ئەگەر بە فەرمی دەست بەو شەڕە بكاتەوە كە لە مانگی دووی ڕابردوودا دەستی پێ كرد.

بەرپرسانی ئێران هەڕەشەی ئەوەیان كردووە لە كاتی دەست پێكردنەوەی شەڕەكە سنووری ئامانجەكانیان فراوانتر دەكەن، لەوانە بڕینی كێبڵەكانی ئینتەرنێت لە ژێر ئاودا، هەروەها هێرشكردنە سەر سەنتەرەكانی تایبەت بە ژیری دەستكرد و ناوچەكانی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز.

لە كۆتاییەكانی مانگی ڕابردوو حوسێن موحیبی گوتەبێژی سووپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند، دنیا سەرسام دەبێت، ئێمە ئامانجی تازەمان هەیە كە تا ئێستە هێرشمان نەكردووەتە سەریان.

نزیكەی نۆ مانگ دوای دەست پێكردنی هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، كێشەكە گەیشتووەتە دۆخێك كە ڕوون نییە كێ براوە دەبێت، هەمووان دەربارەی ئامانجی كۆتایی تڕەمپ لە دڵەڕاوكێدان و دنیاش بەهۆی كێشە ئابوورییەكانەوە دەناڵێنێت، هەردوو لا سەركەوتنی خۆیان ڕادەگەیەنن، تاران ئاماژە بە ڕزگاربوون و مانەوەی دەكات و واشنتنیش باس لەو زیانانە دەكات كە بە ڕژێمی ئێرانی گەیاندووە، لە هەمان كات ئیدارەی ئەمەریكا لە سەپاندنی سزا ئابووری و سەربازییە نوێیەكان بە مەبەستی خۆبەدەستەوەدانی ئێران بەردەوامە، بەڵام ئێران بە توندی ڕەتی دەكاتەوە.

موحیبی زیاتر گوتی، شەڕ كۆتایی نەهاتووە و سووپای پاسدارانی ئێران خۆی بۆ شەڕێكی درێژخایەن ئامادە كردووە.

خۆئامادەكردن بۆ شەڕ

لە كاتێكدا فەرماندەكانی ئێران ئاماژە بۆ هێز و ئامادەیی وڵاتەكەیان دەكەن، هاووڵاتییانی ئاسایی كە دەمێكە بە دەست كێشە و سەختیی ئابوورییەوە دەناڵێنن، دووبارە بە نیگەرانییەوە خۆیان بۆ ئەو ڕاستییەی كە چاوەڕێیان دەكات لە مەیدانی جەنگدا ئامادە دەكەن.

هەفتەی ڕابردوو هاووڵاتییەكی تەمەن 70 ساڵی نیشتەجێی تاران بە “سی ئێن ئێن”ی گوت، هەموو ڕۆژ و شەوێك چاوەڕێین بۆردمانەكە دەست پێ بكاتەوە، پاوەر بانكەكانم بارگاوی كردووە و ئاوی زیادەم هەڵگرتووە و هەموو شتێك ئامادەیە، چونكە هێرشەكە دەكرێت، ئەگەری هەیە لە هەر كاتێك و هەر ڕۆژێكدا دەست پێ بكات.

دایكێك كە خاوەنی دوو منداڵە باس لەو ترسە دەكات كە هەموو بەیانییەك لە كاتی ناردنی منداڵەكانی بۆ قوتابخانە لەگەڵیدا دەژی، بەو شەقامانە تێپەڕ دەبن كە تێییدا سوپای پاسداران دەبینرێن و بنكە سەربازییەكان چاڵاكن.

زیاتر گوتی، حەز دەكەم بزانم ئەمەریكا دەیەوێ كوێی تر بۆردمان بكات؟، لە شەڕی پێشوودا نەیانتوانی سەركردایەتیی ئێران لە ناو ببەن و ناشتوانن ڕێك كەون، كەواتە ئامانجی دەست پێكردنی شەڕێكی تر چییە؟

هاووڵاتییەكی تر بە “سی ئێن ئێن”ی ڕاگەیاند، دانیشتووانی ئێران بڕوایان بەوە هێناوە كە شەڕەكە دەست پێ دەكاتەوە و ئەوە هەموو شتێكە كە خەڵك باسی لێوە دەكەن، هەمیشە بیر دەكەیتەوە ئەمشەو دەست پێ دەكات؟، یان سبەی؟، پێم وایە ئەوە زیاتر دۆخەكە خراپ دەكات، لە هەموو شوێنێك باسی لێوە دەكرێت، تەنانەت ناتوانیت بۆ كاتێكی كەمیش بیری لێ نەكەیتەوە.

بە ئامانجكردنی ئەوروپا

لە ماوی چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕاوێژكارانی كۆشكی سپی كۆبوونەوەیەكیان بۆ باسكردنی چەند بژارەیەكی جیاواز لەبارەی ئێران ئەنجام دا، لە هەمان كات تڕەمپ ڕای گەیاند كە پێش هەڵبژاردنەكانی نیوەیی كۆنگرێس هیچ هەنگاوێكی نوێ نانێت، بەڵام چەند ڕاوێژكارێك بە نهێنی بە “سی ئێن ئێن”یان ڕاگەیاند كە دڵنیا نین ئەم قسەی تڕەمپ كۆتا بڕیاری بێت یان پێش سێی تشرینی دووەمی داهاتوو بڕیارەكەی بگۆڕێت.

سوپای ئەمەریكا پلانی هێرشكردنی نوێی داناوە و بەشێك لەو پلانە بەكار‌هێنانی ئەو بۆمبەیە كە پێی دەڵێن “دایكی بۆمبەكان”، بە كردنەئامانجی ژێرخانی وزە و وێستگە ناوەكییەكانی ئێران، پلانەكان جێبەجێ دەكرێن، ئەگەر تڕەمپ پێش یان دوای پرۆسەی هەڵبژاردنەكە بڕیاری لەسەر بدات.

ئەوە لەوكاتەی شەمووی رابردوو عەلی ڕەزا شێخ فەرماندەی سوپای ئێران ڕای گەیاند كە ئەوانە هەموو قسەی بێ مانان و بۆ ترساندنی گەلی ئێرانە و خەڵكی ئێران خۆیان باوكی بۆمبەكانن.

و: ئەوین مەحموود

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *