سەرچاوەكان و زانیارییە هەواڵگرییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، دەستپێكردنەوەی شەڕ و بۆردمانكردنی ئێران لەلایەن ئەمەریكا و ئیسرائیل، لە عێراقەوە دەست پێ دەكاتەوە و هەفتەی ڕابردوویش حاڵەتێكی لەمجۆرە لە بەغدا بوونی هەبووە، بۆردمانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی چین لە بەغدا كراوە كە ئێران بۆ میلیشیاكانی ڕەوانە كردووە.
چین جۆرە سیستمێكی بەرگریی ئاسمانی دروست كردووە كە لەسەر شانەوە مووشەكی بچووكی بەرپەرچدانەوە دەهاوێژێتە ئاسمان، ئێرانیش ژمارەیەك لەو سیستمەی هەیە و بەشێكی ڕەوانەی عێراق كردووە و ڕادەستی میلیشیاكانی ئێران لە عێراق كراون.
ڕۆژی 17ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، ئاگر و تەقینەوە لە بارەگایەكی ڕۆژهەڵاتی بەغدا ڕووی دا و بەوهۆیەوە پێنج كەس بە سووكی بریندار بوون و لێكۆڵینەوەیش لەو ڕووداوە دەستی پێ كرد.
سەرەڕای ئەوەی هەفتەیەك بەسەر ئەو ڕووداوە تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستە دەرئەنجامی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەو ڕووداوە هیچ زانیارییەكی ڕانەگەیاندووە و دوو بەرپرسی عێراقیش دەڵێن، ئەوان ڕێگەیان پێ نەدراوە قسە بۆ میدیاكان بكەن، هەڵمەتی لێكۆڵینەوە و دۆزینەوەی سەرەداوی هۆی تەقینەوەكە تا ئێستە بەردەوامی هەیە.
لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ ڕۆژنامەی “شەرق ئەوسەت” گوتی، ئەو شوێنەی بۆردمان كراوە، بارهەڵگرێكی گەورەی لێ بووە كە سیستمی بەرگریی ئاسمانی چینی لێ هەڵگیراوە، ئەو سیستمە بەرگرییەی چین نوێیە و لە چینەوە گەیەنراوەتە تاران، ئێرانیش بۆ میلیشیاكانی لە عێراق ڕەوانەی كردووە.
سەرچاوەكە دەڵێ، ئەو گرووپە چەكدارەی شوێنی هەڵگرتنی سیستمەكەیان دیاری كردبوو، لەو باوەڕەدا بوون كە دۆزینەوە و ئاشكراكردنی كارێكی یەكجار قورسە، بەڵام هەر لەگەڵ گەیشتنی بارهەڵگرەكان كە هەڵگری سیستمی بەرگریی ئاسمانی چینی بوون، بۆ ناو بارەگاكە بۆردمان كراون و وێران كراون.
سەرچاوەیەكی تر بۆ ڕۆژنامەكە ڕوونی كردووەتەوە، بۆردمان و تەقینەوەی ئەو بارەگایه، دوای زنجیرەیەك بۆردمانی دێت كە لە چەند هەفتەی ڕابردوو كراونەتەوە سەر كۆگەكانی سەر میلیشیاكان لە دەوروبەری بەغدا، لەوانە ئەو كۆگانەی درۆنی لێ هەڵگیراوە و بۆ هێرشی خۆكوژی و چاودێریكردن و كۆكردنەوەی زانیاری بەكار هێنراون.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەكان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، میلیشیاكان بە وردی خەریكی گواستنەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانی چینی و درۆن بوون لە ئێرانەوە بۆ عێراق، هەڵگرتنی ئەو چەكە پێشكەوتووانە لە بارەگا و شوێنەكانی تایبەت بەخۆیان.
پێشتر ڕاپۆرتەكان دووپاتیان لەوە دەكردەوە، چین بە نهێنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی ڕەوانەی ئێران كردووە كە لەسەر شان هەڵدەگیرێت و پێویستی بە بارهەڵگر نییە لە بەرەكانی جەنگ، ئەو سیستمە بەرگرییە ئاسمانییە چینییە لە بەرزییەكی كەم لە ئاسمان دەفڕێت، دەتوانێ هەموو ئامانجێكی ئاست ئاسایی تا بەرزی مامناوەند بكاتە ئامانج و لەناوی ببات.
سەرەڕای دووپاتكردنەوەی چەندان میدیا و سەرچاوە لەوەی چین سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ ئێران ڕەوانە كردووە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی چین بە تەواوی ئەو زانیارییانەی رەت كردەوە و بە درۆی خستنەوە.
دوو كەسی نزیك لە فەرماندەی یەكێك لە گرووپە میلیشیاكانی ئێران لە عێراق لەوبارەیەوە بۆ “شەرق ئەوسەت” دووپاتیان كردەوە، گرووپە چەكدارەكانی سەربە ئێران، لە ماوەی ڕابردوودا سەرقاڵی حكوومەت و ئەمەریكایان بە دەرچوونی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق قۆستووەتەوە، خەریكی گواستنەوەی چەك و كەلوپەلی سەربازیی ستراتیجی بوون لە ئێرانەوە بۆ بارەگای میلیشیاكان لە عێراق.
بۆردمانكردنی ئەو بارەگایەی میلیشیاكان لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا كە تا ئێستە زانیاری لەسەر بڵاو نەكراوەتەوە، لەلایەن كێ بووە و چۆن ئەنجام دراوە، ئەمانە پرسیارگەلێكن كە بێ وەڵام ماونەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەكی باڵای تەناهی بۆ “شەرق ئەوسەت” گوتی، دەسەڵاتدارانی بەغدا گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە ئیسرائیل لە پشت هێرشی سەر كۆگەكانی چەك و كەلوپەلی سەربازی میلیشیاكانەوەیە، بەڵام تا ئێستە بەغدا زانیاریی نییە و چۆن و لە ڕێی درۆن یان فڕۆكەوە بۆردمانەكان ئەنجام دراون.
بەرپرسێكی عێراقی گوتی، حكوومەت سەرقاڵە بە لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەهۆی زیانە مادییە گەورەكەی بەر شوێنەكە و ناوچەكانی دەوروبەری كەوتووە، سەرەڕای ئەوەی تا ئێستە زانیاریی یەكلاكەرەوەی لەبارەی هێرشەكە و ئەو لایەنەی ئەنجامدەری بووە، بەردەست نییە.
عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و فەرماندە سەربازییە باڵاكانی عێراق، سەرجەمیان كار دەكەن بۆ كۆكردنەوەی زانیاریی زیاتر لەسەر هێرشەكە و پێوەستبوونی بە پێشێلكردنی سەروەریی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە، لە دوای 30ی ئەیلوول/سێپتێمبەر و كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، بەڵام تا ئێستە هیچ بەڵگەیەكی یەكلاكەرەوە دەست بەغدا نەكەوتووە.
ڕاوێژكارێكی سیاسیی باڵا لەبارەی هێرشەكەوە گوتی، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی دەزگا هەواڵگرییەكانی عێراق، جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران لەوانەیە بە كردەیی دەستی پێ كرابێتەوه، بەڵام بەشێوەیەكی بێدەنگ و لەسەر گۆڕەپانی عێراق، لە ڕێی بە ئامانجگرتنی گرووپە چەكدارەكان و بڕینی ڕێگەكانی گەیشتنی چەك و مووشەك بە میلیشیاكان.
















Leave a Reply