ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە لە کوردستاندا حزبەکان نین، بەڵکو “کات”ە!

بینەر: (6.8K)

ڕێباز عوسمان محمد

گەورەترین و بەهێزترین ئۆپۆزسیۆن کە ڕووبەڕووی دەسەڵات دەبێتەوە، نە حزبە ڕکابەرەکانن، نە شەقامە، و نە میدیاکانن؛ بەڵکو خودی “کات”ە کە بە شێوەیەکی بێدەزەییانە خەریکە هەموو شتێک لەناودەبات. لە کاتێکدا نوخبەی سیاسی و بەرپرسانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لەناو ژوورە داخراو و فێنکەکانیاندا بە خوێنساردییەوە کاتژمێرەکان دەکوژن و مانگەها لەسەر دابەشکردنی پۆست و دەسەڵات دانوستان دەکەن، باجی ئەم کات کوشتنە ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر شانی ئەو کۆمەڵگایەی کە لەناو گێژاوی قەیرانەکاندا گیری خواردووە. ئەوان وەها مامەڵە بە کاتەوە دەکەن کە وەک بڵێیت ژیانی خەڵک تێچوویەکی نییە، بەڵام لە واقیعدا هەموو ڕۆژێک کە بەبێ بوونی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزار تێدەپەڕێت، گورزێکی کوشندە لە پاشماوەی متمانەی گشتی دەدات و بڕوا بە دامەزراوەکان لەناودەبات.

ئەمە ئەوپەڕی گاڵتەجاڕییە کە کاتێک سەرکردەکان چاوەڕێی ڕێککەوتنێکی ژێربەژێری دەکەن، ژیانی ڕاستەقینەی وڵات سڕ دەبێت؛ گەنجانی دەرچووی زانکۆ لەناو بێکاریدا تەمەنیان تێدەپەڕێت، بازاڕەکان لەژێر فشاری داڕمانی ئابووریدا ئیفلیج دەبن، و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا و ئاو ڕۆژ بە ڕۆژ وێرانتر دەبن. هەموو مانگێک کە بەبێ پێشکەوتن تێدەپەڕێت، بێهیوایی شەقام قووڵتر دەکاتەوە و ئەو بۆشاییە گەورەیەی نێوان خەڵک و دەسەڵات فراوانتر دەکات. دەسەڵاتداران پێیان وایە دواخستنی بڕیارەکان دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتری حزبی، بێئاگا لەوەی کە “کات” وەکو دادوەرێکی بێبەزەیی خەریکە شەرعیەتی ئەوان و پرۆسەی سیاسی بە تەواوی دەسڕێتەوە. لە کۆتاییدا، تا ئەم دواخستن و چەقبەستووییە زیاتر درێژە بکێشێت، ئەستەمتر و مەحاڵتر دەبێت کە حکومەت بتوانێت هاوڵاتییەکی ماندوو و گیرفان خاڵی قەناعەت پێبکات کە دەنگەکەی لە سندوقی هەڵبژاردندا هیچ بەهایەک و کاریگەرییەکی هەبووە!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *