ئێران لە ڕێگەی چینەوە چۆن لە سزاكانی ئەمەریكا دەربازی بووە؟

بینەر: (8)

دوو سەرچاوەی باڵای ئێران و سێ سەرچاوەی تری ئاگادار دووپات لەوە دەكەنەوە، ئێران ڕێكارێكی هاوشێوەی ئاڵوگۆڕی نەوت بەرانبەر بە كاڵا، بۆ خۆدزینەوە و دەربازبوون لە سزاكانی ئەمەریكا لەگەڵ چین گرتووەتەبەر، نەوت بۆ چین ڕەوانە دەكات و لە بەرانبەر ئەوەیشدا كەلوپەل و كاڵای جۆراوجۆر و كەلوپەلی سەربازیشی بە ملیاران دۆلار لە چینەوە بۆ دەگەڕێتەوە، هەر ئەمەیشە وایكردووە كە تاران تا ئێستە بەرگەی سزاكانی ئەمەریكا بگرێ و بمێنێتەوە.

ئەو سەرچاوانە بۆ ڕۆیتەرز قسەیان كردووە و نەیانویستووە ناویان ئاشكرا بكرێ، دەڵێن: میكانیزمی بازرگانیی نهێنیی نێوان هەردوولا وڵات، كەمترین كەس ئاگەداریەتی و لە ڕێی ئەو بازرگانییەوە ئێران نەوتی خاو بە نرخێكی كەم بۆ چین ڕەوانە دەكات، لە بەرانبەر ئەوەیشدا چین لەبری ناردنی پارەی نەوتەكە، كاڵا بۆ ئێران رەوانە دەكاتەوە، ئەمەیش بە شادەماری ئابووری ئێران دادەنرێ، لە كاتێكدا ئەمەریكا لە هەموو لایەكەوە سزای سەپاندووەتە سەر ئێران.

بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكان، ئەو میكانیزمی بازرگانی نهێنییە بەهەمانشێوە یارمەتیی چینیشی داوە كە گەورەترین هاوردەكاری نەوتە لە دنیا، لە ڕێی ئەم میكانیزمەوە نەوتی بە نرخێكی كەمتر پێ دەگات و بانك و كۆمپانیاكانیشی دەپارێزێت، لە ڕەوانەكردنی كاڵا بۆ ئێران، تا ڕێگری لە وردبینی نێودەوڵەتی و سزاكانی سەر ئێران بكات.

ئەمەریكا لە دوای 2018 و دەرچوونی لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، سزای قورسی سەپاندووەتە سەر تاران و ئێستەیش سزاكان لەوپەڕی لووتكەدان و بەردەوام زیاتر دەكرێن، بەڵام چەند قەوارە و كۆمپانیایەكی بچووكی چین تا ئێستەیش بەردەوامن لە كڕینی نەوتی ئێران و ئاسانكاری بۆ گواستنەوەی، بەڵام سەپاندنی سزا لەلایەن ئەمەریكاوە بەسەر كۆمپانیا و بانكە گەورەكانی چین لێكەوت و كاریگەری خراپی بەسەر ئابووری دنیا دەبێت، بۆیە ئەمەریكا جارجارە چەند كۆمپانیا و بانكێكی بچووكی چینی دەخاتە ناو لیستی سزاكانەوە.

لە مانگی ئاب/ئۆگەستی ڕابردوو ئەمەریكا هەڵمەتێكی تری سزادانی ئێرانی دەست پێ كرد، سكۆت بێسنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا لە كاتی ڕاگەیاندنی ئەو گورزە سزایە هۆشداری بە وڵاتانی دنیا دا كە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەكەن، هەڕەشەی لێ كردن كە لە سیستمی دارایی دنیا دەهێنرێنە دەرەوە كە لەسەر بنەمای مامەڵەكردن بە دۆلار بنیات نراوە.

ڕۆیتەرز پشتڕاستی كاریگەریی ئەو میكانیزمی بازرگانییە نهێنییەی نێوان ئێران و چینی لەسەر سزاكانی ئەمەریكا كردەوە، بەڵام زانیاری نییە لەسەر كاریگەریی گەمارۆی دەریایی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران لە پەراوێزی بەردەوامی جەنگی شەش مانگەی نێوانیان.

بەگوێرەی زانیارییەكان لە 14ی تەمووز/یۆلیۆی ڕابردووەوە تا ئێستە، هیچ كەشتییەكی نەوتی ئێرانی نەگەیشتووەتە چین كە بە گەرووی هورمز تێپەڕ بووبێت، ئەمەیش وایكردووە كە چین و ئێران هەمیشە سەركۆنەی سزا یەكلایەنەكانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بكەن و بە نایاسایی ناوی ببەن، بەڵێنیان داوە پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانیان بكەن و بەردەوام بن لە هاوبەشی ئابووری و سیاسی و دوورمەودا، بەڵام بێ ئەوەی زانیاریی ورد و زیاتر لەسەر ئەو میكانیزمە نهێنییە بازرگانییەی نێوانیان ئاشكرا بكەن، لە ترسی كۆتوبەندی نێودەوڵەتی و سزاكانی ئەمەریكا و ئەوروپا.

سەرجەم سەرچاوەكان كە قسەیان بۆ ڕۆیتەرز كردووە دەڵێن، ئێران ئەو میكانیزمە نهێنییەی فرۆشتنی نەوت بە چین بەرانبەر بە كاڵای بەكار هێناوە، بۆ كڕینی دەرمان و ئۆتۆمبێل و ئامێری پێوەندیكردن، كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری ئەو كاڵایانە نەیانتوانیوە ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئێران بكەن و هیچ ئاماژەیەكیش نییە كە ئەوان سزاكانی ئەمەریكایان بۆ سەر ئێران پێشێل كردبێت.

سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ساڵی ڕابردوو ئەو میكانیزمە نهێنییە لە نێوان چین و ئێران بەكار هێنرا، بۆ ڕەوانەكردنی كەلوپەلی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە گوژمەی ملیۆنان دۆلار لە چینەوە بۆ ئێران.

سەرچاوەكان وردەكاریی زیاتری ئەو مامەڵانەیان نەخستە ڕوو، هەروەها زانیاریشیان لەسەر ئەوە نەدا كە چۆن كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی چین كاڵا بۆ ئێران ڕەوانە دەكەن، بێ ئەوەی هیچ گومانێكیان لەسەر هەبێ و هیچ بەڵگەیەك لەسەریان بدۆزرێتەوە.

لە ئەیلوول/سێپتێمبەری 2025 نەتەوە یەكگرتووەكان دووبارە قەدەغەی هەناردەكردنی كاڵا كلاسیكی و سەرەكییەكانی بۆ ئێران ڕاگەیاند، لە تەك سزاكانی تر، دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كە لە 2015 و لە سەردەمی حوكمی باراك ئۆباما لەگەڵ ئێران واژوو كرا.

بەگوتەی سەرچاوەكان، ئێران و چین گەیشتنە ئەو باوەڕەی هەنگاوی وڵاتانی ئەوروپا بە دووبارە سەپاندنەوەی سزاكانی پێشوو، كەلێن و كەموكوڕییان لە ڕووی یاسایی و ڕێوشوێنەكانەوە لێ دۆزیبووەوە. لەبارەی پرسیاری ڕۆیتەرز لە وەزارەتی دەرەوەی چین كە ئەو میكانیزمە نهێنییە هاوشێوەی ئاڵوگۆڕكردنی نەوتە بە كاڵایە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی چین دووپاتی كردەوە، ئەوان هیچ ئاگاداری ئەو دۆخ و زانیارییانە نین كە قسەی لەسەر دەكەن.

هێما بۆ ئەوەیش دەكەن، چین بەرهەڵستی سزا یەكلایەنەكان دەكات كە بێ پشتبەستن بە یاسای نێودەوڵەتی سەپێنراون و لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش دژی هەر هەوڵێكی لەمجۆرە دەوەستێتەوە. هەریەك لە نێردەی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك و جنێڤ ئامادە نەبوون قسە لەسەر ئەو پرسە بكەن.

هاوكات بەرپرسێكی ئەمەریكی بۆ ڕۆیتەرز گوتی، حكوومەتی ترەمپ لەگەڵ هاوبەشە ئابوورییەكانی لە نێویاندا یەكێتیی ئەوروپا كار دەكات، بۆ قەدەغەكردنی ئێران لە سەرچاوە داراییە پێویستەكان، بە ئامانجی پەرەپێدانی بەرنامە ناوكییەكەی.

سزاكانی ئەمەریكا زۆرینەی كڕیارانی نەوتی ئێرانی لە تاران دوورخستەوە و چین وەك كڕیاری سەرەكی ماوەتەوە و زیاتر لە 80%ی نەوتی ئێران دەكڕێت، كە ڕۆژانە دەكاتە 1.4 ملیۆن بەرمیل، لە 2021 هەریەك لە پەكین و تاران ڕێككەوتنێكی هاوبەشی و ستراتیجییان لەگەڵ یەكتر بۆ ماوەی 25 ساڵ واژوو كرد، كە بوارەكی وزە و ژێرخان دەگرێتەوە و وردەكارییەكەی ئاشكرا نەكراوە.

سەرچاوەكان دەڵێن، ئەو ڕێككاری و میكانیزمەی كڕینی كاڵا و خزمەتگوزاری چینی لەلایەن ئێرانەوە، بێ ئەوەی پارە بە كۆمپانیاكان بدات، بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لە ڕێی كەناڵە بانكییە نێودەوڵەتییەكانەوە ئەنجام دەدرێت.

بەرپرسێكی ڕۆژئاوایی و دوو سەرچاوەی تری ئاگادار دەڵێن، كڕیارێك وەك نوێنەری كۆمپانیای چوهای چنرۆنگ كە كۆمپانیایەكی چینی بازرگانیكردنە بە نەوت و خاوەنداری لەلایەن حكوومەتەوە دەكرێت. ئەو كڕیارە پارە بۆ ماوەی ساڵێك بەلای كەمەوە دەخەوێنێت و بڕەكەی سەتان ملیۆن دۆلارە، ئەمەیش لە ڕێی كۆمپانیا و بانكی نەناسراو و نافەرمی بێت، تا ئاستی زۆر ئەمەیش بە ناوی چۆچین ناسراوە.

بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەكان، ئەو پارەیەی لە بانكەكان دانراوە و جێگیر كراوە، بەكار دەهێنرێت بۆ كڕینی كاڵاكان لەگەڵ كۆمپانیایەكی تۆماركراو لە هۆنگ كۆنگ، ئەویش پێوەستە بە وەزارەتی نەوتی ئێرانەوە.

زانیارییەكان هێما بۆ ئەوە دەكەن، قەوارەی چۆچین ئەو پارەیە بۆ كۆمپانیاكانی هەناردەكردن و كۆمپانیاكانی جێبەجێكردنی پرۆژەكانی ژێرخان لە ئێران حەواڵە دەكرێت، بە دڵنیاییەوە ئەمەیش لە ڕێی دامەزراوەی چینی دارایی تر دەبێت.

سەرچاوەكان دەڵێن، ڕێژەی 70% داهاتی نەوتی ئێران لەلایەن قەوارەی چۆچینەوە مامەڵەی پێوە دەكرێت، بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان و ژێرخان، ئەمە بەشێوە ڕاستەوخۆكەی، بەشێوە ناڕاستەوخۆكەی قەوارەی چۆچین نوێنەرانی وەزارەتی بازرگانی چین و بانكی ناوەندی ئێران ل یەك كاتدا دەكات و پرۆسەی كڕین و مامەڵەكان بە رەزامەندی ئەوان ئەنجام دەدرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *