تێكڕای وەچەخستنەوە لە عێراق كەم بووەتەوە

بینەر: (6)

ئەمڕۆ وەزارەتی پلاندانانی عێراق رای گەیاند كە تێكڕای وەچەخستنەوە لە عێراق پاشەكشەی كردووە و ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە 2030 دەگاتە سەرووی 50 ملیۆن كەس.

ماهر حەماد جۆهان بریكاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق رای گەیاند، بەپێی سەرژمێری و رووپێویی ئابووری و كۆمەڵایەتی كە پێش ئەوە كراون، چەند ئاماژەیەكیان لەبارەی هەژاری و پەرەپێدانەوە دەرخست، سەرەڕای بوونی تەنگژەی ئابووری، تا سەرەتا و كۆتایی 2025 پێوەری پەرەپێدان لەسەر ئاستی عێراق لە رووەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییە جیاجیاكانەوە باش بووە، لەوانە بەرزبوونەوەی ناوەندی تەمەنی پێشبینیكراو و باشبوونی خومەتگوزاری و دابەزینی تێكڕای مردن بە هۆی نەخۆشییەوە.

روونی كردەوە، ئەندامی سەرژمێری دەری خست كە 70%ی هاووڵاتییان خاوەن خانووی خۆیانن و 30%ی كرێچین، كێشە لە كۆنی خانوو و یەكەكانی نیشتەجێبوون و خانووە زێدەڕۆییەكان هەیە، تێكڕای گەشەی دانیشتووان كەمی كردووە، ئەوەش بەهۆی كەمیی وەچەخستنەوە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی رۆشنبیری و فێركردنی ژن و گۆڕانی هەندێك بەهای كۆمەڵایەتی پێوەست بە قەبارەی خێزان و هاوسەرگیری زووەوە.

دووپاتی كردەوە، لە عێراق ساڵانە ملیۆنێك بۆ ملیۆنێك و 250 هەزار كەس زیاد دەبن، ئێستە ژمارەی دانیشتووانی عێراق زیاتر لە 46 ملیۆن كەسە، بریكاری وەزیری پلاندانانی عێراق ئاشكرای كرد كە پێشبینی دەكرێت ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە 2030 بگاتە سەرووی 50 ملیۆن كەس.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *