لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگاییكردنی لاهوور شێخ جەنگی و هاوەڵانی، گوتەی سێ كەسی سەرەكی كە لاهوور و پۆڵادی برای و رێبوار حامی حاجی غالی بوون وەرگیرا.
دادگاكە چۆن بوو؟
لە كەشوهەوایەكی یاساییدا و بە ئارامی دادگاییكردنە لەلایەن سەرۆكی دادگاوە كرایەوە، سەرەتا گوتەی رێبوار حامی حاجی غالی كە ئەو كاتەی لە دەرەوە بوو فەرماندەی هێزی دووپشك بوو وەرگیرا، بەڵام ئەو لە گوتەكانیدا كەمترین روونكردنەوەی داوە و تەنیا چەند سەرەداوێكی دەرخستووە.
بەپێی زانیارییەكانی “وشە” كە تایبەت دەستی كردووە، رێبوار حامی حاجی غالی بەشێكی زۆر لە قسەكانی چوونەتەوە سەر ئەو گرتە ڤیدیۆییەی كە پێشتر بڵاو كراوەتەوە و باسی چوونی قەناس بۆ شوقەیەك بەرانبەر دەباشان كراوە، بەڵام لە قسەكانیدا هیچ ئاماژەیەك بۆ ئەوە نەبووە كە لاهوور تاڵەبانی راسپاردبێت تا لەوێوە بافڵ تاڵەبانی یان كەسێكی ماڵی تاڵەبانی تیرۆر بكات.
ئەو باسی لەوە كردووە كە راستە لە ژێر فەرمانی لاهوور شێخ جەنگی بووە، بەڵام هەرگیز كە رایسپاردووە بۆ كارێك پرسیاری لێ نەكردووە، ئەو كاتەیشی كە چووە بۆ شوقەكە، لاهوور شێخ جەنگی تەنیا ئەوەی پێ گوتووە كە لەوێ مەترسییەك هەیە و پێویستە چاودێریی ماڵی مام جەلال بكات.
ئەو باسی لەوە كردووە كە لاهوور شێخ جەنگی تەنانەت ئەوەی گوتووە لە هەر حاڵەتێكدا پێویستە هێرۆ برایم ئەحمەد لەوێوە بپارێزن.
پۆڵاد چی؟
پۆڵاد شێخ جەنگی كە برای لاهوور شێخ جەنگییە لە بەردەم دادوەردا تەواوی قسەكانی رەت كردووەتەوە كە لە پەڕاوەكەدا نووسراوە، ئەو بەوە دەستی پێ كردووە كە لە شەوی رووداوەكەی لالەزار لە 22ی ئابی ساڵی ڕابردوو بە برینداری گوتەی لێ وەرگیراوە.
ئەو باسی لەوە كرد، كاتێك بریندار بووە دەرمانی هێوركەرەوەی پێ دراوە و ئینجا گوتەی داوە، لە كاتێكدا هەر لەوكاتەدا داوای پارێزەری كردووە و بۆی دابین نەكراوە. ئەوەیشی گوت كە ئەو زۆر كوردی نازانێت بۆیە ئەو گوتانەی نووسراون راست نین.
بە هەمانشێوەی رێبوار، پۆڵاد سەرەنجی خستووەتە سەر جووڵەكانیان لە سلێمانی و گوتوویەتی، ئەوان ئاگاداری ئەوە بوون كودەتا لەناو هێڵێكی سەربازی لەسەر یەكێتی هەبووە و تەنیا مەبەستیان بووە پارێزگاری لە دۆخەكە بكەن.
نۆرەی لاهوور تاڵەبانییە
بەپێی گوتەی سەرچاوەیەكی “وشە” لاهوور شێخ جەنگی باشتر لە هەموو ئامادەبووانی تری بەردەم دادگا قسەی كردووە، سەرەتایش داوای لە سەرۆكی دادگا كردووە پێنج خولەكی پێ بدات تا روونكردنەوە لەسەر قسەكانی هەریەك لە رێبوار حامی حاجی غالی و پۆڵادی برای بدات.
لاهوور تاڵەبانی گوتوویەتی، كودەتا لەسەر یەكێتی هەبوو، بۆ زانیاریی هەمووانیش هەریەكە لە دلێر سەید مەجید و قوباد تاڵەبانیم لەوە ئاگادار كردووەتەوە پێشتر، هەروەها چەند جارێك بافڵ هاتووەتە بەردەم ماڵەكەم و جووڵەی نەشیاوی كردووە، “ئەگەر مەبەستم كوشتن بوایە لەوێ دەمتوانی بیكوژم”.
لاهوور شێخ جەنگی درێژەی بەقسەكانی داوە و دەڵێ، من نازانم بابەتی قەناس و شوقە چییە، من دەیان شوقەم لە سلێمانی بۆ میوانداری هەیە، ئەو قەناسەی كە گوایە براوە بۆ شوقەیەك هیچ كردەیەكی پێ ناكرێ ئەگەر پێشتر چەند فیشەكێكی پێ نەتەقێنرێ، “داوا لە دادگا دەكەم لەوبارەیەوە پرسیار لە شارەزایانی سەربازی بكات”.
لاهوور لە گوتەكانیدا رەخنەی لە دادگا گرتووە و گوتوویەتی، “سەرۆكی دادگا مەبەستم شكاندنی دادگا نییە، بەڵام ئەی بۆ كەیسی كوشتنی موراد كانیكوردەیی و هاوكار جاف و چەندان كەسی تر كە لای من كاریان دەكرد هیچتان نەكرد؟ لێم مەگرن گومانم لە هەر بڕیارێك هەبێت لە داهاتوو دژی ئێمە دەیدەن”.
بەو گوتانە و بەچەند پرسیارێكی دادوەر، دانیشتنەكە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.















Leave a Reply