بۆ یەكەمجار نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگەی شان لە كوردستان ئەنجام درا

بینەر: (332)

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندوستیی سلێمانی ڕای گەیاند، بۆ یەكەمجار نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگەی شان بەسەركەوتوویی لە نەخۆشخانەی شار ئەنجام درا.

ئەمڕۆ دووشەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕای گەیاند، تیمێكی پزیشكیی نەخۆشخانەی شاری فریاكەوتنی فێركاری، توانیان بەسەركەوتوویی نەشتەرگەریی گۆڕینی تەواوی جومگەی شانی ڕاست بۆ نەخۆشێك ئەنجام بدەن كە ماوەیەكی زۆر بوو دەیناڵاند بە دەست ئازاری توندی جومگەی شانیەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، نەخۆشەكە بەهۆی داخورانی جومگەی شانیەوە، نەیدەتوانی كاروباری ڕۆژانەی بە باشی ڕاپەڕێنێت و بە ئارامی پشوو بدات و بخەوێت.

ڕاشی گەیاند، نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگەی شان بەسەرپەرشتی د. عەبدوڵا كەمال پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسك و جومگە و شكاوی، بە هاوكاری ستافی پزیشكی و كارمەندانی نەخۆشخانەی شار ئەنجام درا، دۆخی تەندروستیی نەخۆشەكە زۆرباشە و ڕەوانەی ماڵەوە كراوەتەوە.

تەندروستیی سلێمانی ڕاشی گەیاند، ئەوە یەكەمجارە نەشتەرگەریی ناوازەی گۆڕینی جومگەی شان بەتەواوی لە نەخۆشخانەیەكی حكوومی پارێزگای سلێمانی ئەنجام بدرێت، ئەویش لەلایەن پزیشكانی ناوخۆیی بەبێ سەرپەرشتیكردنی پزیشكانی بیانی.

بەگوتەی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سێمانی، نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگەی شان بەراورد بە گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ و جومگەی حەوز، نەشتەرگەرییەكی نوێیە لە دنیا و تازە برەوی پێ دراوە، خۆشبەخاتە پزیشكانی كورد دەتوانن ئەو نەشتەرگەرییە ئەنجام بدەن، بۆیە نەخۆش ناچار نییە سەردانی دەرەوەی وڵات بكات بۆ ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *